هۆشیار عه‌بدوڵا: به‌رهه‌م ساڵح كرداره‌كانی “سه‌دام حوسێن” دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌

په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هێرشی كرده‌ سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ كۆكردنه‌وه‌ی منداڵ و قوتابیان و ناچاركردنیان به‌ وه‌ستان له‌سه‌ر شه‌قام تا هاتنی سه‌ركۆمار، ئه‌و دیاردانه‌ی سه‌رده‌می دیكتاتۆری پێشوو سه‌دام حوسێنمان بیر دێنێته‌وه‌.

هۆشیار عه‌بدوڵا په‌رله‌مانتاری گۆڕان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرای كرد، ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ ڕۆژانی ڕابردوو له‌ پارێزگای واست دووباره‌ بووه‌وه‌ و له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆرترین ڕه‌خنه‌ی لێ گیرا، بێگومان ڕه‌خنه‌كانیش دروست و به‌جێن، به‌ مافێك ده‌بێ منداڵ و قوتابیان بهێنرێنه‌ سه‌ر شه‌قام و ماوه‌یه‌كی زۆر چاوه‌ڕێ بكه‌ن، تا به‌رهه‌م ساڵح به‌و شوێنه‌ تێپه‌ڕێت!

زیاتر گوتی، كاتێك كه‌ دیمه‌نه‌كان ده‌بینین ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ دیموكراسی له‌ عێراق پاشه‌كشه‌ ده‌كات، له‌ خولی پێشووی په‌رله‌مان، هه‌ڵواسینی وێنه‌ی سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیرانیش له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان و فه‌رمانگه‌كان قه‌ده‌غه‌كران، به‌ڵام ئێسته‌ ئه‌و دیاردانه‌ی ده‌یبینین زۆر مه‌ترسیدارترن له‌ هه‌ڵواسینی وێنه‌، ئه‌وانه‌ ئاماژه‌ی زۆر خراپن و كرداره‌كانی سه‌داح حوسێنمان بیر دێننه‌وه‌.

له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی عه‌بدوڵا گوتی، هیوادارم به‌رهه‌م ساڵح له‌و شێوازه‌ دوور بكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و دیمه‌نانه‌ سه‌رده‌می سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر بیر ئێمه‌ و خه‌ڵكی عێراق دێنێته‌وه‌.

 

Back to top button