کوردستان و تولێرانس
عەلی عەونی.
لە وڵاتە دواکەوتووەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین ئەو گەل و نەتەوانەی لە رووی ژمارەوە بچووکترن، هەڵگرانی باوەڕی ئایینی جیاواز لە ئیسلام وەک ئێزیدی و کاکەیی و مەسیحی و سابیئە و…تاد و کۆمەڵگا تایبەتمەندەکان، هەمیشە لە مەترسیدان و بڕوایان بەهێز یا نەتەوە یا ئایینی زۆرینە و باڵا دەست نیە و ناحەقیش نین.
دەسەڵاتەکان لە رووی شەڕعیەتەوە، کەمنین و حوکم لە زۆرینە دەکەن بەڕێگای خۆ سەپاندن و کوشتار و توندوتیژی. ئایینی ئیسلام چونکە ئایینی زۆرینە و باڵا دەستە، بڕوای بە چەسپاندنی یاساکانی خۆی هەیە بەسەر کۆمەڵگادا و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە ناچارن ملکەچ بکەن بۆ یاساکانی دارێژراو بۆ زۆرینە. لە رووی کۆمەڵایەتییەوە هەڵگرانی بیروباوەڕی ئیسلام خۆیان پێ بەرزترە و بەچاوی نزمتر سەیری پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە دەکەن و لەبواری ژن هەڵگرتندا زۆر جار کێشە هاتووەتە پێش و سەری کێشاوە بۆ کێشەی زۆر گەورە.
لە عێراق کەمینەی سوننە حوکمی لە زۆرینە دەکرد بە شێوەیەکی دڕندانە، لە ئێراندا کەمینەی فارس حوکم لە زۆرینە نەتەوە – جیاوازەکان دەکەن، بە ئینکاری و توندوتیژی، لە تورکیا کەمینەی تورک بەشێوەیەکی فاشیستی حوکم لە گەل و نەتەوە جیاوازەکانی وەک (کورد و لاز و چەرکەس و پونتوس و بوشناک…) دەکەن. لە سوریا کەمینەی عەلەوی بەوپەڕی دڕندەییەوە دەسەڵاتیان بەسەر گەلانی ناو چوار دیواری سوریا سەپاندووە.
رۆژهەڵاتی ناوەراست بەم سیستەمە دژوار و نەگونجاوەی بووەتە ناوەندی توندوتیژی و خوێن ڕشتن و فیتنەگێڕان.
بێگومان بۆ نەهێشتنی ئەم هەموو ئاڵۆزیانە و خوێنڕشتنە، پێویستە گۆڕانێکی ریشەیی بەسەر نەخشە و جۆری پەیوەندی ئەم گەل و کۆمەڵگایانە لەیەکتریدا بێت. بەلانی کەم دەبێت ئەو دەسەڵات و رێگایە بدرێت کە یاسای هیچ گروپێک بەسەر گروپێکی دیکەدا نەسەپێندرێت و تایبەتمەندی باوەڕداران و نەتەوە جیاوازەکان رەچاو بکرێت.
لەم ناوەدا بێگومان کۆمەڵگای کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر لە دەورەبەری خۆی جیاوازە. پێکەوە ژیان ئەگەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا واتایەک هەبێت ئەوا لە کوردستاندایە. لە سەرەوەی هێڵی پەیوەندی لەگەڵ جوگرافیای عەرەب، بەرەو کوردستان هەموو نەتەوە و ئایین و ئاینزاکان دەبینرێن و بە ئازادی بەپێی – تایبەتمەندی خۆیان ژیان دەبەنە سەر. کەچی بۆ ئاراستەی باشور و بەرەو قوڵایی عەرەبی نە ئایینێکی جیاواز جگە لە ئیسلام هەیە و نە نەتەوەیەکی جیاواز جگە لە عەرەب بەدی دەکرێت.
بەداخەوە لە کوردستانیش بێ کێشە نین بەڵام بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی داگیرکەری کوردستان باشترین.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە زۆرجار دەبینرێت لە لایەن هەندێ ئازیزی مەسیحی یا ئێزیدی و یا شەبەک و کاکەیی ریکلام بۆ دەسەڵاتدارانی شیعە دەکەن لە بەرامبەر ناشرینکردنی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی کوردستان. هەرکەس دەیەوێت ڕاستی بارودۆخی ژیانی خۆی وەک (کەمینەی دینی و نەتەوەیی) لەژێر دەسەڵاتداری شیعەدا بزانێت، با ئەرک نەبێت سەیرێکی بارودۆخی کاکەییەکانی ئێران و زەردەشتیەکان و سوننەکان بکات لە رووی دینیەوە لەژێر چ بێدادی و گوشارێکدان و سەیری ئازادییەکانی کورد و ئازەری و بەلووچ و تاد بکەن.
ئینجا دەزانن دەسەڵاتی شیعەی عێڕاق لە ئایندەدا چی بەسەر ئەوان دێنێت.