گواردیۆلا دانی پێدانا: لێڤەرپوول و تۆتنهام لە مانچستەر سیتی باشترن

پێپ گواردیۆلای راهێنەر یانەی مانچستەر سیتی دانی بەوەدانا كە ئێستا ئاستی هەردوو یانەی لێڤەرپوول و تۆتنهام لە خولی نایابی ئینگلیزیدا لە ئاستی یانەكەی باشترن.

دوێنێ چوارشەم یانەی مانچستەر سیتی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی ئینگلیزی دووەم یاریی لەسەریەكی دۆڕاند، لە گەڕی 19ی خولی نایابی ئینگلیزی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بەرامبەر یانەی لیستەر سیتی دۆڕا، شەمووی رابردووش بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی كریستال پاڵاس دۆڕا بوو.

بەهۆی ئەم دوو شكستەوە یانەی مانچستەر سیتی ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی بەردا و بەكۆكردنەوەی 44 خاڵ هاتە ریزبەندی سێیەمی یانەكان دوای یانەی لێڤەرپوول كە 51 خاڵی هەیە و یانەی تۆتنهامیش 45 خاڵ.

گواردیۆلا بە تۆڕی هەواڵی (بی بی سی)ی راگەیاند: لێڤەرپوول و تۆتنهام شایستەی ریزبەندی ئێستای یانەكانی خولی ئینگلیزین بەهۆی سەركەوتنەكانیان لە یارییەكانی ئەم دواییەدا و ئێمەش لەبەرمبەردا شكستمان خوارد، ئەمە بووە هۆی ئەوەی جیاوازی خاڵەكانمان زیاتر بێت.

زیاتر گوتی: وەرزی رابردوو لەسەرجەم یانەكانی خولی ئینگلیزی باشتر بووین، بەڵام ئەمساڵ لێڤەرپوول و تۆتنهام ئاستیان زۆر باشە.

گواردیۆلا راشیگەیاند: نیوەی وەرزمان بەڕێ كرد و ئەوەندی خاڵمان كۆ كردەوە كە پێشەنگی یانەكان بین، بەڵام یانەكانی تر سەركەوتنی زیاتریان بەدەستهێنا و ئێستاش ئەوان ئاست و ئەنجامیان لە ئێمە باشترە.

لە كۆتاییدا راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی جەختی كردەوە كە زۆرێك لە خەڵك پێیانوابوو ئەوەی وەرزی رابردوو پێشكەشمان كرد ئاسان بوو، یارییەكانی ئەم وەرزە ئەوە دەسەلمێنێ كە نەخێر ئاسان نەبووە و هەر ئەمەشە یاریی تۆپی پێی خۆش كردووە و پێشبینیكردن تێیدا زەحمەتە.

Back to top button