لەمڕۆ بەدواوە دەتوانن لە رێگای ئینتەرنێتەوە ڤیزای ئێران وەربگریت

 

دوای ئەوەی وڵاتی ئێران رایگەیاند كە لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتوون بۆ هەڵگرتنی ڤیزای نێوان هەردوو وڵات كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر چۆنیەتی پێدانی ڤیزای بێ بەرامبەری بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی عێراق خستەڕوو.

ئەمڕۆ سێشەممە 2/4/2019، كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، مورتەزا عەبادی كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند: “پەیوەندی بەهێز و برادەرانەی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و كۆماری عێراق بووە هۆی ئەوەی كە حەسەن ڕۆحانی لە سەردانەكەیان بۆ بەغدا بە فەرمی پێشنیاری نەمانی ڤیزا یان تێچووەكەی بخەنەڕوو و بەرپرسانی عێراقیش لە وەڵامدا ڕایانگەیاند، كە ژێرخانی پێویست بۆ هەڵگرتنی ڤیزا بوونی نییە و تەنیا ڕەزامەندییان لە سەر نەمانی تێچووی پێدانی ڤیزا دەربڕی، هەر بۆیە وەرگرتنی ڤیزا بۆ هاووڵاتیانی هەر دوولا وەك ڕابردوو بە پێویست دادەنرێت، بەڵام هیچ تێچوویەكی نابێت”.

مورتەزا عەبادی، ڕاشیگەیاندووە، “كۆنسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران وەك نوێنەرایەتییەكانی دیكەی ئێران لە عێراق لە ڕۆژی دووشەممە 1ی نیسانەوە هاوكات لەگەڵ ڕۆژی نیشتمانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەم ڕێكەوتنەی جێبەجێ كردووە و چاوەڕوان دەكرێت لایەنی عێراقیش هیچ كێشەیەكی لە سەر ئەم ڕێكەوتنە نەبێت.

لەبارەی ئەو ڤیزانەی كە ڕێكەوتنەكەی نێوان تاران و بەغدا دەیانگرێتەوە، گوتی: “ڤیزای هاتن، گەشتیاری، زیارەتی، خوێندن، كار، تەندرووستی و بنەماڵە بە ڕەچاوكردنی یاسا هیچ تێچووەیەكیان نابێت”.

سەبارەت بە وەرگرتنی ڤێزاش ڕوونیكردەوە، ئەوانەی دەیانەوێت سەردانی وڵاتی ئێران بكەن، دەتوانن ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگای كۆمپانیاكانی گەشتیاری و نووسینگەكانی پۆستەی هەولێر لە پارێزگاكانی كەركوك، هەولێر، نەینەوا یان لە ڕێگای ماڵپەڕی e_visa.mfa.ir داوای ڤیزا بكەن و پاشان كۆدی تایبەتی خۆیان وەربگرن و بە ناونیشانی visaerbil@gmail.com بۆ كۆنسوڵخانەی ئێرانی لە هەولێر بنێرن تا كۆنسوڵخانە بە پێی یاسا ڤیزاكانی ئەوان دەربكات، بەم شێوازەش چیدی پێویست بە هاتنی خەڵك بۆ كۆنسوڵخانە ناكات و ڕەزامەندی بۆ پێدانی ڤێزا یان بە پێچەوانەوە لە ڕێگای ئەو ناونیشانەوە كە داواكارییەكەی بۆ كۆنسوڵخانە نێردراوە، پێ ڕادەگەێندرێت.

ئاماژەشی بەوەكردوو، كە ڤیزا بە شێوازی ئەلكترۆنی دەردەكەن و وەك ڕابردوو پێویست بە لكاندنی بە پاسپۆرتی خەڵكەوە ناكات بەڵكوو لە ڕێگای سیستەمی یەكگرتووەوە لە ناوەندەكانی پاسپۆرتی ئێران دەبینرێت و ڕۆیشتن و گەڕانەوەی خەڵك بۆ ئێران لە ڕێگای ئەو سیستەمەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێت و هیچ مۆرێك لە پاسپۆرتەكانی ئەوان نادرێت.

دەشڵێت “ئەگەرچی وەرگرتنی پرێنتی پێدانی ڤیزا بۆ هاووڵاتیان بە پێویست نازانین، بەڵام ئامۆژگاری ئەوە دەكەین كە ئەوانەی كە ویستی سەردانی ئێرانیان هەیە بە مەبەستی دڵنیایی زیاتر ئەو پرێنتە لە گەڵ خۆیان ببەن”.

ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتكردەوە كە باس لەوە دەكەن ئێران ڕێگری لە چوونی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم وڵاتە دەكات و گوتی: “هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان پاش تەواوكردنی ڕێوشوێنە یاساییەكان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی ئێران بكەن”.

Back to top button