دوای 30 ساڵ جارێکی دیکە بەنداوی دووکان سەرڕێژی کرد

بۆ دووەمجار لە مێژووی دروستکردنی بەنداوی دووکاندا، ئەمڕۆ (2-4-2019) جارێکی دیکە بەنداوەکە سەرڕێژی کرد.

رێڤان بورهان، ئەندازیار لە بەنداوی دووكان رایگەیاند، لە کاژێر 1:00ی دوای نیوەڕۆوە ئاستی ئاو لە بەنداوی دووکان 510.88 مەتر بوو لە ئاستی رووی دەریا، بەوەش 12 سانتیمەتری مابوو بۆ پڕبوون و سەرڕێژکردن لەڕێگەی بێڵ ماوس، نزیک کاژێر 6:00ـی ئێوارەش سەرڕێژی کرد.

رێڤان بورهان دەڵێت، چوار یەکەی بەنداوەکە خراوەتەکار و لە چرکەیەکدا 350 مەتر سێجا ئاو بەردراوەتەوە. ئەوەش مایەی ئەوە نییە مەترسیەکی زۆر دروست ببێت.

رێڤان بورهان گوتیشی “ئەو دەرچەیە یارمەتی گەیتەکانی بەنداوی دووکان دەدات بۆ ئەوەی گوشارەکە لەسەر بەنداوەکە کەمبکاتەوە، ئەگەر ئاوەکە نیو مەتر سەرڕێژ ببێت گەیتەکانی بەنداوەکە 70 مەتر سێجا لە چرکەیەک ئاوی لێدەردەچێت. ئەگەر ئاستی سەرڕێژبوونەکە مەتر و نیوێک بێت، ئەوکاتە گەیتەکانی بەنداوەکە 400 مەتر سێجا ئاوی لێدەردەچێت. ئەوەش بڕێکی ئاساییە و زۆر مەترسی نییە”.

بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959ـەوە وەك یەكەم بەنداو لەسەر ئاستی عێراق دروستكراوە. تەواوی بەنداوەكە حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، لەكاتی دروستكردنی بەنداوەكەوەشدا تاوەكو ئێستا یەكجار لە ساڵی 1988 سەرڕێژبێت.

بەهۆی سەرڕێژبوونی، ئاوی بەنداوەکە بەردراوەتەوە. قایمقامی کەلاریش دەڵێت، لە حاڵەتی بەرزبوونەوەی ئاوەکە مەترسی لەسەر چەند ماڵێكی کەناراوەکانی رووباری سیروان دروست دەبێت.

شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار لە ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند “رووباری سیروان ئاوی بەنداوی دووکانی تێدەڕژێت، لە حاڵەتی بەرزبوونەوەی ئاوی سیروان کاریگەری لەسەر گەڕەکانی گازینۆ و حمەی کەریم و شارەوانی لە رۆژهەڵاتی قەزای کەلار دروستدەکات. چاوەڕواندەکرێت لە 10 کاژێری داهاتوو بەرزبوونەوەی ئاوەکە بگاتە کەلار”.

Back to top button