ململانێی ئیسرائیل ـ ئێران بەرەو کوێ؟

ئەردەڵان هەڵەبجەیی
 
تا دێت ململاێکانی نێوان تاران و ئەلئەبیب توندتر دەبن،سوریا بۆتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئەوەش زیاتر وە دیار کەوت کاتێک ئێرانیەکان دەستیان کرد بە دامەزراندنی چەندین پێگەی سەربازی بە ئامانجی گەیشتن بە دەریای سپی ناوەست و گەمارۆدانی ئیسرائیل وەک هەنگاوێکی درێژ مەودا بۆ سەندنەوەی بەرزاییەکانی جۆلان لە ئیسرائیل،ئەوەش بە بەکارهێنانی سوپای سوریاو میلیشیا شیعیەکانی لوبنان و سوریا کە جەنڕاڵە ئێرانیەکان لە چەندین بۆنەدا ئاماژەیان پێداوە.
 
ڕونیشە تا ئێستا ئیسرائیلیەکان ورد هێڵی دەستی ئێرانیەکانیان خوێندوەتەوەو بۆ ڕێگریکردن لەو ئامانجانەی ئێران فڕۆکە ئیسرائیلیەکان چەندین جار ئاسمانی سوریایان بەزاندووەو جگە بنکەو بارەگا سەربازیەکانی ڕژێمی سوریا لە پێگەی هێزە ئێرانیەکانیشیان داوە،بەڵام بێ ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاو بکرێتەوە،لێدانی بنکە سەربازیە ئێرانیەکان لە سوریاو میلیشیاکانی نزیک لەو وڵاتە هێند کاریگەر بوون تاران ناچار بوو پەیامێک بداتە تەلئەبیب تا ناچاری بکات هێرشە ئاسمانیەکانی ڕابگرێت،ئەو پەیامەش ئاڕاستەکردنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بوو کە ڕۆژی شەمە دوای بەزاندنی سنوری ئیسرائیل خرایە خوارەوە،گابرێل دوور مامۆستا لە زانکۆی حەیفا ئاماژە بەوە دەکات کە ئاڕاستە کردنی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە لە لایەن ئێرانەوە بۆ سنورەکانی ئیسرائیل نیشانەی کاریگەری قورسی هێرشی فڕۆکە ئیسرائیلیەکانە لەبە ئامانج گرتنی بنکە سەربازیەکانی ئێرانە لە سوریاو هاوکات وەڵامی ڕاستەوخۆی تارانە بۆ تەلئەبیب تا کۆتایی بەو هێرشانە بهێنێت.
 
گەرچی وا دەردەکەوێت ئەگەری بەریەک کەوتنی ئیسرائیل و ئێران دوورە بەڵام لە ڕاستیدا گەر گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی و سیاسەتی دەرەوەی ئێران ڕوو نەدات ئەوا دەتوانین بڵێین ئەگەری جەنگێکی لەو شێوە نەک دوور نیە بگرە نزیکە،چونکە لە ئێستادا ئێران جەنگی بەوەکالەت بە میلیشیا شیعیەکان دەکات دژی ئیسرائیل و ڕونیشە گەر ئێران نیازی بێت پێیەکانی بە باشی لە سوریا بچەسپێنێت ئەوە واتای لە قاڵبدانی ئیسرائیلە،هەربۆیە نزیکەی سیازدە مانگە ئیسرائیل ناوە ناوە بنکە سەربازیەکانی ئێران لە سوریا وێران دەکات،گەرچی ڕووسیا وەک نێوەند گیرێک خۆی نمایش دەکات لێ ئاشکرایە ڕووسەکان باڵادەستی ئێرانیان لە سوریا ناوێت و دەشزانێت هێزی ئیسرائیل لە چ ئاستێکدایە،بۆیە بەردەوام داوای دان بەخۆداگرتن لە هەردوو وڵات و پاراستنی سەروەری سوریا دەکاتەوە،بەڵام ئایا فشارەکانی ڕووسیا دەتوانێت ڕێ بگرێت لە هەوڵی ئێرانیەکان بۆ چەسپاندنی هەیمەنەی خۆی لە سوریاو دورخستنەوەی لە سنورەکانی ئیسرائیل؟بێگومان نەخێر چونکە چەندین جار مۆسکۆ ئەو داوایەی لە تاران کردوە کەچی بەردەوامە لە سەپاندنی هێزی خۆی لە سوریا،ئەوەش وا دەکات ئەگەری جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە دەرەوەی خاکی خۆیان نزیک بێت نەک دوور،ڕونیشە لەو جەنگە ئەوەی دەدۆڕێت تارانە،چونکە هێزو تەکنەلۆجیای سەربازی و هەواڵگری و هاوپەیمانەکانی تەلئەبیب هێند بەهێزن بەراورد ناکرێت لەگەڵ هێزو هاوپەیمانەکانی ئێران.
Back to top button