کەتنی دوو ئیدارەیی یەکێتی
یاد سرێشمەیی
هەرێمی کوردستان لە دوای قۆناغی ئازادی عێراق و فیدرالیەت، لەرووی دیپلۆماسی و کرانەوەی بەڕووی جیهان پێشڤەچوونێکی بەرچاو و گەورەی بەخۆوەبینی بەتایبەت لە ڕوویی ئاوەدانی و ئەمنی بە جۆرێک وەک یەکێک لەبەهێزترین هەرێمەکانی دونیا دەرکەوت، لەوکاتەوە تا ئێستا کوردستان لەنێو هاوکێشە ئیقلیمی و جیهانیەکان وەک ژمارەیەکی دیار و حساب بۆکراو دەخوێندرێتەوە.
قۆناغی دوای ئازادی عێراق، قۆناغی گەشەی سیاسی و ئیداری و دیپلۆماسی هەرێم بوو، کرانەوەی بەڕووی جیهان وای کرد زیاتر لە ۳۳کونسولخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان لە کوردستان ببینرێن، هەروەها لەو کاتەدا لە بیاڤی بەرهەم هێنانی نەوت و غاز توانی بکەوێتە سەر نەخشەی جیهانی وزە و هەروەها لە ڕووی ئەمنی لە کاتێکدا هاوسنوری دڕەندەترین و گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستی جیهان بووین، لە ناوچەیەک کە گەرای توند ئاژۆیی دینی تێدا داندراوەو لە ژینگەیەکی فەوزەوی و تەژی لە شەڕ هەرێمێکی نموونەی ئارامی و پارێزراوە.
لە ڕابردوو ئەوەی دژ بە هەرێم کراوە لە ئەنجامی درزی نێوان ڵایەنە سیاسیەکان بووە، لە ئەنجامی کەتنی هاندانی مالکی بۆ هێنانی هێزی دیجلە و کەتنی پێشنیاری بڕینی بوودجە بووە تا دەگاتە تاوانی خیانەتی ۱٦ـی ئۆکتۆبەر و چاوساغی هێڕشکردنە سەر هەولێری پایتەخت بووە، خۆ لەبەرامبەریدا بەیەک دەستەی ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش و تێیدا سەرکەوتن و ئاوەدانی کوردستان بووە.
ئێستا هەرێم لەبەردەم مەترسیەکی دیکەی گەورە دایە، کە مەترسی گەورەتر بوونی بۆشایی ناکۆکیەکان بەتایبەت دوای ئاکامەکانی هەڵبژاردن کە جیاوازی کورسی هێزە سیاسیەکان بە جۆرێک کەوتۆتەوە، بۆ چەند هێزێک کە کارخانەی کەتنی سیاسین زەحمەت هەزم دەکرێت، بۆ ئەو هێزەی حزبی لە پێش دەستکەوتە نیشتیمانیەکان دەبینێت، دیموکراسیەت و هەڵبژاردن و خواستی گەلیان بیردەچێتەوە ئاسان بەزاریان دادێت باس لە ماڵجیایی سلێمانی و دوو ئیدارەی بکات تا پارتی بخاتە ژێر باری خواستە سیاسیەکانی خۆی، ڕەنگە ئەوە ئەرکی ڕۆشنبیرانی کوردستان و حزبەکانی دیکەی کوردستان بێت وەڵامیان بدەنەوە، ئاخۆ چۆن دەکرێت ئەگەر زیاتر لەوەی هێناویانە پێیان نەدرێت دوو ئیدارەی ڕابگەیێنن، لە هەر بێدەنگیەکی ئەوان دەبێت چاوەڕوانی کەتنی دوو ئیدارەیی یەکێتی بین.