هاندەرانی ریال مەدرید هێشتا بەرۆكی پێرێزیان بەرنەداوە
هاندەرانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تا ئێستاش بەرۆكی فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەكەیان بەرنەداوە و داوای دەست لەكار كێشانەوەی لێ دەكەن هەرچەندە لە چەند رۆژی رابردوودا توانیبووی زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی رازی بكات بگەڕێتەوە یانەكەیان.
پێرێ شەموو زێدان لە یەكەم یارییدا دوای گەڕانەوەی بۆ ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 28ی خولی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی سێلتا فیگۆی بردەوە.
هاندەران بەم سەركەوتنە دڵیان خۆش نەبوو و لە یارییەكەدا بە هەڵواسینی لافیتەیەك پەیامێكیان بۆ پێرێزی سەرۆك ناردبوو و تێیدا داوایان لێ كردبوو بە زووترین كات دەست لە كار بكێشێتەوە.
هەڵواسینی ئەم لافیتەیە ئەوە دەگەیەنێ كە تا ئێستا رق و كینەی هاندەرانی یانەی ریال مەدرید لە پێرێز هەڵنەستاوە كە بە هۆكاری سەرەكی شكستەكانی ئەم وەرزەی یانەكەیان دەزانن.
پێرێز بەهۆی رەخنەكانی هاندەران چەند رۆژێك پێش ئێستا ناچار بوو بڕیاری دەركردنی سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەری ئەرجەنتینی دەربكات و لە شوێنی ئەویش زێدان بگەڕێنێتەوە سەر ئەركی راهێنەرایەتی تیپەكەی.
ئەم وەرزە بۆ یانەی ریال مەدرید تاڕادەیەكی زۆر بەبێ هیچ دەستكەوتێك كۆتایی هاتووە دوای دەركردنیان لە جامی شای ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، هەروەها لەگەڵ دووركەوتنەوەیان لە پێشەنگی یانەكان خولی ئیسپانیا بە 12 خاڵ بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنەی ركابەریان.