گەر پارتی نەبێ، هەرکەس بدات لەدەرگای کوردستان حزبەکانی سلێمانی دەبێت بڵێن پیاومان لەماڵ نیە

بهمن کاك عبداللە

هەر کێشەو ناڕەحەتیک و هەر هێرشێکی دوژمنکاری ڕووبەڕووی کوردستان دەبێتەوە ، هەرقەیرانێك ڕووبەڕووی کوردستان دەبێتەوە ، حزبەکانی سلێمانی و ڕاگەیاندنەکانیان کە بەخەڵوزی ئیران کاردەکات ڕووی دەمی پیسیان لەپارتی دەکەن ، و پارتی بەبەرپرس دەزانن ، کاتێکیش پارتی کوردستان ڕزگار دەکات و کورد دەکەوێتە خۆشی هەموویان دەبنە شاسواری مەیدان !

ئەم حزبە موزایدە چی و داردەستانەی سوپای پاسداران و قەرارگای ڕەمەزان ، دوای ئەوەی لەڕێگری کردن لە ڕیفراندۆم شکستیان هێنا ، دواتر بۆ ڕیگری لەسەربەخۆیی کوردستان بەشێکیان عەسکەریەن خیانەتیان کرد و بەشەکەی تریان سیاسیەن پشتیوانیان کرد ، ٥۱٪ خاکی کوردستانیان بەخشی بەداگیرکەری عەرەب و فارس ، دواتر بەڕاگەیاندنەکانیان لەشەڕی ( پردێ و مەخمور و سحیلا) هاوکاری داگیرکەریان کرد بۆ کۆتایی هێنان بەئەزموونی حوکمڕانی کوردستان ، بەڵام پارتی لوتی خۆیان و سوپاو ئاغاکانیانی شکاند و ئەزموونی حوکم ڕانی پاراست ٠

ئەوجا ئەم حزبۆکانە لەحکومەتی هەریم کشانەوە و داوای حکومەتی ئینقازیانکرد بەئامانجی کۆتایی هێنان بەئەزموونی حوکمڕانی کوردستان ، دیسان پارتی لوتی شکاندن ، ئەوجار چوونەوە بۆ بغداد الحبیب و داوایان لەعەبادی کرد دانوستان لەگەل حکومەتی هەریم نەکات و وەک پاریزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات ، جارێکی تر پارتی لوتی خۆیان و بغدادیشی شکاند .

ئەمجارەی پیش کۆتایی هاتنەوە دەستیانکرد بەهاندانی فەرمانبەران ودەستیانکردبەخۆپیشاندان بۆ روخاندنی حکومەت بەناوی مووچە ، لەمەشیان دا پارتی بەچاککردنی موچە لوتی شکاندنەوە ، ئێستا دوای شکست و ئاڵت هێنانیان لەهەموو هەوڵەکانیان و دەست بەتاڵ بوونیان بۆ موزایدە دەستیانکردوە بە شاتە شات گوایە پارتی بۆ بێدەنگە لەبەرامبەر هاتنی سوپای تورکیا !

ئاخر ئەو خەڵکەی خۆتان و ئەوەشی باوەڕی پێتانە گەر نەگەوجابێت ، لێتان دەپرسێ ئەرێ خێرە ئیوە بۆداگیرکردن٥۱٪ی خاکی کوردستان لەلایەن عەرەب و فارسەوە بێدەنگ بوون ، ئەری خیرە ئیوە بۆداگیرکردنی بەشێکی خاکی کوردستان لەلایەن ئێران و بوونی زیاتر لە ٤٠ بارەگای ئیتلاعات لە سلێمانی بێدەنگن ؟

ئەری خێرە بۆهاتنی سوپای تورکیا بۆشاخەکانی کوردستان ، بەدەست کێشی پەکەکەی باڵی جەمیل بایک ودۆران کاڵکان ، لەسەرخواستی ئیران ، پارتی تاوانبار دەکەن و داوای هەڵوێستی لێ دەکەن ؟ گەر ئێوە ئەوەندە شەریفن و ئەو قسانەتان قاسم سولەیمانی بۆی نەنوسیوون ؟ بۆداوا لەپەکەکە ناکەن شەڕی خۆی بباتە ناوخاکی تورکیا، بۆئەوەی سوپای تورکیا بیانوی نەمێنێ و نەتوانێ بێتە باشوری کوردستان .

ئەی ئێوە نەتان دەوت پێشمەرگە چاری سوپا فشۆڵەکەی عێراق ناکات ؟ ئەی ئیستا پارتی چۆن و بەچی شەڕی دووەم هێزی ناتۆ و فرۆکەی ئێف ۱٦ بکات ؟

ئەی ئێوە نەتان ووت ئێمە دژی سەربەخۆیی کوردستان ین و لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراق الحبیب ین ؟ ئەی خۆ ئیستا( من زاخۆ الی بحر ) عێراقە ، تورکیا سیادەی عێراقی پێشێل کردوە، بۆداوا لەعێراق ناکەن هەڵوێستی هەبێت ؟

بەهەر سی جوزئی قورئان نەخەمی هاتنی سوپای تورک و داگیرکردنی خاکی کوردستان تانە و نەخەمی خەلکی ژێردەسەڵاتی پارتیتان ، بەلکو حەزیش دەکەن دەبابەی تورکی هەمووپارتیەکان بشێلێت ، ئێوە خەمی ئەوە دایگرتوون ، پارتی ماوەیەکی تر پاشەکەوتی موچە هەڵدەگرێت وئێوە بەتەواوی توشی ئیفلاسی سیاسی دەکات ، بۆیەدەتانەوی نێوانی هەرێم وتورکیا بکەن بەشەڕ بەو ئومێدەی تورکیا بۆری نەوتی کوردستان ڕاگرێت و کوردستان لەقەیرانی دارایی ڕزگاری نەبێت تا ئێوە هەر بەردەوام بن لەموزایدە .

ئەو خورمایەی ئێوە خواردوتانە پارتی دەمێکە ناوکەکەی ناردۆتەوە بۆ قاسم سولەیمانی ئاغاتان .

مادام پارتی بەرپرسە لەهەمووشتێ ئیتر گەرهەرکەس دای لەدەرگای کوردستان و پارتی دیار نەبوو ، ئێوە بڵێن پیاومان لەماڵ نیە .

تێ بی نی / مەبەستم لەو کەناڵانەی کەبەخەڵوزی ئێران کاردەکەن ئەوەیە کاتی خۆی ڕووداو ئێچ دی بوو دەیان ووت بەنەوت کاردەکات ! ئێستا کەناڵەکانی خۆیان هەموو ئێچ دیە دیارە هی ئەوان بەخەڵوزی ئێران کاردەکات !

 

Back to top button