بەرەو ئابوورییەکی ڕێکخراو.
سامان ڕەشید
سیاسەتی ئابووری ھەرێمی کوردستان وەک نیمچە دەوڵەتێک، لەچوارچێوەی سیستەمی ئابووری لیبڕاڵ ئەتوانین پێناسەی بکەین،ھەروەک لەبەرنامەکانی ڕابردووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لێوەکراوە کەحکومەت پاڵپشتی ویارمەتی دەری بازاڕی ئازادە وئەم سیاسەتی بەپڕاکتیک پەیڕەو کردووە،ھەڵبەت ئابووری ئازاد وەک تیۆری ئابووری قوتابخانەکانی لیبڕالیزم قسە وباسی زۆر لەسەرکراوە و ڕۆڵی حکومەت لە چالاکییە ئابوورییەکان دیاری کراوە،لەوەی بازار تاچەند ئازادە وسنوری ئەو ئازادیانە لەکوێ پێویستە دیاری بکرێت ودەوڵەت مافی ئەوەی ھەیە بازاڕ ڕێکبخات یان بۆی نییە،بۆیە پێویستە سەرتا تیشکێک بخەیەنە سەر تێز وبۆچونی قوتابخانەکانی لیبڕاڵیزم سەبارەت بەئابووری ئازاد.
بەسەرنجدان بە بۆچوونی قوتابخانە جیاوازەکانی تیۆری ئابووری لیبڕاڵی،ڕاستییەکی ڕەھامان بۆ دەرئەکەوێت کەھیچ کام لەم قوتابخانانە نەیانتوانیووە مۆنۆپۆڵی ئابووری لیبڕاڵ بکەن،ھەڵبەت ئەم قوتابخانانەش تێز وبۆچونەکانیان لەسەردەمی جیاواز ولەقۆناخ وسیستەمی جیاواز نەک بڵاوکراوەتەوە،بەڵکۆ بۆ ھەندێک لەسیستەمەکانی ئابووری وڵاتانی جیھانی،وەک کۆمەڵە پرنسیپێکی سەرەکی بوونەتە بناغەی تیۆری سیستەمی ئابووری.
سەبارەت بەسیاسەتی ئابووری لە قوتابخانەی لیبڕاڵی کلاسیکی (Classical liberalism) ئەم قوتابخانەیە بەشێوەیەکی گشتی جەخت لەبیرۆکەی بازاڕی ئازاد وئازادکردنی تاکەکان لەکۆتوبەندەکان ئەکاتەوە وەک ئەوەی ئادەم سمیس و ستیوارت مێڵ باسیان لێوە کردووە.ئەم قوتابخانەیە پێیان وایە ئازادی ئابووری بەئازادی سیاسی بەستراوەتەوە وبنەڕەتی لۆجیکی لەم قوتابخانەیە ئەوەیە کە ژینگەیەک ھەبێت ئازادی کاری تییادا فەراھەم کرابێت وسیستەمی ئابووری بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاربکات لەڕێگای ئەوەی پێی ئەوترێت دەستی شاراوە،ئەو کات سوودی بۆ کۆمەڵگا ئەبێت.خاوەن ئەم قوتابخانەیە پێیان وایە پێویستە فەزای کاری حکومەت سنووردار بکرێت تەنھا بۆ ھەندێ کاڵا نەبێت کە کەرتی تایبەت توانای دابینکردنیان نییە بەوپێیەی دەوڵەت یاسا سەروەری فەراھەم ئەکات بەکۆمەڵێک ئامرازی بەرھەمدار بۆ ئاراستەکردنی خەڵک بۆ درێژەدان بەژیان،ئەو کات کۆمەڵگا خۆی خۆی بەڕێوەئەبات.ھەندێکی دیکەی لیبراڵ کلاسیکەکان پێیان وایە بازاری ئازاد لەکۆتوبەند،ئامرازێکی زۆر چالاکە بۆ تێرکردنی پێویستی تاکەکان،ئەم بەرەنگارییەیان بۆ بازاڕی ئازاد لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کەپێیان وایە تاکەکان خاوەن مەعریفە وڕشیدن وتوانای پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان ھەیە وپەیڕەوەی ڕێبازێک دەکەن کە بیانگەیەنێتە ئامانجەکانیان.
ادم سمس (Adam smith) دامزرێنەری ئابووری کلاسێکی باس لەوە ئەکات کەدەستێکی شاراوە ھەیە کار ئەکات بۆ ڕێکخستنی بازاڕ،ئەویش میکانیزمی بازاڕی ڕێکخراوە.ئەو پێیوایە ڕۆڵی حکومەت ودەست وەردان لەچالاکی ئابووری،پەیوەستە بەگرنتی کردنی کاری میکانیزمی بازاڕی ڕێکخراوی خۆبەخۆ لەکۆمەڵگا،لەوەی ھەموو وەبەرھێنەرێک یان فرۆشیارێک ھەوڵ ئەدەن کاڵاکانیان بەزۆرترین نرخ بفرۆشن بۆ ئەوەی زۆرترین قازانج بکەن،ھەروەھا ھەموو بەکاربەرەکان ھەوڵ ئەدەن ئەو کاڵانە بەکەمترین نەرخ بەدەستبھێنن،بەمەش نرخەکان گۆڕانی بەسەردا دێت بەبەرزبوونەوە ودابەزین ھەتا ئەو کاتەی ھاوسەنگی دروست دەبێت لەنێوان بڕی خستنە ڕوو بۆ فرۆشتن و بڕی خواست بۆ کڕین.
ئەم سیستەمەش پێویستی بەزانیارییەکی تەواو وردە بۆ وەبەرھێنەر و بەکاربەر لەسەر کەش ودۆخی بازار لەوەی بتوانن بەئاسانی بڕیارەکانیان ھەمواربکەنەوە لەژیر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی بازاڕ.گەشەی قوتابخانەی کلاسیکی ھاوکات بوو بە دەستکەوتەکانی شۆرشی پیشەسازی لەسامانی ماددی زۆر،بەڵام ئەم شۆرشە کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە وەک پیسبوونی ژینگە وکارکردن بەمنداڵ ودروستبوونی قەرەبالغی شارەکان،ئەمیش وایکرد لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە،قوتابخانەی لیبڕالی کۆمەڵایەتی (Social liberalism) وەک لقێکی نوێی لیبڕاڵی پەیدابێت.
بەڵام ئەم قوتابخانەیە ڕەزامەندە لەوەی ھەندێ کۆتووبەند ھەبێت لەسەر کاروباری ئابووری وەک یاسای بەگژداچوونەوەی قۆرخکاری ئابووری وبوونی دەستەی ڕێکخراو ویاسای کەمترین مووچە وباج بۆ پاراستنی ھەلی ئابووری بۆ ھەموان،ئەم ڕۆڵەی حکومەتیش لەکایەی ئابووری وڵات بە ئازادی ئەرێنی (positive liberty) بۆ تاکەکان ئەژمار ئەکات.ھەروەھا لیبڕاڵی کۆمەڵایەتی ھەموو نمونە توندڕەوەکانی سەرمایەداری وبابەتی شۆرشگێری لەقوتابخانەی سۆسیالیزمی ڕەتدەکاتەووە،ھاوکات ناکوکە لەگەڵ قوتابخانەی کلاسێکی لەوەی کەمبوونی ھەلی ئابووری و فێرکردن وبیمەی تەندورستی مەترسییە لەسەر ئازادی،بۆیە جەخت لەکۆنسێپتی ئازادی ئەرێنی ئەکاتەوە بۆ ھەژاران وبێبەشان لەوەی لەڕێگای کۆمەڵێک ئامرازی ڕێکخراو،دەوڵەت ھەلێ یەکسان بڕەخسێنێت.
ھاوکات ئەم قوتابخانەیە پشتگیری ئابووری تێکەڵ ئەکات لەوەی شانبەشانی کەرتی تایبەت،دەوڵەت ھەوڵبدات ڕەخساندن وگرنتی کۆمەڵێک کاڵای گشتی بکات.ھەلبەت ئەم قوتابخانەیە لەلایەن کلاسیکەکانەوە بەھەموو شێوەیەک ڕەتکراوەتەووە وبەلیبڕاڵی ساختە ناوزەدیان کردووە،چونکە بەتێڕوانینی ئەوان ھەر دەست وەردانێک لەئابووری بازاڕ لەلایەن حکومەتەوە،ئازادییەکان زەوتدەکرێت.ئەم قوتابخانەیەش جیاوازییەکی زۆری ھەیە لەگەڵ قوتابخانەی لیبڕاڵیزمی نوێ (Neoliberalism) کەوەک گوزارشتێک لەسیاسەتە ئابوورییەکانی ڕۆناڵد ڕیگن ومارگرێت تاتشڕ ھاتە کایەوە وجەخت ئەکاتەوە لەپابەندبوون بەئازادی بازرگانی وھەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی کومەڵایەتی حکومەت.ھەروەھا لیبڕالیزمی کۆنسەرڤاتیڤ(Conservative liberalism)یش بانگەوازی پێویستی ڕۆڵی کەمی حکومەت لەئابووری ئەکات لەچوارچێوەی کۆنسێپتی ئازادی نەرێنی (Negitive liberty) لەوەی (ئەگەر یاسا نەبوو،پێشێل کردنیشی نابێت).بەڵام لیبڕالیزمی ڕێکخراوو (Ordoliberalism) وەک تایپێکی لیبڕالیزمی نوێ و بە لیبڕالیزمی نوێی ئەڵمانی ناسراوە لەنێوان سییەکان وپەنجاکانی سەدەی بیستەم پەیدابووە وئابووری ناسی ئەڵمانی (Wilhelm Ropke) بەدامەزرێنەری ئەم قوتابخانەیە دادەنرێت،ڕۆڵی دەوڵەت بەپێویست ئەزانی لەوەی ژینگەیەکی یاسایی تەندروست فەراھەم بکات بۆ پاراستنی ڕکابەرایەتی لەڕێگای کۆمەڵێک ئامراز وەک پرنسیپی بازاڕ.
ئەم قوتابخانەیە پێی وایە پێویستە دەوڵەت کۆمەڵێک ڕێکار وئامرازی چالاک بەکاربھێنێت بۆ پاراستنی وبەھێزکردنی ڕکابەرایەتی،چونکە بەپێچەوانەوە کۆمپانیاکان بەرەو مۆنۆپۆڵ وقۆرخکاری ئەچن،ھەروەھا دەبنە ھێزی ئابووری گەورە ومەترسی بۆ کاروباری دەوڵەت دروست ئەکەن وە رەنگە ببنە ھێزێکی سیاسی.میحوەری سەرەکی ئەم قوتابخانەیە،دابەشکردنێکی ڕوونی کارکردنە لەکارگێری ئابووری بەشێوەیەک کە کۆمەڵێک دەسەڵات دیاری ئەکرێت بۆ کۆمەڵێ دامەزراووە وەک سیاسەتی نەختینەیی بۆ بانکی ناوەندی و سیاسەتی دارایی و چاودێریکردن وھەڵسەنگاندنی سیستەمی ئابووری بۆ حکومەت وسیاسەتی ئابووری گشتی بۆ خاوەن کارەکان ویەکێتییە بازرگانەکان.لەم ڕوانگەیەوە پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەپێناو بونیادنانی ژێرخانی ئابوورییەکی بەھێز لەچوارچێوەی پڕۆسەی دەوڵەتداری،سیستەمی ئابووری ڕێکبخات بەجۆرێک لەڕێگای دامەزراوەکانی وکۆمەڵێک ئامراز،ھاوسەنگی بازاڕ وپاراستنی مافی ڕکابەرایەتی ومافی بەکاربەر وبەرژەوندی گشتی بپارێزێت.ئەمیش بەبوژاندنەوەی کەرتی تایبەت ودامەزراندنی کەرتی تێکەڵ و سیستەمی بانکی وسیستەمی کار ئەبێت.