رۆنی باشترین راهێنەر بۆ مانچستەر یونایتد دیاری دەكات
واین رۆنی ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی ناوی دوو راهێنەری هێنا بۆ ئەوەی لە سەرەتای وەرزی داهاتوودا ئەركی راهێنەرایەتی یانەكە وەربگرن.
یانەی مانچستەر یونایتد لە كۆتایی ساڵی رابردوودا بەهۆی ئەنجامە خراپەكان ئەركی راهێنەرایەتی تیپەكەی لە جۆزێ مۆرینۆ پورتوگالی سەندەوە، لە شوێنی ئەویش بەشێوەی كاتی تا كۆتایی ئەم وەرزە ئۆلێ جۆنار سۆڵشایەر راهێنەری نەرویجی دەست بە كار بوو.
یانەكە لە ماوەی رابردوو و یارییەكاندا لەسەر دەستی سۆڵشایەر چەندان ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە.
لەمبارەیەوە رۆنی بە رۆژنامەی (میترۆ)ی ئینگلیزی راگەیاند: سۆڵشایەر كەسێكی تابڵێی نایابە و پێموایە لە كۆتایی وەرزدا بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد بڕیار دەدەن بیكەن بە راهێنەری بەردەوامی تیپەكەیان.
زیاتر گوتی: شتێكی زۆر باشە سۆڵشایەر بەشێوەی هەمیشەیی وەك راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد بمێنێتەوە، ئەگەر ئەمە نەبوو دەبێت یانەكە بیر لەوە بكاتەوە ماوریسیۆ پوچیتینیۆ راهێنەری یانەی تۆتنهام بكات بە راهێنەری یانەكەی.
رۆژنامە ئینگلیزییەكانیش ئاماژەیان بەوەدابوو كە چەند راهێنەرێك بۆ ئەركی راهێنەرایەتی یانەی مانچستەر یونایتد لە وەرزی داهاتوودا پاڵێوراون ئەوانیش برێتین لە ماوریسیۆ پوچیتینیۆی راهێنەری یانەی تۆتنهام، دییگۆ سیمیۆنی راهێنەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید و جاریت ساوتجیت راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا.