بای بای عێراقی نوێ

ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایەی، کە دەڵێ” هەر ئەوەندە بڵێی عارەب مەرحەبا، هەم دەخوا هەم دەبا” شرۆڤەی داواکاری خۆپشاندەرانی بەغدا و شارەکانی خوارو بکەین، دەردەکەوێ داواکارییەکان لەسنوورێکی دیاریکراو ناوەستێ و نابڕێتەوە، چونکە وەک گوتراوە، هەر ئالوگۆڕێک رێگە بۆ ئالوگۆڕی دیکە دەڕەخسێنێ، نەخاسمە دووپاتکردنەوەی مەرجەعیەت لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە، لەلایەک بەمانای پشتیوانی کردن دێت لە مانەوەی حکوومەتی کاربەڕێکەر بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەتایبەتی ئەگەر ئەوە بە هەند وەربگرین، کە لەکاتی خۆیدا سەرۆکوەزیران لە نامەکەیدا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەدا بوو، کە دەست لەکارکێشانەوەکەی لەسەر داواکاری مەرجەعیەت بوو، لەلایەکی دیکە بەمانای رەتکردنەوەی هەوڵی هاوپەیمانە سیاسیەکان دێت بۆ دانانی سەرۆکوەزیرانی نوێ.

لەو پێداگرتنەشدا پێدەچێت مەرجەعیەت ئامادەکاری خۆی کردبێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆئەوەی لەمەودوا هەم سەرپەرشتی حکومڕانی بکات هەم کاروباری ئاینی، کە ئەمە ویستێکی کۆنی مەزهەبی شیعەیە و لەدیدی مەرجەعیەتەوە، بەپاساوی رزگارکردنی عێراق ئێستا کاتی پیادەکردنی ئەو ویستە هاتبێت. چونکە شتێک بەمانای جیاکردنەوەی مەرجەعیەت لە دەوڵەت لە مەزهەبی شیعەدا بوونی نییە.

بەلەبەرچاوگرتنی سیستمی ئێران و ئەو فرە پێکهاتە و مەزهەبییەی لە عێراق هەیە، لە سەردەمی ئێستادا دووبارەکردنەوەی ئەم سیستمە لە عێراق خێر ناداتەوە، نەخاسمە لەم نێوەندەدا خەڵکی دیکە و بەرژەوەندی جودا هەیە، بۆیە دوور نییە لە ئاستی ناوخۆدا لێکترازانی زیاتر لەنێوان پێکهاتەکانی لێبکەوێتەوە، لە ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا کارکەنارتر بێت، واتە ئەگەر پێشتر بە حوکمی فاکتەرگەلێک هێڵی سوور بوو، لەمەبەدوا دەرگا بۆ گۆڕانکاری لە نەخشەی ئێستای عێراق بخاتە سەر پشت.

Back to top button