کەرکووک و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان
عەلی عەونی
شەڕ و تێکۆشانی کوردستانیان پرسی بوون و نەبوونە، پرسی هەبوونی گەلێکە لەسەر خاکەکەی. کێشەی ئێمە دەردی ماف و شایستەکان نییە. وەک هەندێک نا سیاسی کورتی دەکەن لە خوێندن بە زمانی دایک یا هەبوونی چەند وەزیر و بەڕێوەبەرێک و یاخود مەسەلەی سامان و نەوت.ھەتا بچینە دادگا و بە رێگای حقوقی و پارێزەران چارەسەری بکەین.
هەرواکێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەرفەتی کار و قاچاخچێتی سەرسنورەکانیش نییە.
خەباتی کوردستانیان لەسەر دیاریکردنی سنورەکانی کوردستان و خاوەنداریەتی گەلەکەمانە لەسەر ئەم خاکە. لە مێژوودا نەبووە هیچ گەلێک رازی بێت لە بارەی سەرپێبوونی نەتەوەیی و خاک و نیشتیمانەکەی راپرسی بکرێت. بەڵام منجڕی و پێداگری عەرەبی داگیرکەر لە بەغدا لە لایەک و دڵنیایی سەرکردایەتی کوردستان لە ئەنجامی راپرسی لە لایەکی دیکە بوو کە وای کرد پرسی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بە میکانیزمی نەزۆکی دەستور چارەسەر ببێت.
تێپەڕبوونی ساڵەکان نیشانی دا کە حکوومەتی ئێستای عێراقیش وەک بەعسییەکان ورژێمەکانی پێشووتر وانەیان وەرنەگرتووە و ئەوانیش وەک چوار ساڵەکەی دوای ڕێککەوتنی ئاداری ١٩٧٠ بە دوای کوشتنی کاتەوەن.
مەلا مستەفای نەمر شۆرشێکی گەورەی کردە قوربانی کوردستانی بوونی شاری کەرکووک هیچ تاکێکی کوردستانی و هیچ رێبەرێک بۆی نییە لەسەر بستێکی خاکی کوردستان دانوستاندن و بازار بکات.
گەلی کوردستان تەنیا وەکالەتی بە ئێمەی سیاسەتکاران داوە کە ئەو رێگایانە بدۆزینەوە کە بۆ گەلی کوردستان رزگاری بەدی دێنن ئێمە وەکالەتی تەنازول کردنمان لە خاکی کوردستان وەرنەگرتووە.
ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو پارێزگاری کەرکووک کردی هەنگاویکی دروست و درەنگ وەخت بوو. بابەتی هەڵدانی ئاڵای کوردستان لەناو شاری کەرکووک دەبوایە زۆر بە ئاسایی وەرگیرابایە و زۆر دەمێک با هەڵدرابا.
-هەڵویستی دەوڵەتی تورکیا و نارازیبوونیان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، هەڵویستێکی نابەجێ یە. ئەوان مافیان نییە لەبارەی شێوەی ژیان و بڕیارەکانی گەل و ولاتێکی دیکە بڕیار بدەن. ئەوە گەلی کوردستانە کە بڕیار دەدات ئەو ماددە دەستورییەی عێراق کە حکوومەتی بەغدا ماوەی دوانزە ساڵە لێی هەڵدێت و نایەوێت جێبەجێی بکات، چۆن چۆنی جێبەجێی بکات. درەنگ یا زوو خودی دەوڵەتی تورکیاش دەبێت لەناو خۆی تورکیا دەست بکات بە چاکسازی سیاسی. چونکە چیتر سیستەمی یەک ئاڵا و یەک زمان و یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە کاریگەر نییە.
-هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر یەکجار مایەی پێکەنین بوو. ئەم رێکخراوە ماوەی چواردە سالە لەبارەی هیچ پێشیلکارییەکی حکوومەتی عێراق لەسەر دەستور هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە. ئەم بێدەنگیەی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بووە هۆی ئەوەی حکوومەتی تائیفی بەغدا شوڵی لێ هەڵکێشێت و بەعس ئاسا هەرچی بخوازیت بیکات. ئەو کاتەی حکوومەتی عێراق ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگەی وەک هێزێکی دەستوری نەدا و بە پێچەوانەوە پارەی بۆ میلیشیای حەشدی شەعبی نا دەستوری بڕی، ئەو کاتەی حکوومەتی عێراق بودجەی کوردستانی بڕی و لەشکری ناردە سەر کوردستان و کە بودجەشی دەدا لە جیاتی %١٧ بۆ یەکجاریش لە %١٠ زیاتری نەناردووە، تەنانەت رێگری کرد لە گەیشتنی چەک بە دەستی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش دا.
-هەڵوێستی میلیشیای شیعەی عەسایبی ئەهلی حەق لە دژی ئاڵای کوردستان کە بێدەنگی لێکردنی لایەنەکانی دیکەی شیعەی ناو دەسەڵات، نیشانیان دا ئەوانیش دژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانن. لە راستیدا نەک تەنیا عەسایبی ئەهلی بە ناحەق بەڵکوو هەموو لایەنە سیاسیەکانی شیعە و بگرە مەرجەعی تەقلیدیش لە سەر سزادانی بە کۆمەلی کوردستانیان هاورا بوونە، بەڵگەش بێدەنگیان بوو لەسەر هەموو رەفتارەکانی مالکی و دارودەستەی لە دژی گەلی کوردستان.
حکوومەتی عێراق کە شیعە تیایدا باڵا دەستە بە هەموو شێوەیەک دەیەویت لە جێبەجێکردنی ماددەی سەد و چل هەڵبێن ئەگەر بۆیان بچێتە سەر. بۆیەش ئێمە مافی خۆمانە نیشانەیەکی بچووکی مافی کوردستانیان لە لایەن خۆمانە بەجێ بگەیێنین کە ئەویش بەرزکردنی ئاڵای کوردستانە.
-لە هەمووی گاڵتە ئامێزتر هەڵوێستی ئەندامی پەرلەمانی بەغدا لە لیستی یەکیتی نیشتیمانی کوردستانە بەناوی ((شوان داودی)) کە گوتوویەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک بەس بۆ هەڵکەوتی جەژنی نەورۆزە. من پێم وایە کەرکووکیەکان رازی نابن وەک چۆن هەموو کوردستانیەکان رازی نابن بە داگرتنی ئاڵای کوردستان لە شاری کەرکووک. کەرکووک هەم خاکی کوردستانە و هەم بە یاسای خودی عێراقیش دەبوایە لە زووەوە بێتەسەر هەرێمی کوردستان.
عەرەبەکان بۆیە دژی راپرسین لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم چونکە لە ناحەقی ئیدیعای خۆیان گەیشتوون و ئەنجامی راپرسیش لە قازانجی کوردستان وەک رۆژ لایان روونە.