چۆن لە ماڵەوە ئازاری ددان ئێشان سووك بكه‌ین.؟

كلۆربوونی ددان هۆكاری سەرەكییە بۆ ئازاری ددان Toothache. بەكتریا لەسەر شەكر و نیشاستەی ناو دەم دەژێت و بە چینێكی تەنك بە رووی ددانەوە دەنووسێت، پاشان كە بەكتریا ماددەی ترش بەرهەمدێنێت و چینی مینای ددان دادەڕوشێنێت و تووشی كلۆربوونی دەكات كە لەگەڵ خواردنی شیرینی یان خواردنی سارد یان گەرمدا ئازار پەیدادەكات.

ئازاری ددان بە هەموو شێوەیەك پێویستی بە سەردانی دكتۆر دەكات، تا ئەو كاتە دەتوانیت هەر لە ماڵەوە چەند هەنگاوێك بگریتە بەر بۆ سووككردنی ئازاری ددان، لەمانە:

غەرغەرە بە ئاوێكی گەرم بۆ دەم ئەنجام بدە، بە بەكارهێنانی داوی ددان Floss نێوان ددانەكان لە پاشماوەكانی خۆراك پاككەرەوە، دەرمانێكی وەكو پاراسیتۆل یان دەرمانێكی دیكەی دژە ئازار وەربگرە، دەرمانێك كە سڕكەرێكی خۆجێیی وەكو بێنزۆكائین Benzocaine لەخۆبگرێت راستەوخۆ بخەرە سەر ددان و پووك بۆ لابردنی ئازار بە شێوەیەكی كاتی، بەڵام نابێ ئەم ماددەیە بۆ منداڵانی ژێر تەمەنی 2 ساڵی بەكاربهێنرێت، هەرگیز دەرمانی وەكو ئەسپرین یان دژەئازار راستەوخۆ مەخەرە سەر ددان و پووك.

زوو سەردانی دكتۆر بكە بەتایبەتی ئەگەر نیشانەی وەكو ئاوسان و دەردراوی زەرد بەدی بكەیت یان ئەگەر ئازارەكە بۆ پتر لە 1-2 رۆژ بەردەوام بێت یان لەكاتی هەستكردن بە ناڕەحەتی لەكاتی هەناسەوەرگرتن و قووتدانی خۆراكدا.

Back to top button