شەجەریانیش کوردی کردە دووبەرە

یاد سرێشمەیی

محەمەد رەزا شەجەریان شەوی رابردوو گیانی سپارد، مردنی ئەو هونەرمەندەی ئێران دەنگدانەوەی گەورەی لە نێو ئێرانی وڵاتی خۆی لێکەوتەوە، بەجۆرێک هونەردۆستان و ئەوانەی لەژێر کاریگەری دەنگی بوون رژانە سەرشەقام بۆ پێشوازی کردن لە تەرمی و بەڕێکردنی بەرەو دوا مەنزلگەی ئێرانی بەیەک پارچەی رەش و یەک بەرەی خەسارەتێکی گەورەی لەدەست چوو نیشاندا.

کاریگەری مردنەکەی شەجەریان دڕی بە سنوری ئێران داو ئەو گەل و نەتەوانەی مۆسیقای سونەتیان تێدا زالە یان روونتر بڵێین فەرهەنگی مۆسیقاو گۆرانیان لە فارسیەوە نزیکە بەر شەپۆلی دڵتەنگی لە دەست چوونی ئەو هونەرمەندەی ئێران کەوتن کە تەمەنێک خزمەتی بە گۆرانی و کلتور و مۆسیقای وڵاتەکەی کرد، و سەدایەک بوو بەفارسی گۆرانی دەچڕی و گەلانی دیکەش بە کوردی و ئەفغانی و ئازەری گوێیان لێی
دەگرت.

مردنی شەجەریان کاریگەری لە سەر کورد جیاوازتر بوو لە گەلانی دیکەی ئاشنای ئەودەنگە، لەدوای مردنی شەجەریان وەک عادەتێکی دووبارە بوەوە بۆ زۆر رووداوی دیکە سۆشیالمیدیای کوردی، چاک و خراپ دەکەونە قسەکردن و لە بارەی ئەو هونەرمەندەی کوڕی گەلێکی دیکەو وڵاتێکی دیکەیش هەروا ، هەر زوو شەجەریانیش کوردی کردەوە دوو بەرە و بەگژیەکدی داچوون و هەزاران پۆست و کۆمێنتی زبری دیکە بونەوە شایەتی لاوازی هۆشیاری تاکی کورد هەڵبەت بەرێژە قسەدەکەم.

شەجەریان دەریخست کە فەرهەنگ و سیاسەت و مۆسیقای گەلانی سەردەست هێشتان بای ئەوە کاریگەری ماوە لەسەر نەتەوە ژێر دەستەکان کە بەگژیەکیان دابکات، وە دەری خست خۆش ویستنمان بۆ ئەو لەژێر ئەو پرۆسە داگیرکاریە بووە بە داگیر کردنی خاک نەوەستاوە بەلکو خەریکە رۆح و بیرکردنەوە و فەرهەنگ و مۆسیقاشمان داگیر دەکات و خۆی دەکەینە قوربانی مەگەر نا خۆ گوێ گرتن لە مۆسیقای بیانی کوفر نیە، بەڵام شکاندنی دڵی کوردێک لەسەر کەسێکی بیانی بە گوناهی دەبینم.

شەجەریان دیسان دەریخست هێشتان کوردە ناسیۆنالیستەکەش کوێرانە ناسیۆنالیستەو بۆ نیشاندانی دیوە دڵسۆزانەکەی کاردانەوەی هێندە نەرێنی هەیە کە بەهەمان شێوە ئامادەیە دڵی کوردێک لەسەر پێخۆشبوونی دەنگی شەجەریان بشکێنێت .

 

Back to top button