ئاوڕێك له‌ كۆماری كوردستان

ئه‌مڕۆ ۷۳ه‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی كۆماری كوردستانه‌ له‌ شاری مهابادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌و كۆماره‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئامانجی دروستكردنی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بوو بۆ كورد، هه‌وڵێكیش بوو بۆ گۆڕینی كۆمه‌ڵێك نه‌ریت و به‌های كۆمه‌ڵایه‌تی و دانانی بناغه‌یه‌كی فه‌رهه‌نگی ته‌ندروست بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی.

۷۳ ساڵ لەمەوبەر لەشاری مەھاباد كۆمارێك راگەیاندرا، ئەگەرچی تەمەنی كەمبوو، بەڵام ئامانجە گەورەكەی وەبیر داگیركەران ھێنایەوەو یەكگرتووییەكی نەتەوەیی لەنێوان ھەموو خوازیارانی دەوڵەتی كوردستان لە ھەرچوار پارچەی كوردستان دروستكرد. مەلا مستەفا بارزانی، لە باشوورەوە چووە یارمەتی پێشەوا قازی محەمەد و كۆمارەكەی بۆ ئەوەی بڵێ دەرفەتی سەربەخۆیی لە ھەر پارچەیەك بێ، ئەوانیش لەوێ دەبن.

كۆماری كوردستان له‌ ۲ی رێبه‌ندانی ۲٦٤٦ی كوردی، ” ۲۲ی كانوونی دووه‌می ۱۹٤٦” له‌ شاری مهابادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌لایه‌ن حزبی دیموكراتی كوردستان دامه‌زرا و پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د وه‌ك سه‌رۆك كۆماری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ سوێندی یاسایی خوارد، كۆماری كوردستان له‌ دوای كۆماری ئاگری-له‌ توركیا، دامه‌زرا و پایته‌خته‌كه‌ی شاری‌ مه‌ھاباد بوو كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری‌ خۆرئاوای‌ ئێران.

هه‌ندێك له‌و خاڵانه‌ی كۆماری كوردستان له‌سه‌ر دامه‌زرا و وه‌ك مانیفێستی كۆمار ناوی ده‌ركرد، بریتی بوون له‌:
– زمانی كوردیی بكرێته‌ زمانی راگه‌یاندن‌ و خوێندن‌ و كارگێڕی.
– كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی عه‌شیره‌تییه‌وه‌ بكرێت به‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی شارستانی “مه‌ده‌نی”
– ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا بۆ كوردستان به‌ مه‌به‌ستی چاودێری ده‌وڵه‌ت‌ و بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
– ھه‌موو به‌رپرسه‌كانی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نانه‌ له‌ خه‌ڵكی خۆجێیی ھه‌ڵبژێردرێن
– یاسایه‌ك ھه‌بێت كه‌ به‌ یه‌كچه‌شن مامه‌ڵه‌ كرێكار‌ و كه‌سایه‌تییه‌ باڵاكان دا بكات

لە ماوەی ۳۳۰ ڕۆژی تەمەنی كۆمار و تا ئەو كاتەی لە (۱۷ی كانوونی یەكەمی ۱۹٤٦) كۆتایی بە دەسەڵاتی هات و ڕووخا، چەندین سەروەریی گەورەی تۆمار كران. دیارترینیان پێكهێنانی كابینەی حكوومەت بوو بە سەرۆكایەتیی حاجی بابەشێخ لە ۱٤ وەزیر كە پێشتر ئاماژەمان پێ دا، بە ناوی (هەیئەتی رەئیسی میڵی كوردستان) لە (۱۱ی شوباتی ۱۹٤٦)دا. واتە ۲۰ ڕۆژ لە دوای ڕاگەیاندنی كۆمارى كوردستان. هەروەها بۆ یەكەمین جار لە مێژووی كوردا، پلەی (جەنەڕاڵ) بە چوار كەسایەتیی كورد درا كە هەریەك لە حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی، مستەفا بارزانی، عەمرخانی شكاك و حەمەڕەشیدخانی بانە بوون.

سێ ساڵ به‌ر له‌ دامه‌زرانی كۆماری كوردستان، كۆمه‌ڵێك گه‌نجی خوێنده‌وار كه‌ سه‌ر به‌ چینی مامناوه‌ندی شاری بوون، له‌ شاری مهاباد كۆمه‌ڵه‌یه‌كیان به‌ناوی “كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كورد” كه‌ به‌ ژێكاف ناو ده‌هێنرا دامه‌زراند، هه‌ندێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ بریتی بوون له‌ حوسه‌ینی فرووھه‌ر، عه‌بدولڕه‌حمان زه‌بیحی، عه‌بدولڕه‌حمان ئیمامی، عه‌بدولقادر موده‌ریسی، نه‌جمه‌دین ته‌وحیدی، محه‌مه‌د نانه‌وازاده‌، عه‌لی مه‌حموودی، محه‌مه‌د ئه‌سحابی، عه‌بدولڕه‌حمان كیانی، سدیق حه‌یده‌ری، قاسم قادری.

دوای ماوه‌یه‌ك چالاكی و به‌هێزكردنی رێكخستنه‌كانیان ئه‌و گه‌نجانه‌ دركیان به‌وه‌ كرد كه‌ پێویستیان به‌ كه‌سایه‌تییه‌كی كاریزمایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌یه‌وه‌ بیری كۆمه‌ڵه‌كه‌یان په‌ره‌ پێ بده‌ن و سه‌ركردایه‌تی ژێكافی بده‌نه‌ ده‌ست، چه‌ندان جار پێوه‌ندییان به‌ قازی محه‌مه‌ده‌وه‌ كرد و سه‌رئه‌نجام توانییان وه‌ك ئه‌ندامی نهێنی كۆمه‌ڵه‌كه‌ بانگهێشتی ناو رێكخستنه‌كه‌ی بكه‌ن و ناوی نهێنی “بینایی” پێ ببه‌خشن ، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ پێشنیازی پێشه‌وا كۆمه‌ڵه‌كه‌ گۆڕا به‌ حزب و ناوی حزبی دیموكراتیان بۆ دیاری كرد و هه‌ر قازی محه‌مه‌د وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌و حزبه‌ ده‌ستنیشان كرایه‌وه‌.

دوای كه‌متر له‌ ساڵێك له‌ دووی رێبه‌ندانی ۲٦٤٦ی كوردیدا، پێشه‌وا كۆماری كوردستانی له‌ مهاباد راگه‌یاند و وه‌ك سه‌رۆك كۆماری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ سوێندی یاسایی خوارد. ئه‌و كۆماره‌ به‌ته‌نیا پێوه‌ست نه‌بوو به‌ ناوچه‌ی موكریان و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ڵكو وه‌ك مانیفێستێك بوو له‌ سه‌رجه‌م شۆڕشه‌كانی پێشووی كوردستانی گه‌وره‌ و هێزی پاراستنی ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆمار له‌ باشووری كوردستانه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌و كۆماره‌ له‌سه‌ر بانگهێشتی پێشه‌وا به‌ڕێ كه‌وتبوون و سوپای بارزان بوون به‌ كۆڵه‌كه‌ی پاراستنی سه‌ربازی كۆماره‌كه‌ و له‌ سه‌رجه‌م پارچه‌كانی تری كوردستان نوێنه‌ری شۆڕش و بنه‌ماڵه‌ و عه‌شیره‌ته‌كان له‌ راگه‌یاندنی كۆماردا ئاماده‌ بوون.

* كابینه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كۆماری كوردستان
پێشه‌وا حاجی بابه‌شێخی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی كۆماری كوردستان ده‌ستنیشان كردبوو بۆ دروستكردنی كابینه‌ی وه‌زیران كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ وه‌زاره‌ت و وه‌زیره‌كانی كۆماری كوردستان راگه‌یه‌نرا.

۱. حاجی بابە شێخ (كەسایەتی): سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران.
۲. جەنەراڵ محەمەد حوسێن سەیفی قازی (خاوەندار): وەزیری هێز (جەنگ).
۳. محەمەدی ئەیووبیان (دەرمانساز): وەزیری تەندروستی.
۴. محەمەد ئەمینی موعینی (بازرگان): وەزیری كاروباری ناوخۆ.
۵. عەبدولڕەحمان ئیلخانیزادە (خاوەن موڵك): وەزیری موشاویر (نەخشەكێشان).
۶. ئیسماعیلی ئیلخانیزادە (خاوەن موڵك): وەزیری ڕێگاوبان.
۷. ئەحمەدی ئیلاهی (كوتاڵفرۆش): وەزیری ئابووری.
۸. كەریمی ئەحمەدین (فەرمانبەر): وەزیری پۆست و تەلگراف.
۹. مستەفای كەریمی (بازرگانی): وەزیری بازرگانی.
۱۰. مەنافی كەریمی (خاوەندار): وەزیری فەرهەنگ (ڕۆشنبیری).
۱۱. مەحموودی وەلی زادە (كوتاڵ فرۆش): وەزیری كشاوەرزی (كشتوكاڵ).
۱۲. سدیقی حەیدەری (كاسبكار): وەزیری تەبلیغات (ڕاگەیاندن).
۱۳. خەلیلی خوسرەوی (بازرگان): وەزیری كار.
۱۴. مەلا حوسێنی مەجدی (مامۆستای ئایینی): وەزیری داد.

دوای ۱۱ مانگ یان ۳۳۰ ڕۆژ لە تەمەنى پڕ شكۆی كۆمار و بڕینی چەندین هەوراز و نشێو لەسەر ئەو دۆخەی بەسەریدا تێپەڕی، كۆتایی پێ هات. ئەوەش دوای ئەوەی لە (۱۷ى كانوونی یەكەمی ۱۹٤٦) شاری مەهابادى پایتەخت لەلایەن سوپای پێنجی خۆرئاوای دەوڵەتی پادشایەتی ئێرانەوە داگیر كرا و پێشەوا قازی محەمەد و چەندین كار بە دەستی پایەبڵندی كۆماریش دەستگیر كران. لەنێو ئەواندا پێشەوا سەركۆماری كوردستان و حەمەحوسێن خان سەیفی قازی وەزیر جەنگی كۆمار و سەدری قازی نوێنەری شاری مەهاباد لە پەرلەمانی ئێران، لە بەرەبەیانی (۳۱ى ئاداری ۱۹٤۷) لە گۆڕەپانی (چوارچرا)ى شاری مەهاباد، ئەو گۆڕەپانەی كۆماری تێدا راگەیەنرا، لەسێدارە دران. بەوەش كۆتایی بە تەمەنی كۆمار هات و بووە بەشێك لە مێژووی پڕ لە تراجیدیای مێژوویی نەتەوایەتیمان وەك كورد.

Back to top button