تەرمی نووسەری کورد جەمال نەبەز گەیشتەوە هەرێمی کوردستان
تەرمی پڕۆفیسۆر جەمال نەبەز گەیشتەوە هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بەخاك دەسپێردرێت.
لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی جەمال نەبەزدا سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و زیرەک کەمال ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت و چەند بەرپرسێکی دیکە و نووسەر و ڕۆشنبیرانی کوردستان ئامادە بوون.
پرۆفیسیۆر دکتۆر جەمال نەبەز نووسەر و زمانەوانی ناسراوی کورد ڕێکەوتی 2018.12.8 لە تەمەنی 85 ساڵیدا لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.
دوای نزیكەی دوو هەفتە لە کۆچی دوایی، ئەمڕۆ شەممە 2018.12.22 تەرمەکەی لەڕێگەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە لە وڵاتی ئەڵمانیاوە گەڕێندرایەوە هەرێمی كوردستان و لە هەولێرەوە بە كەژاوەی ئۆتۆمبێل دەگەڕێنرێتەوە شاری سلێمانی و لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بە خاك دەسپێردرێت.
پڕۆفیسۆر د. جەمال نەبەز كەسایەتییەكی دیاری نیشتمانی، نەتەوەیی و ئەكادیمی كوردستان بوو، لە چەندان بوار و رشتەی جیاوازدا خزمەتی بە گەل و نیشتمانەكەی كردووە، درەختێكی باڵابەرزی بەردار بووە و شوێنپەنجەی خزمەت و بەخششەكانی هەمیشە دیار و درەوشاوەن.