کەلوپەلی هۆڵی لەشجوانی دەیان جار لە تەوالێت پیسترە

لە توێژینەوەکەیدا دەرکەوتووە، کەلوپەل و ئامێرەکانی هۆڵی لەشجوانی چەندین بەکتریا و ڤایرۆسیان هەڵگرتووە و دەتوانن مەترسیی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ دروست بکەن.

گروپی هەڵسەنگاندنی پێداوسیتیەکانی لەشجوانی، بۆ دەرخستنی رێژەی پیسیی ئامێرە جیاوازەکانی هۆڵی لەشجوانی لە توێژینەوەیەکیاندا، ٢٧ ئامێری جیاوازیان لە ٣ هۆڵی لەشجوانی پشکنی، لە پشکنینەکانیاندا دەرکەوتووە، ئامێری پایسکیل، ٣٩ جار لە سینی کافتریاکان پیسترە، ئامێری راکردنیش ٧٤ جار لە تەوالێتی گشتی پیسترە، هەروەها دومبڵسیش، ٣٦٢ جار لە کورسیی تەوالێت بەکتریا و پیسیی زیاتر پێوەیە.

دکتۆر جەیمس کۆلییەر، لەوبارەیەوە رایگەیاند: پێوسیتە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت، ٥٠ بۆ ١٠٠ کەس پەنجە دەنێن بە دوگمەی ئامێرەکان و دەست دەدەن لە کەلوپەلەکان بەبێ ئەوەی خاوێنبکرێنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی، چەندین بەکتریا و ڤایرۆس و کەڕووەکان بەو ئامێرانەوە بن.

پزیشکان و رێکخراوە تەندروستیەکان هۆشداری دەدەن لە پیسیی پێداویستیەکانی هۆڵی لەشجوانی و ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو ئامێرانە دەتوانن مرۆڤ تووشی چەند ئەنفلۆنزا و پەتا و هەوکردنی پێست و نەخۆشیی ڤایرۆسی جگەر بکەنەوە، بە گوێرەی رێکخراوی CDC، ڤایرۆسی جۆری Norovirus، مەترسیدارترین جۆرە، دەبنە هۆی هەوکردنی گەدە و ریخۆڵە.

بۆ خۆپاراستن لەو ڤایرۆس و بەکتریایانەش، پێویستە خاوەن هۆڵەکان پێداویستیەکانیان خاوێن رابگرن و وەرزشکارانیش دوای کۆتایی هاتنی مەشقەکانیان، خاولی و جلەکانیان بشۆن و هەتا دەستیان نەشۆن دەست نەبەن بۆ دەم و چاو و لووتیان.

Back to top button