تا دەرەنگ نەبووە!
گێڕانەوە مێژووییەکان و بەڵگەنامەکان، ئاماژەی ئەوەیان لێهەڵدەهێنجرێت زۆرینەی پەتا جیهانگرەکان، کە زۆربەی سەرچاوەکانی لە دووسەدەی ڕابردوودا، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بووە، عێراق و ئێران ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و ئەم جووتە دراوسێیەش بۆیەکیان گواستۆتەوە، زۆرجار ناوچە کوردنشینەکان پردی گواستنەوەکە بوون، بەتایبەت مەرزەکانی گەرمیان و سلێمانی/کرماشان و سنە، ئێران بە کۆرۆناوە هەشت جار، ڕووبەڕووی پەتای جیهانگر بۆتەوە، توندترینیان ئەوەی ساڵانی 1821 و 1904بوون، هەردووکیان لە عێراقی عوسمانی هەناردەی ئێرانی قاجاری کراون، ئەوەی یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ پاش گەمارۆی بەغدا لەلایەن دەوڵەتی قاجارەوە، بەڵام پاش کشانەوەیان، سەربازانی ئێرانی پەتابڵاوەکەی ئەوسای بەغدایان بردەوە ناوچەی کرماشان و پاشتر سەرجەم شارەکانی ئێرانی ئالودەکرد.
هەرچی پەتای 1903_1904یشە کە کاریگەرتر و کوشندەتر بوو، بەهۆی زیارەتی ئێرانییەکان بۆ مەزارگەکانی شیعە لە سامەرا و نەجەف و کەربەلا بوو، کە لەوێ پاش تێکەڵبوونیان لەگەڵ سەردانکەرانی وڵاتانی دی، لەگەڵ خۆیان بردیانەوە و بەسەر دەوڵەتی قاجار (ئێرانی ئێستادا)بەشییانەوە…
لە سەرجەم پەتاکاندا، توێژینەوە مێژووییەکان نیشانی دەدەن، پیسوپۆخڵی، بێمتمانەیی بە حکومەت، کەمتوانایی چارەسەرگە و تیمارخانەکان، خورافات و ئاین و ملنەدانی پیاوانی ئاینی بۆ ڕێنماییەکان و دواجار پەیوەندیەکان و تێکەڵی خەڵک لە بۆنەکاندا، هۆکارەکانی بڵاوبوونەوە و کۆنتڕۆڵنەکردنی پەتاکان بوون. ئێستاش هەر هەمان فاکتەر لەم دوو وڵاتە جێکەوتەیان هەیە و هاندەرن بۆ تەشەنەسەندن.
گەر حکومەتی ئێران و مەلامەزهەبیەکانیان لە هەفتەی یەکەمدا، بەگوێی ڕێنمای تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندرووستی خۆی بکردایە، بەدڵنیایی ناوچەکە و ئێرانیش ئارامتر دەبوون، ڕێک ئەوکاتە کە وتیان با هاتوچۆی قوم دابخرێت بەڵام هەژموونی ئایەتوڵاکان و کەسابەتی یاسیی و بازرگانەکان نەیانهێشت! ناکرێت لەبەر نیەتخوێندنەوە و گومان، ئەو هەموو تەرمانەی چین و ئێران نەبینرێن. شیکاری پەتا زانست و ئەزموونی پێویستە، نەک گومان و “پێمووایە” و عەقیدەپەرستی.
قورئان لە فەرموودە و سوننەت گرنگترە (لاتلقوا بایدیکم الی التهلکە)، شەهید بەشەهید دانانرێت گەر خۆی بکاتە مردوو، دەبێت پاش بەرەنگاریی و هەوڵ بۆ دنیا و مرۆڤدۆستی شەهید بێت، وشەی شەهید گەر تەفسیری مرۆڤسەنتەریی بۆ نەکرێت مەترسیدارە، ئاخر شەهیددۆستی داعشفیکرەکانی بەرهەمهێنا. بۆیە وەک چۆن پێویستە سەرجەم یاریگا، باڕ، زانکۆ، قوتابخانە، هۆڵ و بەرنامە قەرەباڵغەکان دابخرێن مزگەوت و پەرستگاکانیش هەروا، مرۆڤ میحوەری بوونە. خێرایی بڵاوبوونەوە و پەیوەندییەکان، نەخۆشیی ئاسایی و ڤایرۆسەکان دەکەنە پەتا، گەرنا ئەوان (ڤایرۆسەکان) هەمیشە نزیک و هاوڕێ و مشەخۆری سەر دنیا و جەستەی مرۆڤ بوون.
گەر وابکەین دەمێنینەوە و ئەمە و هی دیکەش تێدەپەڕێنین و ئەوسا هەم نەورۆز و هەم مەولودی ئازیز جارێکیتر دەکەینەوە. حەیفە شارستانیەت و ڕۆحی ئینسان بە کۆرۆنا لەباربچێت.