راگەیەندراوی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە یادی كارەساتی ئەنفالدا
لە یادی 31 ساڵەی كارەساتی ئەنفالدا، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە، كە ئەمە دەقەكەیەتی:
بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
سی و یەك ساڵ لەمەوبەر، رژێمی عێراق بە بەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە ماوەی حەوت مانگ و لە چوارچێوەی هەشت قوناغدا پرۆسەی ئەنفالكردنی گەلی كوردی ئەنجام دا، ڕوونیشە تاكە هۆكاری ئەو ڕقەی رژێم، تەنها كوردبوون بوو نەك هیچی تر، ڕوونە كە لەو پرۆسە سەربازییەدا رژێمی بەعس زیاتر لە چوار هەزار و پێنج سەد گوندی كوردستان و زیاتر لە سەدەها شارۆچكەی كوردستانی وێران كرد و لەگەڵ خاكدا یەكسانی كردن و دانیشتووانەكەی بۆ چارەنووسێكی نادیار بردن.
سەرەڕای ئەم كاولكاری و وێرانییە كە بە دەستی بەعسییەكان لە كوردستاندا رووی دا، تەواوی ژیان و سرووشت و ژینگەی پاكی كوردستان كەوتە بەر شاڵاوێكی وێرانكەر و سەرەڕای هەڵتەكاندنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان و لەناوبردنی بەرهەمی كشتوكاڵی و سامانی ئاژەڵیی كوردستان، بە فەرمانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش و فەرماندەی باكووری هێزە چەكدارەكان بە سەركردایەتیی تاوانباری گۆڕبەگۆڕ (عەلی حەسەن مەجید)، ژینگە و ئاسمانی كوردستانیان بە تەواوی بارگاوی بە چەكی قەدەغەكراوی كیمیایی كرد، كوردیش وەك گەلێكی لەمێژینەی نیشتەجێ لە خاكی خۆی (كوردستان)، لە زێدی باوباپیرانی خۆی راگوێز كرا بۆ باشووری عێراق و بەشێكیش لە سنوورەكانی كوردستانی رۆژهەڵات و باكوور و رۆژئاوا ئاوارە و دەربەدەر بوون، ئەم هەموو تاوان و یاسابەزاندنە نێودەوڵەتی و ئاسمانییانەش بە بەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و وڵاتانی دیموكراتخوازی جیهان بوون.
ئاشكرایە تا ئێستاش گەلی كورد لە بەردەم گەلەكۆمەكی و پیلانگێڕییەكی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدایە، رۆژانە كۆبوونەوە و هەڕەشەكان و هێرشەكانی دوژمنان و ناحەزان دژ بە كوردستان بەردەوامە و ئێستاش مەترسیی دووبارەبوونەوەی جینۆساید بەسەرمانەوە ماوە.
ڕاستە ئەنفال ناوی هەشتەمین سورەتی قورئانی پیرۆزە و لە مەدینە هاتووەتە خوارەوە، بەڵام بۆ ئەنفالكردنی نەتەوەیەكی موسڵمان و دینداری وەك كورد نەبووە و نابێت، هەر لەو ئەنفالە رەشەدا نەك هەر كوردی موسڵمان، مزگەوت و تەكییە و كتێبە پیرۆزەكانی قورئانیش لەناو ماڵ و مزگەوت و تەكییەكاندا سوتێندران و ئەنفال كران.
دوژمنان لە قڕكردنی گەلی كورددا هەموومان بە یەك چاو تەماشا دەكەن و هیچ جیاوازییەك لە نێوانماندا ناكەن، ئەمەش وا دەكات ئێمە وەك پەرلەمانی كوردستان داوای یەكدەنگی و تەبایی لە تەواوی هێزەكان بكەین، چونكە تەنیا یەكگرتووییمان زامنی دووبارەنەبوونەوەی مەرگەساتەكانی وەك ئەنفالی بارزانییەكان و گەرمیان و كیمیابارانی هەڵەبجەیە. بۆیە لێرەوە داوا لە سەرجەم حزب و هێزە سیاسییەكان دەكەین لە هەمبەر داوا و مافە رەواكانی گەلی كورد و لە بەرامبەر پێشهاتەكاندا یەكڕیز و یەكهەڵوێست بن، چونكە تەنها تەبایی زامنی سەركەوتنمانە.
لەلایەكی ترەوە وێڕای هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی زیاتر بە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، بەڵام دەڵێین هێشتا ئەم دەڤەرە و دانیشتووانەكەی شیاوی كاری مەزنتر و خزمەتی زیاترن، لای هەموان ڕوونە حكوومەتی ئێستای عێراق لە ڕووی یاسایی و ئەخلاقییەوە دەبێت قەرەبووی تەواوی زیانەكان بكاتەوە، چونكە میراتگری ئەو حكوومەتەیە كە تاوانەكانی ئەنجام داوە دژ بە گەلەكەمان، ڕووی دەممان دەكەینە بەغدا و دەڵێین: ئێوە وەك چۆن پابەندن بە دانەوەی قەرزەكانی وڵاتانی كەنداو، ئاواش دەبێت پابەند بن بەرامبەر بە قوربانیانی تاوانەكانی دەستی رژێمی بەعس كە بەسەر ئەم گەلەدا هاتووە، لێرەوە بە دەسەڵاتدارانی بەغدا دەڵێین:
1- پێویستە قەرەبووی زیانلێكەوتووانی ئەنفال و ناوچە زیانلێكەوتووەكان بكەنەوە و بەرپرسیارێتیی مێژوویی و یاسایی ئەنفال هەڵگرن بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق كە ئەنفالی وەك جینوساید ناساندووە و حوكمەكەش پلەی بنبڕی وەرگرتووە.
2- پێویستە دەسەڵاتی بەغدا بەشێك لە بودجەكەی بۆ قەرەبووكردنەوەی ژینگەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی كوردستان تەرخان بكات.
3- داواكارین بابەتی جینۆساید بكرێتە بابەتێكی گشتگیرو لە هەموو ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆكانی سەرانسەری عێراقدا بخوێندرێت.
لە كۆتاییدا دەڵێین، پەرلەمانی كوردستان ئامادەی هەموو خزمەتكردنێكە بەم دۆزە و پشتیوانیی هەموو پڕۆژەیاسا و بیرۆكەیەك دەكات كە خزمەت بە كەسوكاری ئەنفالكراوەكان و دۆزی ئەنفال بكات لە ڕووی یاسایی و دیپلۆماسی و سیاسییەوە.
دووبارە سەری رێز و نەوازش بۆ قوربانیانی كارەساتی بەدناوی ئەنفال دادەنەوێنین.
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
14/4/2019