گرنگی سەردانەکەی نێچیروان بارزانی بۆ فەرەنسا
نیاز حاجی
چۆن لەساڵی ۱۹۹۱ هەنگاوی هەڵساوەی کورد لە فەرەنساوە لەسەر دەستی میتەرانەوە دەستی پێکرد ، ئێستاش دوای خیانەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەر ، هەنگاوی دوبارە هەڵسانەوەی کورد هەر لە فەرەنساوە لەلایەن ماکۆرنەوە دەس پێدەکات ، لەمڕۆ بەدواوە مێژویەکی نوێ لە دوای خیانەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەر بۆ کورد دەستپێدەکات.
ماکرۆن دوای دیداری لەگەڵ حەیدەر عەبادی لە مانگی رابردوو ، هەروەها دوای سێ جار پەیوەندیکردنی تەلەفۆنی ماکرۆن لەگەڵ عەبادی ، کە لەهەمویاندا ماکرۆن داوای دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان کوردستان و بەغدا کرد لە چوارچێوەی دەستور و رێزگرتن لە مافەکانی گەلی کوردستان ، لەلایەن عەبادیەوە هیچ هەنگاوێکی کرداری لەم بارەیەوە نەنرا ، ئەمە وای کرد کە ماکرۆن راستەوخۆ بانگهێستنامەی فەڕمی ئاراستەی نێچیروان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوە لە کۆشکی ئالیزێ ، ئەنجامدانی سەردانەکە و هەڵبژاردن و بەکارهێنانی رێگای فیشخابور پاشان تورکیا و رەتکردنەوەی بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن نێچیروان بارزانیەوە ، خۆی لەخۆیدا چەندین پەیام و ئاماژەی گرنگ لەخۆ دەگرێت هەم سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا و هەم فەرەنسا و هەم حکومەتی بەغدا ، ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە هات کە لەهەفتەی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی بەغدای رەتکردەوە بەهۆی ئەوەی بەغدا رازی نەبوو سەردانی کوردستانیش بکات.
فەرەنسا خاوەن پرۆژەی کۆنفیدرالیە بۆ کوردستان ، لەم دیدارەی لەگەڵ نێچیروان بارزانی پێم وایە ئەو بابەتەش دەخرێتەوە بەرباس ، گرنگی ئەنجامدانی ئەو دیدارەی ئەمڕۆش لەوەدایە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا پەیوەندی تەلەفۆنی سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ دۆناڵد تڕەمپ گرێدرا هەروەها سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش پێش چەند رۆژێک سەردانی بەغدای کرد ، لەم جموجۆڵەی فەرەنسا و بەریتانیا بە ئاراستەی بەغدا و هەولێر (هەریەک بە تەنها) جۆرێک لە هەمئاهەنگی پێشوەختە لە نێوان ئەو دوو زلهێزە (بەریتانیا و فەرەنسا)کە خاوەنی (سایکس _ پیکۆ)ن ، بەدی دەکرێت .
دوای ئەم دیدارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا ، گێرانی رۆڵی زیاتری فەرەنسا لە عێراق و کوردستان بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، شکانی ئەو بەستەڵەک و ئابڵوقەیەیە کە لەدوای خیانەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەر کەوتۆتە سەرکوردستان بەرو ئاسۆیەکی رونتر .