بینەرانی سایە کەریم و بەرگریکارانی نیقاب

یاد سرێشمەیی

دوو ڕوداوی پڕ قسەی کۆمەڵگاو سۆشیاڵمیدیا لە ماوەی ڕابردوو هاتنە ئاراوە، بە لێوردبوونەوە لە هەریەکێک لە ڕووداوەکان بەتایبەت ئەگەر سۆشیاڵمیدیا بکەینە بەرخودی قسەکانمان کە دواجار ڕەنگدانەوەی تاکی کۆمەڵگایە بۆمان دەردەکەوێت کە کۆمەڵگایەکمان هەیە ڕووەو هەڵدێر هەنگاو دەنێت، ئێمە لە قوڵایی کێشەگەلێک دەژین، ئاکامێکی کارەساتباری لێچاوەڕوان دەکرێت.

ئەمڕۆ قسەکەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە پەنای نمایشکردنێکی ڕووالەتیانە، بێ ئەوەی حاڵی بن لە بنچینەی کێشەو ڕووداوەکان ڕاست و چەپ گەرماوگەرمی رووداوەکان قسەدەکەن، ئەوەی بۆمن جێی سەرنج و داخە هەڵەتێکەوتنی نوسەر و ڕۆژنامەنوس و مامۆستای ئاینی و تەنانەت مامۆستاو دکتۆرانی زانکۆیە، کە قیادەی تێگەو پێگەیان داوەتە دەست نوخبەیەکی ناحاڵی کۆمەڵگا، لە کاتێکدا ئەرکی ئەوان ڕاستەڕێکردن و ئاراستەکردنی کۆمەلگایە بۆ کۆمەڵگایەکی ساغلەم.

دەمێکە هەستم بەو درزە کۆمەڵایەتیە کردووە کە لەنێو کۆمەلگای کوردی دروست بووە، پێشم وایە سیاسەت هۆکاری یەکەمە لە درووستکردنی ئەو کەشە نا ئارامەی باڵی بەسەر کۆی کۆمەڵگای ستەمدیدەی کوردی کێشاوە، ڕەنگە سەڵماندنی ئەو هاوکێشەیە، مانۆرێکی خێرای بەسبێت بەناو سەردێر و ئاخاوتنی ئەمڕۆیی سیاسیان و پەروەردەی سیاسی چەند حزبێک ئینجا لێی حاڵی دەبین سەرەداوی ئەو هەموو بەریەککەوتنە ئالۆز بوونی تۆپەڵی سیاسیە لە کوردستان.

ئەو دوو ڕووداوە بەرچاو ڕوونی ئەوەمان دەداتێ ئەرێ چ کۆمەڵگایەکی ناڕاست تەنانەت لەگەڵ خودی خۆشمان هەیە، پێماندەڵێت بەشێک لەو پرسانەی دەبنە ڕۆژەڤ لە سۆشیاڵمیدیا سەرچاوەیان چ پاشخانێکی وێرانە و کۆلەواریە، بۆ هەردوو پرسەکە قسە لەسەر لایەنی ئەخڵاقی ناکەم، مەبەستیش ئەوەنیە خوانەخواستە بەیەکتریان بەراورد بکەین، تەنها مەبەست لێی بەپێی هەواڵی میدیاکان گرتە سێکسی و نەشیاوەکانی سایە کەریم کە دوورن لە پرەنسیپە ئەخڵاقیەکانی کۆمەڵگای کوردی و ناکۆکن لەگەڵ باوەڕی دینیمان، تا ئێستا سەرووی سێ ملیۆن بینەریان هەبووە.

ئەگەر سەیری رووداوە دروستکراوەکەی نیقابیش بکەین دەبینین زۆرترین کۆمێنت و پۆستی بەرگری کردنمان بینی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، سەیرەکە لەوەدایە بەرگریکارانی کارێکی بەناو ئاینی کە بۆمن جێگای نیقاشە، چۆندەکرێت بینەری ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە بن، بۆچی دەبێت تەنانەت ڕواڵەتیانە لەگەڵ خوا و دین و پرسە دینیەکان بن، لەکاتێکدا لە چاوەڕوانی گرتەی تازەی کچێکی پۆڕنن، ئەوە ئەگەر پەیوەندی بە ناجێگیری دەروونی تاکی کورد و نەخۆشی کۆمەڵگا و ئەو کەشە فەوزەویە نەبێت کە کەس خۆی بەخاونی نازانێت و هەمووشی لێی بەرپرسین دەبێت چی بێت.

 

Back to top button