دووفاقیەتى تێزى ناسیۆنالیستى لە سلێمانى
بە هەموو بەراوردێکى جیۆپۆلیتیکى و فەرهەنگى و بازرگانى، هەرێمى کوردستان و بەتایبەت دەڤەرى سەوز لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان نێزیکە تا ڕۆژئاواى کوردستان. تەبیعەتەن، کوردکوشتنیش لە هەر شوێنێکى دونیادا بێت هەر یەکە. پێم سەیرە بۆچى لایەنگرانى تێزى ناسیۆنالیزمى کوردى شین بۆ کوژراوانى ڕۆژئاوا بە دەستى ئەردۆغان دەگێڕن، کەچى لە بەرامبەر کوژرانى کورد لە ڕۆژهەڵات بە دەستى کۆمارى ئیسلامى نقەیان لێوە نایێت؟!
دەبێت باشوور تێ بگات کە:
کۆمارى ئیسلامى، شێرپەنجە و هۆکارى نائەمنى هەمیشەیی هەرێمى کوردستانە هەروەک چۆن تورکیەش وایە.
زۆرترین سنوورى دراوسێداری لەگەڵ ڕۆژهەڵات هەیە، بۆیە دەشبێت زۆرترین عەتفی بۆ پرسەکانى ئەوێ هەبێت.
ئۆپۆزسیۆنى ڕۆژهەڵات، هەرگیز نەبووە سەرئێشە و دەستى وەرنەدایە باشوور، بە پێچەوانەى پەکەکە کە زیاتر لە ٣٥٠ گوندى هەرێمى داگیر کردووە و بەردەوام سەرئێشەیە بۆ هەرێم.
ڕۆژهەڵات پشتى هەمیشەیی نەهامەتییەکانى باشوور بووە چ لە کۆڕەو بگرە تا کیمیاییەکە و شەڕى ناوخۆ و ئاوارەبوونى یەکیەتییەکان، کەچى تا ئێستا باشوورییەک لە باکوور و ڕۆژئاوا نەگیرساوەتەوە.
ڕۆشنبیرانى سلێمانى..
پێویستە هێندە بچووک بیر نەکەنەوە لە ئاست پرسە نیشتمانییەکاندا، ڕۆژهەڵات پێویستى بە کەمپەینى خواردن نییە، بەڵکو تەنیا پێویستى بە پاڵپشتى ئینسانى ئەویش لە دونیاى مەجازی (واتە ئەنتەرنێت) هەیە، بۆیە تەنیا بەسە بە شێوەى سیمبولیک پاڵپشتى ڕاپەڕینەکەیان بکەین.