ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتیمانی: له‌هێرشه‌كه‌ی ئێراندا یه‌كێتی وه‌كو لایه‌نێكی سیاسی كه‌مته‌رخه‌م بووه‌

ڕه‌خنه‌ له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌باره‌ی هێرشه‌كانی ئێران بۆسه‌ر بارەگاکانی ھەردوو حزبی (حدک و حدکا)ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان له‌ ڕۆژئاوای كۆیه‌ ده‌گیرێت ،هه‌ندێك ره‌خنه‌ی كه‌مته‌رخه‌می له‌ یه‌كیتی و ده‌گرن و هه‌ندێكی تریش به‌ پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان یه‌كیتی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌ پێدانی زانیاری هه‌واڵگری و هاوكاریكردنی سه‌كۆی موشه‌كی ئێران له‌ ئه‌نجامدانی تۆپبارانكردنه‌كه‌دا .

نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: “ھێرشەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی ھەردوو دیموکرات (حدک و حدکا) لە شاری کۆیە، کارێکی نامرۆڤانە بووە و دوور بووە لە ھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی، چونکە قەتڵ و عامکردنی خەڵکی بەو شێوەیە دژی بنەماکانی مافی مرۆڤە و پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سنورێك بۆ ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران دابنێت“.

له‌باره‌ی ڕۆڵی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه‌ ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان گووتی: ”یەکێتی وەک لایەنێکی سیاسی لە زۆر ڕووەوە کەمتەرخەم بووە، چونکە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێراندا ھەیە و دەبووایە یەکێتی لەڕێگەی نوێنەرەکانی خۆیەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ئاگادار بکردایەتەوە، تاوەکوو کارێکی لەو شێوەیە ڕوونەدات“.

نەسرەدین مەحموود گوتیشی :” ھەر جۆرە مەترسییەک بۆ ھەر لایەنێکی کوردی لە کوردستانی گەورە، ”ھەقە ھەموومان ڕێگری لێ بکەین و ئیدانەی بکەین“، بەڵام ئەگەر یەکێتی و ھەر لایەنێکی دیکە ئاگاداری ئەوە بووبێ کە ئەو ھێرشە دەکرێتە سەر لایەنێکی کوردی و لایەنەکەی ئاگادار نەکردبێتەوە، ئەوا ”بەشێکن لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە“.

لای خۆیه‌وه‌ ڕەسوڵ سوڵتانی، نووسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ده‌ڵێت: ”ئاخۆ یەکێتی جوامێرێکی دیکەی وەک شەوکەتی حاجی موشیری تێدا نەبوو، بە دیموکراتەکان بڵێ شوێنەکانتان چۆڵ بکەن، هێرشتان دەکرێتە سەر“. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە یەکێتی ئاگاداری پیلانەکە بووە.

پاش هێرشی مووشەکەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر قه‌ڵای دیموكرات لە کۆیە، سوپای پاسداران بە فەرمی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ و هەڕەشەی هێرشی زیاتر لە پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەکات.

Back to top button