عەلی ویلایەتی و سیاسەتی کەمەر شکاندن

سەرۆ قادر
 
عەلی ویلایەتی سەرۆکی( مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام) لە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لێدوانێکیدا رۆژی دووشەممە١٦ ئۆکتۆبەر گوتوویەتی کە ئێمە بەهانای دۆستەکانی خۆمان لە عێراق چووین. هەروەها بە هاوکاری دۆستەکانی دیکەمان لە کوردستان، توانیمان کەرکووک بگەڕێنینەوە. لەو گرتنەوەیەدا شکستمان بە بارزانی و بە پرۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان هێنا، سەدا هەشتای نەوتمان لێسەندنەوە، هەروەک دەزانن دەوڵەتی عێراق و حەشدی شەعبیمان گەڕاندەوە ئەوێ. ئێمە کەمەری پڕۆژەکەی بارزانیمان شکاند کە دروستکردنی دەوڵەت بوو. بۆیە دەبێ دنیا بزانێ کە ئێران لە پشتیوانی دۆستەکانی خۆی سڵناکاتەوە.
ئێمە بە عەلی ویلایەتی دەڵێین ئەو تاوانەی ئێران بە پشتیوانی حەشدی شەعبی ئەنجامی دا، بریتییە لە پیلانێکی تائیفی ئیقلیمی گەورە، ە بە بەرچاوی کامێراکانی روویدا و هەموو دنیا بینیویەتی کە چ دەستدرێژیەکیان کردە سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کوردستان. هەموو دنیا دەزانێت چ ئێش و ئازارێک ئێستا تووشی پێکهاتەکانی کەرکووک و حزبە سیاسییەکان،هەروەها کورد لەم شارە بۆتەوە. دەبێ ویلایەتیش وەکوو هەموومان بزانێ ئێستا یەک یەکی پێکهاتەکانی کەرکووک لە کورد و شیعە و سوننە و عەرەب و تورکمان و مەسیحی کەوتوونەتە بەر پەلامار، بۆیە دژی مانەوەی حەشدی شەعبی و ئێرانن لەناو کەرکووک، جا بۆیە ئێران و دۆستەکانی ناتوانن بمێننەوە. عەلی ویلایەتی لە قسەکانی خۆیدا دەڵێ سەدا هەشتای ریفراندۆممان بە گرتنەوەی کەرکووک لەناو برد، دەڵێ کەرکووک بریتییە لە کلیلی سەربەخۆیی کوردستان.
ئەگەر عەلی ویلایەتی تەنیا بۆخۆی قسە دەکات، ئەوا پەیوەندی بەخۆیەوە هەیە، بەڵام ئەگەر بیەوێ دەتوانێ تەماشای رۆژی ریفراندۆمی ٢٥ ئەیلولی بکات لەوێدا بۆی دەردەکەوێت چەند لەو قسانەی دەیکات نادروستە، چونکە ٩٣% دانیشتوانی کوردستان بە بەڵێ دەنگی بە ریفراندۆم داوە، ریفراندۆمیش بریتییە لەو بەڵگە یاساییەی کە تەعبیر لە ئیرادەی کوردستان دەکات بە هەموو پێکهاتەکانییەوە و تا ئەبەد دەمێنێتەوە. ئەم بەڵگە قانونییە بەهێزە لە دەستی سەرکردایەتی کوردستاندایە و لە هەر فرسەتێکدا بۆ هێنانەدی ئامانجی سەربەخۆیی بەکاریدێنێت.
ئەمە مێشکی شەڕخواز و نیەتی تێکدەرانەی کەسانی وەکوو عەلی ویلایەتی و سەرکردەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامییە کە ناوچەکەیان یەکپارچە بە ئاگر کێشاوە، هەموو دەروجیرانەکانی خۆیان توشی تەنگوچەڵەمە و شەڕی ناوخۆیی کردوە، هەر ئەوەش وایکردووە هەرچی سامانی مرۆیی و سروشتی ئێرانی هەیە لە دەستتێوەردانی دەرەکی سەرف بکرێ، هەروەها دانیشتوانی دەورووبەری وڵاتی خۆی بە گژ یەکدی وەربکات و رووباری خوێن دروست ببێت. لە هەمان کاتدا زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی وڵاتەکەی لە پایتەختی خۆیاندا(تاران) لەژێر کارتۆن دەخەون، هەر لە پایتەختەیاندا بە مێگەل ژن و پیاو و منداڵ شەوانە لە پارکەکان دەمێننەوە و هەموویان ئاڵودەی مادەی هۆشبەرن. ئەوە جیا لەو ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییە گەورەیەی بەرانبەر بەخۆیان هەیە. ئەمە نەتیجەی پلانی سیاسی و بیرکردنەوەی کەسانی وەک عەلی ویلایەتی و هاوشێوەکانیەتی.
بە پێچەوانەی ئێران، کوردستان رێزی پێکهاتەکانی و مافەکانی مرۆڤ دەگرێ، بەشێکە لە دنیای پێشکەوتوو. ئەگەر ئەمەریکا و ئەورووپا بۆ ساتێکی دیاریکراو بە هەڵەداچووبن لە راگرتنی باڵانسی ناوخۆی عێراق و کوردستان، زۆر ناخایەنێ ئەم بەڵانسە تێکدەچێ، چونکە وجودی ئێرانی لەم ناوچەیە نەک هەر دژی بەرژەوەندی کورد و عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانە، بەڵکو هەڕەشەیە لەسەر تێکڕای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا. هەر بۆیە سەرکەوتن بۆ میللەتی ئێمەیە و رۆژانی دیکەشمان لەپێشە. ئەگەر ئەمڕۆ عەلی ویلایەتی پێدەکەنێ، سبەینێ دەرپەڕاندنی قاسم سلێمانی و پاشەکشە پێکردنی حەشدی شەعبی و ریسوابوونی دۆستەکانی خۆی لەناو کوردستان دەبینێت.
ئەوەی کە دەمێنێتەوە ئیرادەی یەکپارچەیی گەلی کوردستان و مرۆڤ دۆستی و بەردەوامییەتی لەسەر پاراستنی خۆی و دۆستایەتی کردنی جیرانەکانی. ئێمە دەمێنین چونکە ئاشتیخوازین و داوای مافی ڕەوای خۆمان دەکەین، بەڵام ئێران جیهان قبوڵی ناکات پێویستە لە غەمی کەمەری خۆیدا بێت.
Back to top button