سڵاو لە عەقلی نووسەرانی بەیاننامەی” تکایە ئەو جەنگەی بەڕێوەیە، ڕابگرن”

ژمارەیەک کەس، کە هەر یەکەیان خاوەن پاشخانێکی حزبین و ناویان لە خۆیان ناوە نووسەر، رۆژنامەنووس، شانۆکار، رۆماننووس، وەرگێر و شاعیر. جگە لەوەی ناوەڕۆکی بەیاننامەکەیان شایەنی دڵ پێ سوتانەوەیە، کە بە ناونیشانی” تکایە ئەو جەنگەی بەڕێوەیە، ڕابگرن” بڵاوکردۆتەوە، پاڵپشتیش لە رەفتارە خراپەکارەکانی پەکەکە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، هاوکات لەبری ئەوەی بە بنزاریش بێت داوا لە پەکەکە بکەن بگەڕێتەوە مەیدانی راستەقینە، نووسیویانە” هەموو ئەو ئامادەكاریانەش هەڵوەشێنەوە كە بۆ بەرپاكردنی شەڕ ئامادەكراون و هێزەكان بگەڕێنەوە بنكەكانی خۆیان.
داوای ئێمە لە ھێزی پێشمەرگەیە، لەو کەسانەیە کە نێردراون بۆ بەرەکان، ئەو شەڕە نەکەن و بگەڕێنەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆیان.” لەبەرامبەر ئەو دەربڕین و پاڵپشتییە ناچارین بڵێین: جێی داخە میللەتێک بەحساب ئەمە دەستە بژێری رۆشنبیریی بێت، دیارە سەرەڕای تاوانە لە ژمار نەهاتووەکانی تێکدەران دژ بە ئاشتی و ئارامی هاووڵاتیان و راکێشانی هێزەکانی تورکیا بۆ ناو قوڵایی هەرێمی کوردستان، ئەوانە ئۆخەیان نایەت تا هاوشێوەی کەرکووک و عەفرین، بەشێکی دیکەی خاکی هەرێمی کوردستان لە بن پێی داگیرکارانی کوردستان نەچێت.

ئەگەر دەتانەوێ بەپاساوی دڵسۆزیتان بۆ خوێنی کورد! ویستی پەکەکەمان بەسەردا بسەپێنن، کە زەمینە خۆش کردنە بۆ لەبەین بردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، هەڵەن و بێ ئاگان لە پلان و بەرنامەکە. بۆیە ئەم شەڕە ئەگەر رووش بدا پێی ناگوترێ شەڕی ناوخۆ، چونکە پەکەکە بەوەکالەت شەڕ بە هەرێمی کوردستان دەفرۆشێ، بەڵکو شەڕی بەرگری کردنە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان. داڕشتنی پەرەگرافی یەکەمی بەیاننامەکەتان، لە سۆنگەی پەرۆشیتان بۆ رژاندنی خوێنی کوردەوە نییە، بەڵکو لە هەواڵە چەواشەکارییەکانی راگەیاندنی پەکەکە سەرچاوەی گرتووە، کە دەیەوێ کڕیار بۆ شەڕفرۆشتنەکەی پەیدا بکات، ئەگەرنا بەپێی هەر حوکم و یاسایەک بێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری حکومڕانی خۆیدا ئازادە، لە کوێ بە پێویست بزانێ، هێزی پێشمەرگەی لێ جێگیر بکات یا بیکاتە ناوچەی قەدەغەکراو لە هێزی چەکداری غەوارە.

لەگەڵ ئەوەشدا بە پێویستی دەزانم ئەو پرسیارە بکەم: ئایا کۆکردنەوەی مین لەسەر رێگاکان خۆ ئامادە کردنە بۆ شەڕ یا دابینکردنی سەلامەتی هاتووچۆیە بۆ هاووڵاتیان، نەخاسمە دانیشتوانی گوندەکانی کوردستان تۆمارێکی رەشیان لەگەڵ مین هەیە، کە بە دەگمەن گوندێک دەدۆزیتەوە هاووڵاتیانی بە تەقینەوەی مینەکان، کە بە دوژمنی شاراوە دەناسرێت، یەکێکیان نەبووبێتە قوربانی یا پەککەوتە نەبووبێت.

عافەرم لە عەقڵتان…
راست دەکەن بە گوێرەی بەروار بێت لە ١٩٨٤ەوە شەڕ لە نێوان پەکەکە و تورکیا هەیە، بەڵام ئەوەش باس بکەن، کە بۆچی تا ئێستە دۆڵێک یا تەپۆڵەکەیەکی رزگارکراویان نییە؟ مانای وایە ئەوان شەڕی سوپای تورکیا ناکەن، بەڵکو بە فەرمانێکی نهێنی شەڕ دەکەن. بۆئەوەی هەر لەو گۆڕەی فرمێسکی تیمساحی نەڕێژن و رقی خۆتان بەرامبەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵنەرێژن، کە دەزانن لەلایەن چ هێزێکەوە، لەسەر چ بنەمایەک حکومڕانی دەکرێ، سێ نموونەتان بۆ باس دەکەم.

یەکەم، ساڵی ٢٠٠٨ ئەو حکومڕانەی ئێستای تورکیا پێویستی بەوە بوو لە هەیبەتی سوپا بدات، چونکە ترسی کودەتای سەربازی لەئارادا هەبوو، بۆیە لە شوباتی ئەو ساڵەدا سوپای لەگەڵ پەکەکە لە ناوچەیەکی رووبەر بچووکدا تووشی شەڕ کرد، بەڵام لە ١٥ رۆژدا سوپا نەیتوانی یەک بست بچێتە پێش، میدیاکانیش لە بەرژەوەندی حکومڕان کەوتنە سەرزەنشت کردنی سوپا و لە گەڕانەوەدا درانە بەر تەماتان. دوای ئەم رووداوە حکومڕان بە گوێرەی ویستی خۆی دامەزراوەی سوپای رێکخستەوە، بەشێوەیەک کەس نەکارێ بیر لە کودەتای سەربازی بکاتەوە. ئایا قەت ئەو پرسیارەتان روبەڕووی سەرانی پەکەکە کردۆتەوە، کە بۆ نەچوونە پێش، لە ئەنجامی شکستی سوپا ناوچەیەکتان رزگار نەکرد؟

دووەم، ساڵی ٢٠١٨ دیسان لە ناوچەی سووری ئامەد، کە ناوچەیەکی مێژووییە ئاژاوەیەکیان دروست کرد، جگە لەوەی بووە هۆی دەبەدەربوونی خەڵکی داماوی ئەو ناوچەیە، بووە هۆی وێران بوونی خانوویێکی زۆری ئەو ناوچەیە، ئەمەش دەستی حکومڕانی کردەوە بۆ تێکدانی ئەم ناوچە مێژوویە، کە لە بنەڕەتەوە داوای خەڵکی دی بوو بە پەکەکە جێبەجێ کرا. باشە قەت لە خۆتان پرسیووە بۆ وا بە پەلە و بێ هیچ ئامادەکارییەک ئەمە روویدا، دوای رووخان و دەربەدەربوونی دانیشتوانەکەی بە خێرایش بڕایەوە و دەنگی نەما؟

سێیەم، هەر ساڵی ٢٠١٨، کاتێک تورکیا بەبیانووی پاراستنی ئەمنی قەومی هەڕەشەی پەڕینەوەی سنووری دەکرد، بەڵام هێزە پەیوەندیدارەکان بە ناوچەکە، بەتایبەتی ئەمەریکا و روسیا، کە بوونیان لەوێ هەبوو، وەڵامیان نەخێر بوو بۆ داوای تورکیا، سەرانی پەکەکە هاتنە سەر تەلەفزیۆن و هەڕەشەیان لە سوپای تورکیا کرد، کە گەریلاکانیان لە عەفرین شەڕی مان و نەمان دەکەن، کە لە بنەرەتەوە فەرمانی خەڵکی دی بوو، تا بە هێزە پەیوەندیدارەکان بڵێ، ئەوەتە پەکەکە لە وێن و هەڕەشە دەکەن، بۆیە ناچارم بۆ پاراستنی ئەمنی قەومی لە سنوور بپەرمەوە، واتە ئەوەی روویدا لەسەر دەستی پەکەکە بە ویستی تورکیا بوو. ئایا پاساوێکتان بۆ بێ تەقە چوڵکردنی عەفرین هەیە؟

قسەی کۆتایی …
حکوومەتی هەرێمی کوردستان شەڕی ناوێت، بەڵام پێویستە لە کن هەموو لایەک روون و ئاشکرا بێت، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە هەر هێرش و پەلامار و دەستدرێژییەک بە ئەرکی لە پێشینەی خۆی دەزانێ، هاوکات ئەرکی یاسایی خۆشیەتی.
ئەو رستەیەی بەیاننامەکەتان راستییەکی تێدایە، کە نووسیوتانە” ئەم جەنگە جگە لە خوێنڕشتن و کارەسات و جگە لە بەھێزبوون و چەسپاندنی زیاتری چەپۆکی تورکیا لە ھەرێمدا، ھیچ ئەنجامێکی تری نابێت.” بەڵام دەبوو دەستنیشانی ئەو لایەنەش بکەن، کە بووەتە هۆی راکێشانی دەستی تورکیا، کە رۆژانە لەناوجەرگەی سنووری هەرێمی کوردستان بە دانانەوەی مینێک یا بە تەقەیەکی هەوایی بە ئاڕاستەی هێزە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بە تورکیا.

چاودێرێكی سیاسی.

Back to top button