سەرۆک بارزانی: بێدەوڵەتی، بەردەوام کوردی ڕووبەرووی قڕکردن و سڕینەوە کردووەتەوە

سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەدات، بە درێژایی سەدەی بیستەم بە سیاسەتی سیستەماتیک، هەوڵی لە ناوبردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد درا. دەشڵێت، نەبوونی دەوڵەت، بەردەوام کوردی ڕووبەرووی قڕکردن و سڕینەوە کردووەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، 23-04-2025، زانکۆی یێڵ، لە ویلایەتی کەنەتیکەتی ئەمەریکا، کۆنفرانسێکی تایبەت بە تاوانەکانی جینۆسایدی دژ بە گەلی کورد بەڕێوە چوو. د. محەممەد ئیحسان سیاسەتمەدار و مامۆستای زانکۆش، پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ بەشداربووانی کۆنفرانسەکە خوێندەوە.
دەقی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی:
بەڕێزان لە زانكۆى يێڵ/ ماکمیلان / سەنتەری دیراساتی جینۆساید
میوانە بەڕێزەکان
لە سەرەتادا دەمەوێت بە ناوی گەلی کوردستانەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی زانکوی یێڵ و ڕێکخەرانی ئەم كۆنفرانسە نێودەوڵەتییە بکەم. باسکردن و لێكولينەوە لە جينۆسایدی گەلی کوردستان لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق بابەتێکی گرنگ و هەستیارە و هەڵبژاردنی ئەم بابەتە هەنگاو و دەستپێشخەرییەکی بە نرخە بە ئاراستەی پیادەکردنی دادپەروەری و بەرپرسیارێتی مێژوویی لە خستنەڕووی ڕاستییەكان، ئەم هەنگاوە و ئەو هەوڵەتان بەرز دەنرخێنم و جێگەی پێزانینێکی زۆره.
بەشێکی نەتەوەی کورد لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و بە مەرجی شەراکەت و ڕەچاوکردنی مافەکانییان ژیانیان لە ناو دەوڵەتی عێراق هەڵبژارد، بەڵام دەستەڵاتدارانی عێراق پشتیان لەو بنەمایە کرد و دەستیان کرد بە پێشێلکردن و ئینکاری مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا هەتا گەیشتە ڕادەی جینۆساید و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی کورد. کورد لە سەدەی بێستەمدا لە قوربانییە سەرەکییەکانی سیاسەتی جینۆسایدى ڕێکخراو بووه؛ ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیە لە ماوەی دەسەڵاتی حیزبی بەعس لە عێراقدا لە دژی گەلی کوردستان گەیشتە لووتکەی خۆی. لە ساڵانی 1979 – 1980 دەیان هەزار هاووڵاتی کوردی فەیلی ڕەگەزنامەی عێراقییان لێ زەوت کرا، دەستگیر و بێسەروشوێن کران. هەروەها بەشێکی هەرە زۆریان بە توندوتیژیەکی بێوێنە ڕەوانەی ئێران كران. لە ساڵی 1983 لە پرۆسەیەکی ڕێکخراودا هەشت هەزار پیاو و مێردمنداڵی بارزانی، دوای دەستگیرکردنیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی بەعسەوە بێسەروشوێن کران و هەرگیز نەگەڕانەوه.
لە ساڵانی 1987-1988 بەشێکی زۆری ناوچەکانی کوردستان کیمیاباران کران، هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی بە گاز خنکان و بریندار بوون. لە 16ی مارسی 1988 لە شاری هەڵەبجە، پێنج هەزار هاووڵاتی و ژن و منداڵی بێتاوانی کورد بە چەکی کۆمەڵکوژی کیمیایی لە چەند خۆلەکێکدا گیانیان لە دەست دا و هەزارانی تریش بریندار بوون. هەر لەو ساڵەدا شاڵاوەكانی جینۆسایدی ئەنفال لە سەرتاسەری کوردستانی عێراق بە ڕێوە چوو و لە و ماوەیەدا زیاتر لە 182 هەزار مرۆڤی مەدەنی بێجیاوازی ڕەگەز و تەمەن و ئایین، ئەنڤال کران و لە پلانێکی ڕێکخراودا بۆ هەڵتەکاندنی کوڵەکەی خێزانی و کۆمەلایەتیی کورد، 4500 گوندی کوردستان وێران کران.
جگە لەم تاوانە ڕاستەوخۆیانە، بە درێژایی سەدەی بیستەم سیاسەتی سیستەماتیکی پاکتاوی نەژادی، کۆچی زۆرەملێ، نیشتەجێکردنی زۆرەملێ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و تێکدانی ژیرخانی ئابووریی گوندنشینەکان بە ئامانجی لە ناوبردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد، جێبەجێ کرا.
گەلی کوردستان هەزاران ساڵە لە سەر خاکی خۆی ژیاوە، خاوەنی کولتووری پێکەوەژیانە لەگەڵ نەتەوە و پەیڕەوانی ئایینەکانی تر و هەردەم خوازیاری ئارامی و ئاشتی و مرۆڤدوستی بووە، بەڵام ئەوەی میللەتەکەمان لە سەدەی بیستەمدا، پێیدا تێپەڕی، هەوڵێکی سیستەماتیک و ڕێکخراو بوو، بۆ نەهێشتنی شوناسێكی مێژوویی و کولتووری و مرۆیی.
ئامانجی ئەم جینۆسایدانە تەنیا یەک شت بوو؛ نەهێشتن و سڕینەوەی “کوردبوون” بوو. ئامانجی ئەم جینۆسایدە تێکشکاندنی ئیرادەی مروڤی کورد بوو کە تەنیا داوای ئازادی و گەشەپێدانی ژیانی خۆیان دەکرد و دەیانەویست لە ئاشتیدا بژین و تاوانێکی تریان نەبوو. گەلی کوردستان دەیان ملیۆن کەسە کە مێژوویەکی کۆن و ناسنامەیەکی زیندووی هەیه، یەکێکە لە گەورەترین نەتەوەکانی جیهان کە لە ڕوژهەلاتی ناوەڕاست دەژیت و تا ئێستا بێبەش بووە لە هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ. ئەم بێدەوڵەت بوونە مێژووییە وای کردووە کورد بەردەوام ڕووبەرووی قڕکردن و سڕینەوە ببێتەوە و نەتوانێت وەك پێویست خۆی لە هەڕەشەكان و شەڕخوازیی ناحەزانی بپارێزیت.
ئەمڕۆ، لێرەدا سوپاسی سەنتەری جینۆساید دەکەین کە بەم هەنگاوە گرنگە هەستاوە و دڵنیام دامەزراوە فەرمییەکانی کوردستان ئامادەن بو پێدانی بەرچاوڕوونیی زیاتر و دەرخستنی ڕاستییەکان و بە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکان و بە ئەرشیف کردنیان، هەموو هاوکارییەکی ئەو هەوڵە پیرۆزە بکەن. گەلی کوردستان پێویستی بە هەوڵی جددی و ئاکادیمی و زانستیی لەو شێوەیەیە بۆ ئەوەی ئەو تاوانە ئاشکرا و ڕێکخراوانەی لە بەرانبەر گەلەکەمان کراوە لە یاد نەكرێن و لە یادەوەریی و ویژدانی جیهانیاندا بمێنيتەوه. هەروەها بۆ ئەوەی ئەم تاوانانە چی تر دووبارە نەبنەوە و هەموومان بەیەکەوە بەرەنگاری هەر هەوڵێکی تر ببینەوە کە بە ئاراستەی جینۆسایدی گەلەکەمان لە داهاتوودا ئەنجام دەدرێت.
ئێمە پێویستیمان بە هەوڵ و هاوکاریی ئەو زانکۆیە هەیە لە پێناو سەرگرتنی پرۆسەی بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی لە دژی گەلەکەمان كراوە. هیوادارین ئەم كۆنفرانسە ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ هەوڵی زانستیی بەرفراوانتر لە بواری جینۆساید و ئاڵوگۆڕی زانیاریی لە نێوانمان و هەنگاوێک بەرەو چەسپاندنی ڕاستی و دادپەروەری و بەرپرسیارێتی مێژوویی کە سی پایەی جەوهەرین بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر.
جاریکی تر سوپاس بۆ بیستنی دەنگی ئازار و خۆڕاگریی گەلی کوردستان.
لەگەڵ ڕێز و هیوای داهاتوویەکی ئاگادارتر و دادپەروەرتر.