مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێكی ده‌سته‌ی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی تاوتوێی فریاگوزارییه‌ مرۆییه‌كان ده‌كات

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ١٤-٤-٢٠١٩ مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ د. عه‌بدوڵڵا ئه‌لمه‌عتوق سه‌رۆكی ده‌سته‌ی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا، كه‌ كونسوڵی گشتی ده‌وڵه‌تی كوێت ئاماده‌بوو، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی، وێڕای سوپاسكردنی هه‌رێمی كوردستان بۆ له‌ باوه‌شگرتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌ و پانابه‌رانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌. پوخته‌یه‌كی له‌باره‌ی یارمه‌تییه‌ فریاگوزارییه‌كانی ده‌سته‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو، كه‌ به‌هاوكاری ده‌زگای خێرخوازی بارزانیی به‌سه‌ر ئاواره‌ و په‌نابه‌ره‌كانی ناو كه‌مپه‌كانیان دابه‌شكردووه‌ و رایگه‌یاند، ده‌سته‌كه‌یان خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی ئه‌وانه‌ ده‌كات، كه‌ پێویستیانه‌، به‌تایبه‌تی منداڵانی بێ باوك و خانه‌واده‌ بێ سه‌رپه‌رشته‌كان بۆئه‌وه‌ی له‌ قۆناغی پێویستییه‌وه‌ به‌ره‌و قۆناغی به‌رهه‌مهێنان بچن.

له‌به‌رامبه‌ردا مه‌سرور بارزانی ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌موو ئاسانكارییه‌ك له‌ هه‌ر كارێكی خێرخوازی ده‌ربڕی و رۆڵی ده‌سته‌ی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی له‌ دابینكردنی فریاگوزارییه‌ مرۆییه‌كان به‌رز نرخاند و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان سه‌رباری ئه‌و بارگرانییه‌ی به‌هۆی بڕینی بودجه‌ و شه‌ڕی داعش له‌سه‌ری بوو، به‌ڵام باوه‌شی بۆ ئاواره‌كان كرده‌وه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ توانایدا هه‌بوو بێ جیاوازی پێشكه‌شی كردن. میكانیزمه‌كانی په‌له‌كردن له‌ پێشكه‌شكردن و دابینكردنی پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاكانی ژیان له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ده‌زگا خێرخوازییه‌ جیهانییه‌كان بۆ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back to top button