ئێران و برسیهتی و كلتوری سیاسی و ئابوری و كۆمهڵایهتی
دانا مەنمی
هۆكاری سیاسی
بێ هیچ گومانێك ئەم سێ دەیە و نیوەی تەمەنی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران بە یەکێك لە ڕەشترین و خوێناوی ترین لاپەرەکانی مێژووی سیاسی و حوکمرانی بووە لە ئێراندا ئەم ڕژێمە هەر لە سەرەتایی هاتنەسەر کاریەوە تا ئەمڕۆ هیچ ڕۆژێکی تەمەنی بە بێ سەرکوت و خوێنڕێژی بەسەر نەبردوە ، وەڵامی ئەو لە بەرامبەر هەر خواستێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی خەلکی وەتەنگهاتوی ئێراندا ، زیندان و کوشتار بووە. ژمارەی ئەو تێکۆشەرانەی بە درێژایی دەسەڵاتی ئەم ڕژێمە لە سیاچاڵەکانیدا لە سێدارە دراون لە دوو سەد هەزار تێکۆشەری سیاسی تێپەڕیوە ، بەجۆرێك لە دنیایی ئەمڕۆدا دوایی وڵاتی چین کە ژمارەی دانیشتوانی لە ملیار و نیوێك تێپەڕیوە ، کۆماری ئیسلامی لە پلەی دووەمدا دێت،لە ئێرانی ئەمڕۆدا سەرکوتی سیاسی و پێشێلکردنی مافە بنەرەتیەکانی مرۆڤ بە یاسا ڕێکخراوە! خودی یاسایی بنەرەتی وڵات ، مانیفێستی خنکاندنی هەر جۆرە دەنگێکی ئازادیخوازانە و مرۆڤدۆستانەیە.
ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە ، خاوەن گەلێك سەرچاوەی کانزایی و زەوی بە پیت و بەرەکەتی کشتوکاڵیە ، لە بواری بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتیەوە لە دوای سعودیە لە پلەی دووەمدا دێت لە ئاستی جیهاندا ، بەم حاڵەشەوە بەپێی ڕاگەیاندنی پەروێز فەتاحی سەرۆکی ( بنیادی امام خومەینی) ژمارەی ئەو ئێرانیانەی لە ژێر هێڵی هەژاریەوە دەژین لە ٤٠ ملیۆن کەس واتە نیوەی دانیشتوانی ئێران ، تێپەڕیوە!
هۆكاری ئابوری
بە پێی ئامارەکانی خودی دەزگاکانی ڕژێم زیاد لە ١٢% هێزی کاری وڵات بێکارن ، زۆر لەو ڕێژەیەش زیاتر بێکاری ڕازین ( بگالە مقنع) . لە ٢٥% دەرچوانی زانکۆ و ئامادەیەکان دوای تێپەڕبوونی چوارساڵ بەسەر تەواوکردنی خوێندندا هێشتا بێکارن. لە ئێرانی ئەمڕۆدا زیاد لە ١٠ ملیۆن هاوڵاتی لە حەلەبیادەکان ، لە گۆڕستان و لە نزیك شارە گەورە پیشەسازیەکان بە قوڕو تەنەکە سەرپەنایەکیان پێکەوە ناوە تا برسیەتی خۆیان و منداڵەکانیان تێدا بشارنەوە و لەوێدا دەژین!
بەڕیوەبردنی کەرتە گرنگەکانی ئابوری وڵات لەلایەن سوپای پاسدارن ، گەمارۆیی ئابوری و هەڵاوسانی نرخی دراو ، کە ساڵی ڕابردوو ڕادەی هەڵاوسان گەشتوەتە ١٣% ، گرانی و چونەسەری نرخی کاڵاکان ، تایبەتکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان و …..هتد هەموو ئەمانە هەلومەرجێکیان خوڵقاندووە کە هەژاری و بیدەرەتایی و کوێرەوەری ، بەربینی بە زۆربەی دانیشتوانی ولات گرتووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەلێشاو چینی ناوەندی کۆمەڵگە بە ڕیزی هەژارانی وڵاتەوە پەیوەست دەکات. تەنیا لە ساڵی ڕابردودا پێنج بانك و ناوەندی گەورەی وەبەرهێنان مایەپوچی خۆیان ڕاگەیاندوو ٢،٥ ملیۆن خێزانی لە چینی ناوەنجی کۆمەڵگە بە هەژارەکانەوە پەیوەست کرد.
ڕژێم نەك هەر هیچ بەرنامەیەکی بۆ بەرگرتن بەم داڕوخانە گشتیەی ئابوری ولات و هەلومەرجی سەختی ژیانی خەڵکی نیە، بەڵکە بڕیارە لە ساڵی داهاتودا نرخی سوتەمەنیەکان ٥٠% بچێتە سەر و ئەو کۆمەکە دەوڵەتیەش ببڕی کە زیاد لە ٣٥ ملیۆن خەڵکی بێدەرەتانی ئێران لێی سودمەند بوون.
هۆكاری كۆمهڵایهتی
ڕژێمی حاکم لە ئێراندا ڕژێمێکی مەزهەبیە ، تەواوی یاساکانی ڕێکخستنی خێزان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤ لە یاسا مەزهەبی و بەدیاری کراوی لە شەریعەتی شیعهگهری وەردەگرێت، یەکەمین قوربانی ئەو دەسەڵاتە ژن و مافەکانی دەبن. لە ئێرانی دوای دەسەڵاتی شاهنشایی ، ژنان قوربانی سەرەکی ئەو وڵاتە بوون. شیعەکان هەر لە یەکەمین ڕۆژەکانی هاتنە سەرکاریان بە کردەوە یاسایی باری کەسیەتییان وەلانا و پەیرەویان لە ( یاسایی جعفری) شەرعی کرد.
كرۆکی ئەو یاسایە لێسەندنەوەی کەرامەت و شكاندنی شكۆو کەسایەتی ئافرهته له ناو كۆمهڵگای ئێرانیدا ،
ومەینی دامەزرێنەری ولایەتی فەقی و باوکی ڕۆحی شیعەکانی جیهان لە کتێبی دووەمی ( تحریر الوسیلە) لە لاپەڕە ٢٤١ دا دەبێژێت:
” هاوسەرگیری لەگەڵ کچی خوار تەمەنی ٩ ساڵیدا جائیز نیە ، بەلام دەتوانی لێی بسویت ، پیابێنیت ، ئارەزوە سێکسیەکانی خۆتی پێ دامرکێنیتەوە ، تەنانەت گەر منداڵی نێو بێشکەش بوو! ”
ئەمە کرۆکی ڕوانین و جێگە و ڕێگەی ژنە لە شەرع و بیرکردنەوەی ئەمانەدا.
لهئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکاندا ، هەڵاوادنی ڕەگەزی ، حجابی ئیجباری ، بازرگانی کردن بە هەست و جەستەی ژنان بووە بە یاسا لە کۆمەڵگەدا! ئەمە هۆکاری سەرەکی بڵاوبونەوەی بێ ڕەوشتی یاساییە کە خۆی لە زواجی شەرعی ، متعە و سیغەدا دەبینێتەوە کە ڕاستەو خۆ مەلا و ئاخوندەکان ڕۆڵی دەڵاڵی تێدا دەگێڕن!
یەکێك لە کێشە گەورەکانی کۆمەڵگەی ئێران گیرۆدەبونە بە مادەهۆشبەرەکان . بەپێی ئامارەکان نزیکەی ٢ ملیۆن مرۆڤ لە ئێرانی ئەمڕۆدا بەدەست ئەم بەڵا کۆمەڵایەتیەوە دەنالێنن و خۆیان خێزانەکانیان لەگەڵ چارەنوسێکی نادیار بەرەو روون . ئەوەی لە خەڵکی ئێران شاراوە نیە ، سەرکردەکانی سوپا و باقی دامەزراوەکانی دەوڵەت خۆیان بازرگانی سەرەکی ئەو مادە هۆشبەرانەن.
ههناردهكردنی شۆرش
کۆماری ئیسلامی هەر لەگەڵ هاتنەسەر کاریەوە وەك ڕژێمێکی مەزهەبی دەمارگیر و دواکەوتوو ، یەکێك لە دروشمەکانی هەناردە دەرەوەی ئەو بەڵایەبوو کە خۆیی ناونابوو شۆڕشی ئیسلامی! ئەم ڕژێمە نە تەنیا بۆ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەلگای ئێران ، نەتەنیا بۆ میللەت و مەزهەبە جیاوازەکانی دانیشتوی نێو ئێران ، ڕژێمی سەرکوت و قەنارە و خوێنڕێژی بووە ، بەلکە یەکێکە لەو دەوڵەتانەی خۆرهەلاتی ناوەڕاست کە دەستێکی بالای هەبوە لە تڕۆرو داسەپانی کۆنەپەرستی سیاسی لە ناوچەکەدا . ئەم ڕژێمە دەستێکی بالای هەیە لە نانەوەی شەر و ئاشوبی مەزهەبی و تائفی لە خۆرهەلاتی ناوەڕاستدا ، ئەو ڕاستەوخۆ لێپرسراوی ئەو خوێن و ماڵوێرانیە کە لە عێراق، سوریا ، یەمەن ، لوبنان و… زۆر شوێنی تریش ڕودەدات. ڕژێم بۆ بەرپاکردنی ئەم ئاشوبە ساڵانە بە ملیار دۆلار سەروەت و سامانی ئەو کۆمەڵگایە دەکات بە قورگی حیزبوڵایەکانی ناوچەکەدا . بەپێی هەندێك ئاماری نافەرمی دەسەڵاتدارانی ئێران ١،٨% لە بوجەی وڵات بۆ کەرتی تەندروستی خەرج دەکەن ، لەکاتێدا زیاتر ٢% بوجەی وڵات لە دەستێوەردانی دەرەوەدا خەرج دەکەن!
دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و نانەوەی پشێوی و شەڕی مەزهەبی ، مەترسیەکی گەورەی لەسەر ئاشتی ناوچەکە و جیهان پێكهێناوە،سیاسەتی مەزهەبی و سەرە ڕۆیانەی ڕژێم چ لە ناوخۆیی ئێران و چ لە ناوچەکەدا پشێوی و ئاڵۆزیەکی زۆری ناوەتەوە کە بە کردەوە هاوسەنگی هێز و ئارامی ناوچەکەی خستوەتە مەترسی گەورەوە.
خەڵکی ئێران شایستەی ژیانێکی ئارام و پڕ لە نان و ئازادین کە ئەم ئومێدە بە ڕوخانی یەکجاری ئەم ڕژێمە نەبێت مەیسەر نابێت ، ئەمە پێش ئەوەی لێکدانەوەیەکی دڵخوازانەی منبێت ، ئەزموونی چواردەیە خەباتی خەڵکی ئێرانە.