ٲصدقاء کرکوک!
ئهردهڵان ههڵهبجهیی
تا دێت دۆخی کەرکوک تایبەت بە کورد دژوارتر دەبێت و سەرەڕای تەسلیم کردنی شارەکە لە شانزەی ئۆکتۆبەر لە لایەن بەشێک سەرکردایەتی یەکێتی کە خۆیان ناوناوە هاوڕێیانی کەرکوک (ٲصدقاء کرکوک) و ئاوارە بوونی سەدان هەزار هاوڵاتی و سڕینەوەی مۆرکی کوردانەی ئەو شارەو قەدەغەکردنی هەڵکردنی ئاڵاو وێنەی ڕەمزو شەهیدانی کورد،بەڵام کوتلەی {هاوڕێیانی کەرکوک} کە بە وتەی سەعدی پیرە کە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕۆژانی دوای داگیرکردنی کەرکوک بڵاو کراوەتەوە،پاڤڵ تاڵەبانی سەرپەرشتیان دەکات,خۆیان لە دەرئەنجامی ڕێکەوتنە ژێر بەژێرەکەیان لەگەڵ حەشد و سوپای عێراق دەدزنەوەو لە ڕێگەی چەند قەڵەمێکی ڕوو قایمەوە دەیانەوێت تەواوی ڕوداوەکانی کەرکوک و خورماتوو بە عەلاگەی ڕیفراندۆمدا هەڵواسن.
{هاوڕێیانی کەرکوک} کە خاک و خەڵکی کەرکوکیان خستە ژێر پێ و بەردەم کەڵبەی حەشدی شەعبی و دواتر وتیان(هاوارمان کرد کەرکوک ڕیفراندۆمی تیا نەکرێت و گوێمان لێنەگیرا) بیریان چوە یان دەیانەوێت بیریان چێتەوە کە هەریەک لە ئەنجومەنی ناوەند و م.س یەکێتی لە ڕۆژانی ۷ی ۹ و ۲۳ی ۹ بە دوو بەیاننامە جگە لە پشتگیری ڕیفراندۆم مەرجی ئەنجامدان و بەشداریان لەو پڕۆسە بەستبویەوە بەوەی دەبێت کەرکوک و تەواوی ناوچەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە بەشدار بن،گەر نا ڕیفراندۆم مانای نیەو تەنانەت وایان لە میدیا بڵاو دەکردەوە کە پارتی نایەوێت ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم لە پرۆسەکە بەشدار بن،ئەی بۆ نەیان دیت خاتوو هێرۆ لە بنکەیەکی شاری کەرکوک بەڵێی بۆ ڕیفراندۆم کرد؟
ئەدی ئێستا چۆن دەیانەوێت لە ڕێی هەندێک مێدیاوە خەڵکی کوردستان لە خشتە بەرن و چاویان لە سەر خیانەتی ۱٦ ی ئۆکتۆبەر لادەن و بیخەنە سەر ڕیفراندۆم؟
ئەوەی لەم پرسیارانە زیاتر وەڵامەکەی لە لایەن (هاوڕێیانی کەرکوک)ەوە دەبێت بدرێتەوە ئەوەیە داخۆ تا ئێستاش بۆ چاوپۆشی لە خراپی دۆخی کوردانی کەرکوک و خورماتوو دەکەن و ڕۆژ نیە لە مێدیاکانەوە نەڵێن {کەرکوک ئارامە}،ئەمە لە کاتێکدا کە ڕۆژ نیە کەرکوکیەکان دووچاری گرتن و ڕفاندن و سوکایەتی نەبنەوە،ئاخر تۆ بڵێی {هاوڕێیانی کەرکوک} لابردنی تابلۆی شەهید شێرکۆو گۆڕینی ناوی شەقامە کوردیەکانی تریان نەدیبێت؟هەر بە ڕاستی ئەو کوتلە هەڵ لەرزینی مناڵانی کەرکوک و خورماتوو لەبەر سەرمای زستانی ناو خێوەتەکان نابینن؟ئەرێ گەلۆ بۆ لە خۆیان ناپرسن گەر ئەو ناوچانە ئارامن ئەدی ئەو هەزاران هاوڵاتیە لەدەستی کێی و بۆچی هەڵهاتوون؟
دواجار
گەر نەتان توانی و ناشتوانن وەڵامی ئەو پرسیارانەو دەیانی تر بدەنەوە،لێ بەس پێمان بڵێن بیرۆکەی ناوی {ٲصدقاء کرکوک} تان بەکام ڕووی قایمەوە لە خۆتان ناوە؟
ئێوە کە سەرچاوەی ئەم هەموو دەردو کارەساتەن بۆ کەرکوک و هەموو کورد،گەر {ٲصدقاء کرکوک} بن،ئەوا ئەبێت کێ {ٲعداء کرکوک} بێت؟