قۆناغی دووەمی دروستكردنی رێگای ھەولێر- دھۆك كەوتە واری جێبەجێكردنەوە

كاركردن لە بەشی دووەمی رێگای ھەولێر – دھۆك لە سنووری پارێزگای ھەولێریش دەستی پێكرد و بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەش دەڵێ، قۆناغێكی دیكەی سەرەكیی رێگاكە لە شەقامی ١٢٠مەتریی ھەولێرەوە بۆ پردی گۆپاڵە دەستی پێكراوە.

سدقی ئامێدی، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ رێگاوبان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: “قۆناغێكی دیكەی گرینگی دروستكردنی رێگای سەرەكیی ھەولێر – دھۆك دەستی پێكردووە، پێشتریش بەپێی گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار لە سنووری دھۆك پڕۆژەكە لە ناحیەی رۆڤیاوە بۆ پردی گۆپاڵە دەستی پێكرد و زۆربەی قۆناغەكانی كۆنكرێتی كۆتاییان ھاتووە”.

بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە گوتیشی: “رۆژانی رابردوو لە سنووری ھەولێریش دەست بە پڕۆژەی رێگای ھەولێر – دھۆك كراوە و لە شەقامی ١٢٠ مەترییەوە دەست پێدەكات بۆ پردی گۆپاڵە، كە قۆناغێكی دیكەی رێگای سەرەكیی ھەولێر- دھۆكە و بە درێژیی ٣٨ كم جێبەجێ دەكرێت”.

وەك ئامێدی روونی كردەوە: “ھەر لەبارەی پارێزگای دھۆكەوە، وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێكی دیكەی دەركردووە، ئەویش گۆڕینی رێگای ئۆتۆمبێڵی بارھەڵگرە، كە پێشتر لە دھۆك و ئیبراھیم خەلیل دەچوونەوە ناوچەی باشیك و ئینجا بۆ ھەولێر، بەڵام دوای شەڕی داعش رێگاكە گیرابوو، ئێستاش پلانێكی دیكە جێبەجێ دەكرێت، ئەویش ئەوەیە كە ئەو كاتژمێرانەی زیاتر ھاووڵاتیان ھاتۆچۆ دەكەن، بارھەڵگر قەدەغە دەكرێت و تەنیا لە شەواندا رێگای هاتوچۆكردنیان پێدەدرێت”.

Back to top button