پاشكۆیەتی بەڕۆحیانا چووە تازە ناتوانن لێی دەرچن!
كاوە میران
ئەوانەی ڕۆژگارێك خۆیان لە ژێر پەردەی نیشتمانپەروەریی و كوردایەتی و دروشمی قەبەی وەك: مافی چارەی خۆنووسین، لە سەر دڵمان دەینوسین! خەڵكیان فریووئەداو مزایدەی سیاسییان بە سەر خەڵكی دیكەدا دەكرد، ئەوانەی لە ڕابردوودا جاشێتییان داهێناو دواتر لە نێو تەپۆتۆزی خەباتی شاخ و شاردا بزرییان كرد، ئەوانەی لایەنی دیكەیان بە ناو و ناتۆرەی ناڕەواو و چەواشەكار تۆمەتبار دەكرد، ئەمڕۆ زەلال زەلال دەركەوتن و دەمامكیان كەوتەخوارەوە.
باڵێكی یەكێتی كە هێرۆ و چەند كاسەلێسێكی دەرباری ماڵبات ئیدارەی دەدەن، درێژە پێدەرومیراتگری هەمان نەفەسی برایم ئەحمەد كە مێژووی جاشی شەست و شەشیان كردە هەوێنی نەریتی خیانەت و خەنجەر لە پشتدانی شۆڕش و بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان..
ئەو باڵە لێرە قورخكارو دەستڕۆیشتووە، بەڵام لەودیوو سنوورەوە هێندە خۆبەبچووكزان و چۆك لەرزیوو دەستەپاچەیە لە بەرامبەر ئەفسەرێكی ئاست نزمی كۆماری ئیسلامیدا ئامادەیە ئیرادەی میللەتێك تەسلیم بە داگیركەر بكات و ئەزمونی هەرێمی كوردستان هەرزانفرۆش بكات، ئەوە نییە دوێنێ بەیەك تەلەفۆنێك، سەریان بۆ قەرارگای ڕەمەزان شۆڕكردو خێرا بە تەیارەی نەفەرات خۆیان گەیاندە تاران، هێرۆ ئیبراهیم، خووی شیری هەتا پیری، وەك باوكی گوێلەمستی ئاغاكانی ئەو دیووە، دۆخەكەی وا لێكردوە بێی پرسی قەرارگای ڕەمەزان و ئاغای سلێمانی، ناتوانێ پۆستێكی حزبی و ئیداریی و ئەمنیش لە سلێمانی بگۆڕێ.
ئێران بە هۆی بەهێزبوونی ڕۆژبەڕۆژ زیاتری پارتی و ئەگەری لێكهەڵوەشانەوەی یەكێتی شڵەژاوە، بەهۆی سڕبوون وكاڵبوونەوەی ڕێككەوتنەكەی هێرۆ – نەوشیروان، كە موهەندیسەكەی ئیتلاعات بوو، هاواری لێ هەڵساوە، بەم ڕیزبەندە سیاسییە نوێییەی پارتی و ناوەندی بڕیارو یەكگرتووی ئیسلامی، ئۆقرەی لێ بڕاوەو هاتۆتە هەست بە شكستی سیاسەتی خۆی دەكات لە دەخالەتكردن و سەپاندنی هەژمونی خۆی بە سەر هەرێمی كوردستان، هەر بۆیە هێرۆ ئیبراهیمیش كە هەموو شتێكە تەنیا نییە هیچی دەرەتانی نەماوە مەگەر ئێران لەو زەلكاوەی لە گەڵ باڵی ناوەندی بڕیار تێی كەوتووە فریادڕەسی بێت و بەڵكو دەربازی بكات.
ئەم بەشەی یەكێتی لە ئەزەلەوە لە گەڵ پاشكۆیەتی ئیرانییەكان ڕاهاتووە، ناتوانێ لێی دەرچێ چونكە ئیتلاعات رۆحی بە جاشێتیی و پاشكۆیەتی ژەهراوی كردوون، ئیرادەی وێرانكردون و وزەوتوانای بڕیاردانیان لێسەندراوەتەوە.!