محەمەد حەلبووسی: عێراق پێویستی بە هێزی سەربازی هاوپەیمانان هەیە و بهههموو شێوهیهك پشتگیریان دهكهین
دوای ئەوەی پەرلەمانتارێكی شیعە سەرۆكی پەرلەمان و كورد و شیعەی بەوە تۆمەتبار كرد كە رێگرن لە دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە لەبەر چەند هۆكارێك بوونی هێزی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق پێویستە.
حهلبووسی لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی گوتی، ئێستە بۆچوونی جیاواز لەبارەی سروشتی كاری هێزە بیانییەكان و ژمارەیان لە عێراق هەیە و ئەوەی زۆرینەی فراكسیۆنەكان لەسەری رێككەوتوون ئەوەیە كە جەنگ لەدژی تیرۆر كۆتایی نەهاتووە و تا ئێستە شانەی نوستووی داعش ماوە، ، لەناو هاوپەیمانی بینا ناكۆكی نییە لەسەر پێویستی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان بۆ مەبەستی مەشق و پاڵپشتی هەواڵگری و لۆجیستی، ئێمەش پێویستمان بەو هێزانە هەیە و ئەو قسانەش هیچ كێشەم بۆ دروست ناكات و شەرمیشم پێی نییە كە دەیكەم
حەلبووسی دووپاتی كردەوە، تا ئێستە هیچ داواكاریم لەلایەن پەرلەمانتارانەوە پێ نەگەیشتووە لەبارەی ئەنجامدانی دەنگدان لەناو پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا، روونی كردەوە، ئێمە بۆ ئەو پرسە پێویستیمان بە بۆچوونی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان هەیە و ئەو بەوردی دەزانێت پێویستی بە چی هەیە، بۆیە هێزە سیاسییەكان و سەرۆك وەزیران و كۆمار تا ئێستە قەناعەتیان بەوەی هەیە كە عێراق پێویستی بە هێزی هاوپەیمانانە، حەلبووسی ئاماژەی كرد كە راستە ئێران یارمەتی عێراقی دا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، بەڵام ئێران چۆن دەتوانێت یارمەتیمان بدات لە وشككردنی سەرچاوەكانی دارایی و هزری تیرۆر.
ئەمڕۆ كەریم علێوی، پەرلەمانتاری شیعە دووپاتی كردەوە كە هۆكاری سەرەكی پەككخستنی خستنەڕووی یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە پەرلەمان، خواستی سەرۆك پەرلەمان و سەرۆك كۆمار و بەشێك لە هێزە سیاسییەكانە، ئاماژەی كرد كە كورد و سوننە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان و پارێزگاری لێكردنیان پاڵپشتی لە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكەن.