“ئەمساڵ زیاتر لە 107 تاوانباری هەڵاتوو لە یاسا دەستگیر كراون”

د.تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر، لە گفتوگۆیەكی رووژنامەوانیدا چەندین بایەتی گرنگی پەیوەست بە ئاسایش ئاشكرا دەكات. رای دەگەیەنێت، لە سنووری هەولێر هەموو ئەو داواكراوانەیان دەەستگیر كردووە كە ئامادە نەبوون خۆیان رادەستی یاسا بكەن. ئەوەش دەخاتە ڕوو، هەرچی قومارخانە هەبووە لە هەولێر داخراون.

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر سەرەتا ئاماژەی دا، لە ماوەی رابردوودا هەموو ئەو داواكراوانەیان دەستگیر كردووە، كە لە سنووری هەولێر بوون و خۆیان رادەستی یاسا نەدەكرد، گوتی: “لە 20ی1 بۆ 3ی 2ی ئەمساڵ، زیاتر لە 107 تاوانباری هەڵاتوو لە یاسامان دەستگیر كرد و رادەستی لایەنی پێوەندیدارمان كردنەوە، بەڵام بەگشتی لە سنووری هەولێر ئێستا هیچ كەسێك نەماوە فەرمانی گرتنی هەبێت و نەگیرابێت”.

گوتیشی: “ئەوەی فەرمانی گرتنی هەبێت گیراوە، لەمەودوا پۆلیس ئیشی خۆیان دەكەن، هەركات پێویست بێت ئێمە هاوكارییان دەكەین و داواكراوان دەستگیر دەكەین، بەڵام دڵنیایی دەدەین، هیچ تاوانبارێك ناتوانێت خۆی لە دەست یاسا رزگار بكات”.

ئاشكراشی كرد: “بە گشتی تاوەكوو ئێستا زیاتر لە 516 بەكارهێنەر و ئاڵوودەبوو، لەگەڵ بازرگانی ماددەی هۆشبەر، دەستگیر كراون، رۆژانە 4 بۆ 5 كەس دەستگیر دەكرێن، بەڵام دەبێ سنوورەكان لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێراق كۆنترۆڵ بكرێن، هەروەها ئەوانەی ئاڵوودە بوونە، چارەسەری پزیشكییان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی بەر بەو دیاردە ترسناكە بگیرێت”.

لە سەرێكی ترەوە، تاریق نووری رای گەیاند، لە سنووری هەولێر هەزاران شوێن بە كامێرای چاودێری بەستراونەتەوە، بۆ ئەوەی تاوان كەم بكرێتەوە، دەشڵێت: “لە 3 هەزار شوێنی هەولێر كامێرای چاودێریمان داناوە، كامێراكانیش ژمارەیان زۆر زیاترە لە ژمارەی شوێنەكان، لە سەنتەرێكی كۆنتڕۆڵدا 24 سەعات چاودێریی تەواوی ئەو كامێرایانە دەكرێت، پڕۆژەكەش بەردەوامە و ژمارەی شوێنەكان زیاتر دەكرێن، دانانی ئەو كامێرانەش رۆڵی زۆری هەبوو لە كەمكردنەوەی تاوان، ئەوەی تاوانی كردبێت، ئەوە بەهۆی ئەو كامێرانەوە ئاشكرا بووە”.

روونیشی كردەوە، لە دانانی ئەو كامێرایانە سوودیان لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو وەرگرتووە، كە بۆ كەمكردنەوەی تاوان ئەو رێگەیەیان بەكارهێناوە، گوتیشی: “تەواوی شوێنە گرنگەكانی هەولێر كامێرایان لێ دادەندرێ و پڕۆژەكەش لە قۆناخەكانی كۆتاییدایە و زۆری نەماوە تەواو بێت”.

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر راشی گەیاند، لە سنوری هەولێر قومارخانەكان داخراون، گوتیشی: “هەڵمەتێكمان بۆ داخستنی قومارخانەكان دەست پێكرد، ئەمساڵ 118 قومارخانە و شوێنی ئەلیكترۆنیی قومار داخراون و 40 ئامێری قوماریش لەنێو براون، خاوەنی ئەو شوێنانەش دەستگیر كراون و دراونەتە دادگا”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە هەولێر هیچ جێگایەك نەماوە قوماری تێدا بكرێت: “لە هەولێر لە رووی قانوونییەوە قەدەخەیە و نابێت كاری قومار هەبێت، بۆیە ئێستا شوێنی قومارخانەكان بەتەواوی بنبڕ كراوە، چونكە ئەو شوێنانە هۆكاری زیادبوونی تاوان و و دزی بوون”.

د.تاریق نووری، جەختی كردەوە، ئەوان لەگەڵ پۆلیس و دامودەزگا ئەمنییەكانی تر هەماهەنگیی باشیان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانباران: “هەر تاوانێك وا بكات خەڵك دووچاری شڵەژان و ترس و تۆقین بكات، ئەوە ئێمە تەدەخول و ئیجرائات دەكەین، هەر تاوانبارێكیش بگرین رادەستی پۆلیسی دەكەین”.

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر دڵنیایی دایە هاووڵاتییانی شاری هەولێر، كە ماڵ و سامان و گیانیان پارێزراو دەبێت، چونكە شێوازی كاركردنی هێزەكانی ئاسایشی بە شێوەیەك پێشكەوتووە، كە لە ماوەیەکی كورتدا دەتوانن زانیاریی زۆر ورد بەدەست بێنن و تاوانباران دەستگیر بكەن.

سەبارەت بە مامەڵەی دەزگاكانی ئاسایش لەگەڵ ئەو گەشتیارانەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دێنە هەرێمی كوردستان، تاریق گەردی گوتی: “هەرچی بكرێت بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ گەشتیاران دەكرێت و ئاسانكارییان بۆ دەكرێت، بەڵام هەموو ئاسانكارییەك دوای پشكنین و رێكارە ئەمنییەكان دەبێت”.

ئاشكراشی كرد، هێزەكانی ئاسایشی هەولێر توانیویانە سێ كەسی خاوەنی ئەو شوێنە گەشتیارییەی مووسڵ دەستگیر بكەن، كە بەهۆی بەلەمێكەوە زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەست دا، گوتیشی: “سێ كەسمان دەستگیر كردووە، كە بریتین لە خاوەنی سەرەكیی پڕۆژە گەشتیارییەكە و دوو لە كوڕەكانی، ئەوان لە هەولێر گیراون”.

Back to top button