پارتی خزمەتی تورك دەكات یان پەكەكە؟
رێبوار كەریم وەلی
(1)
پاش رووداوەكەی خانەسۆر كە سەرەتای وەدەرنانی پەكەكە دەبێت لە ناوچەی شەنگال، خێرا تۆپخانەی مێدیاكانی سلێمانی كەوتنە شەنوكەی ئەوەی كە ئەم رووداوە راستەوخۆ پەیوەندی بە سەفەری مانگی رابردووی بارزانییەوە هەیە بۆ توركیا و پیلانێكە بۆ لێدانی پەكەكە.
بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستەكانی رابردوو كە لەلایەن ئەمریكا، توركیا، بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەبارەت بە وجودی پەكەكە لە شەنگال هەبوونە لە چەند مانگی رابردوودا و، هەموویان تەئكید دەكەنەوە كە دەبێ پەكەكە ئەو ناوچەیە چۆڵ بكات، نابێ و ناكرێ پێداگیریی مانەوەی پەكەكە لە شەنگال (سەرباری ئەوەی كە رایگەیاندبوو ئەوێ چۆڵ دەكات)، وەك خیانەتێكی نەتەوەیی وێنا بكرێت.
ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ بارزانی، بێ بنەمان، چونكە ئەجێندایەكی نهێنی لە ئارادا نەبووە تا بە شەڕێك دەستی هەمووان كەشف بووبێت، بگرە بەشی هەرە زۆری ئەو شین و بابەڕۆیەی بۆ پەكەكەی دەكەن، لە ئیرەیی و حەسادەتە بەو پێشوازییە ئاستبەرزەی لە سەرۆكی هەرێمێكی بچووك، بەڵام كاریگەر كراوە.
پەكەكە لە هاوكێشەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، سەرباری ئەوەی كە لە كوردستانی رۆژئاوا وەك ئەمری واقیعێكی خۆسەپێن، لە شەڕی دژی داعشدا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بەڵام لە كۆتاییدا وەك سەربازێكی بەكرێگیراوی ئەم و ئەو مامەڵەیەكی هەرزانبەهای لەگەڵدا دەكرێت و دەستكەوتەكانیشی دیار نین. هەر بۆیە لە چوارچێوەی ئەو بەكارهێنانەدا، لە چوار ساڵی رابردوودا، هەموو هەوڵێكی پەكەكە بۆ ئەوە بووە كە بۆ گومڕاكردنی رای گشتی لە شكستە یەك لەدوای یەكەكانی خۆی، سوپای توركیا پەلكێشی ناو سوریا و كوردستانی باشوور بكات.
لە سوریا ئەوەی كرد و بە بیانووی ئازادكردنی مونبج (كە ئێستا بەشی زۆری تەسلیمی سوپای سوریا كردووەتەوە) توركیای تا قووڵایی سوریا راكێشا. بە پێداگیری لەسەر مانەوەش لە شەنگال، دەیەوێ هەمان كار بكات. ئەگەر پەكەكە راست دەكات و بەڕاستی پێیوایە پیلانگێڕییەك لە دژی ئەو لەئارادایە و خۆی بەشێك نییە لە پیلانێكی دیكەی دژی كورد، با ئەم پیلانانە تێكبدات و شەنگال چۆڵ بكات.
شەڕی براكوژی نییە
(2)
كاردانەوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەرامبەر رووداوەكەی خانەسۆر، ئیدانەكردن و مەحكومكردنی تێدا نەبوو، بگرە تەئكید بوو لەسەر ئەوەی كە جوڵاندنی هێزی پێشمەرگە لە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە و ئەوەش بەوە دەخوێندرێتەوە كە هەر رێگرییەكی دیكە لە پێشمەرگە لە هەر ناوچەیەكی كوردستان رووبدات، بەو شێوەیەی خانەسۆر وەڵام دەدرێتەوە و ئەوەش ناچێتە قاڵبی شەڕی براكوژی، چونكە بەو حیسابە بێت نەدەبووایە كورد شەڕی كەتیبە كوردییەكانی ناو داعشیشی بكردایە، نەدەبوو شەڕی كۆمەڵ و ئەنسارولئیسلامیش كرابایە.
شەڕ لەگەڵ پەكەكە و نەهێشتنی نفوزیان لە كوردستانی باشوور شەڕێكی رەوایە، چونكە ئەگەر ئەو هێز و نفوزەی پارتی لە ناوچەكەدا هەیەتی، پەكەكە نیو ئەوەندەی هەبایە، ئێستا دە جار پەلاماری پارتیی دابوو. سنوورداركردنی جوڵە و بزاوتی پەكەكە لە كوردستان، هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی كە بزاڤی سیاسی و نەتەوەیی لە كوردستانی باكووریش بتوانن نەفەسێكی راحەت هەڵبمژن و هاوكات لە چوارچێوەیەكی روونی سیاسی دوای مافە نەتەوەییەكانی خۆیان بكەون.
چونكە پەكەكە بەشێكی كاریگەری شێواندنی پەیامی نەتەوەییە لە هەر چوارپارچەی كوردستان. بۆیە بۆ داهاتووی ناوچەكە ئیحتیواكردنی پەكەكە زەروورەتێكی مێژووییە و ناكرێ بە پاساوی ئەوەی كە ئەمە شەڕی براكوژییە، چیدی چاوپۆشی لەو ئاڵۆزییە بكرێت كە پەكەكە دروستی كردووە و لەسەریشی بەردەوامە.
وجودی پەكەكە لە كوردستانی باشوور و پاڵدانەوەی سەركردەكانیان لە قەندیل و ناوچەكانی دیكە، هەم ئەوانی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بەرامبەر كوردی پارچەكانی دیكە (كە ئەوان خۆیان پێ تاكە نوێنەری كوردە!) مەعاف كردووە و، هەمیش تووشی بوغرایی بوونە. زوو یان درەنگ دەبێ ئەوە نەمێنێ و ئەوانەشی كە بیانەوێ لە بەرەی پەكەكەدا بمێننەوە، وەك ئەو بچووك دەكرێنەوە.
بۆ سلێمانییە نەك كەركوك
(3)
هەڵكوتانە سەر بیرە نەوتەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور لە كەركوك لەلایەن هێزی سەر بە باڵی ماڵباتی یەكێتییەوە (لە غیابی پارێزگاری كەركوكدا)، جێبەجێكردنی ئەو بیرخستنەوەیەیە كە كاتی خۆی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لە نامەكەیدا بۆ حەیدەر عەبادی ئاماژەی بۆ كردبوو. ئەو زوو گوتی كە یەكێتی لە كەركوك هێزی باڵادەستە و رێگە نادات بەغدا و هەولێر مامەڵە بە نەوتی كەركوك بكەن.
ئەوەی لە رێككەوتنەكەی 10ی كانوونی دووەمی ئەمساڵی نێوان پارێزگار و وەزیری نەوتی بەغدادا ئیمزا كراوە، هیچ كات و وادەیەكی بۆ دروستكردنی پاڵاوگە لە كەركوك دیاری نەكردووە تا لەپاش دوو مانگ پێویست بكات بە حیسابی خۆیان هۆشداری بدەنە بەغدا! شەڕی باڵی ماڵبات بۆ گێڕانەوەی ئەو پشكە لە نەوتی كەركوكە كە تا پێش رێككەوتنی پارساڵی هەولێر و بەغدا، راستەوخۆ بۆخۆیان دەیانفرۆشت.
ئەگەر بەڕاستی یەكێتی ئەوەندە خەمخۆری كەركوكە، ئەوە بۆچی دوازدە ساڵە لەبەرامبەر جێبەجێنەكردنی ماددەی سەدوچل هەنگاوێكی وەهای نەهاویشت؟ ئەگەر یەكێتی ئەوەندە لە خەمی خەڵكی كەركوكدایە، بۆچی بەرامبەر هەناردەكردنی نەوتی كەركوك لە رێگەی ئێرانەوە، ناڕەزایەتی بەرامبەر بەغدا دەرنەبڕی كە بێ پرسكردن بە ئەوان بڕیاریان داوە؟ یان لەوەیاندا پرسیان پێ كرابوو؟ بەردەوامیی باڵی ماڵباتی یەكێتی لەو جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ مەلەفی نەوتدا، لە یاری بەئاگركردن زیاتر هیچی دیكە نییە و لێیان قەبوڵ ناكرێت.