سه‌رۆك هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ئیئتلافی نیشتیمانیی عێراقی كۆبوونه‌وه‌

خواكوڕك

ئەمڕۆ سێشەممە 6/12/2016 لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئەیاد عەلاوی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی ئیئتلافی نیشتیمانیی عێراقی و شاندێكی یاوەری كرد.

 بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەو کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و گفتوگۆ و هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان لە بوونی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ نیشان دا. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكان لە هاوكێشە سیاسییەكان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

 لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا، وێڕای باسكردنی هەڕەشەكانی هزری توندڕۆیی و تیرۆر جەخت لە ڕەتكردنەوەی سیاسەتی تاییفەگەری و جیاكاریی تایفیی لە پڕۆسەی سیاسی و ئاییندەی عێراق كرایەوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان ستاییشی سیاسەت و ڕوانگەی هەرێمی كوردستانیان كرد لە پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و قووڵكردنەوەی كولتووری پێكەوەژیان و لێبوردەیی.

 لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە فازڵ میرانی، سكرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی و ئازاد بەرواری و مەحمود محەمەد، ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئامادە بوون.

Back to top button