پارتی و یەكێتی چی لە گۆڕان دەكەن؟
رێبوار كەریم وەلی
(1)
ئیتر پێدەچێ ئەوە یەكلایی بووبێتەوە كە پارتی و یەكێتی بەرەو رێككەوتنێكی دیكەی ستراتیژی دەڕۆن و زۆربەی شتەكانیشیان بڕاندبێتەوە. رێككەوتننامەی ستراتیژیی دووی هەر دوو حیزب دەمێكە باسی لێوە دەكرێت، تەنانەت پێش ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی دەباشان-یش بە چەند هەفتەیەك، چوارچێوەی رێككەوتنی نوێی پارتی و یەكێتی كامڵ ببوو، بۆیە رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی سوپرازێكی گەورە بوو بۆ پارتی و پێی هەزم نەكرا.
پەیامەكانی بارزانی لە 16 و 20ی نۆڤەمبەری پارساڵ روویان لە یەكێتی بوو كە دەبێ خۆیان یەكلا بكەنەوە، یان لەگەڵ پارتی بن، یان دژی بن، شتێك نییە لەو بەینەدا. پارتی خۆی لەگەڵ گۆڕاندا بە تەواوەتی یەكلایی كردووەتەوە و، قسەكانی بارزانی لە داڤۆس سەبارەت بە كۆتایی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان، دەلالەتە لەوەی كە پارتی ئیتر دەربەستی پێكهێنانی حكومەتی بنكەفراوان لەسەر بنەمای براوەكانی هەڵبژاردن نییە، بگرە دەیەوێ لەگەڵ یەكێتی، نەك بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بگرە بۆ دوای ئەویش رێككەوتنێكی تۆكمەی حوكمڕانی ئیمزا بكات. ئەو لایەنانەیش كە حەزیان لە بەشداری بێت بەشدارییان پێ بكرێت و، بوونی گۆڕان یان هەر حیزبێكی دیكە لەناو ئەو بازنەی حوكمڕانییەدا، نەكرێتە مەرج.
لەو حاڵەتەدا كە یەكێتی رێككەوتنی ستراتیژیی لەگەڵ گۆڕاندا هەیە، چی دەكات؟ لە ئێستاوەڕا بەشێكی یەكێتی و گۆڕان دژی ئەو نزیكبوونەوەیەی پارتی و یەكێتین و ئەو دەنگانەش بەئاشكرا دەبیسترێن، بەڵام پێناچێ ئەوە رێگر بێت لەوەی كە پارتی و یەكێتی رێككەوتنێكی دیكە ئیمزا بكەن و، بەیەكەوە سەردانی حیزبەكان بكەن. چونكە یەكێتی لە هەستیاریی دۆخەكە تێگەیشتووە. راستە گۆڕان توانی بەشێك لە سەركردە، كادیر و جەماوەری یەكێتی بۆخۆی بەرێت، بەڵام هێزی سەربازی و دارایی یەكێتی وەكو خۆی مایەوە. ئەگەر یەكێتی دەستبەرداری حوكمڕانیی كوردستان ببێت و لە بازنەی سلێمانیدا بخولێتەوە، دوور نییە هێزە سەربازییەكەشی لەدەست بدات، بەتایبەتیش كە لە دوو ساڵی رابردوودا، ئەو هێزە پابەندی بڕیارەكانی بارزانی بوونە وەك فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە. بۆیە یەكێتی، گۆڕان لە ئیدارەدانی سلێمانیدا دەهێڵێتەوە، بەڵام بێباكیشە لەوەی گۆڕان ناتوانێ لەوە خراپتر بكات كە تا ئێستا كردوویەتی.
گۆڕان پەنا بۆ چەك دەبات؟
(2)
مقۆمقۆی دروستكردنی شانەی چەكداری و گۆڕینی رژێم بە زەبری چەك لەناو گۆڕاندا شتێكی تازە نییە و هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە، ئەو دەنگانە دەبیستران. گۆڕان، بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە كوردستاندا، كاری لەسەر ئەوە كرد كە لەبری دروستكردنی چەكداری سەر بەخۆی، پارە و چەك لەدەست پارتی و یەكێتی دەربهێنێت. بە درێژایی 10 ساڵ ئەوەی پێ نەكرا و پارە و چەك هەر لای یەكێتی و پارتی مانەوە. بەشێكی زۆری نائومێدیی كادیر و لایەنگرانی گۆڕان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە بۆچی دەبێ حیزبەكەی ئەوان بەو هێزە جەماوەرییەوە، توانای هێنانەدی دروشمەكانی خۆی نەبێت؟!
لەو بارودۆخەی كە ئێستا كوردستان و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، قسەی ئەوەڵ و ئاخیر ئەو لایەنانە دەیكەن كە خاوەنی هێزی سەربازین، چونكە ناوچەكە لە جەنگدایە و جەنگیش بەردەوامە. بۆیە رۆڵی دامەزراوە مەدەنییەكان كاڵ بوونەتەوە و جێگەی سەرنجیش نین تا هەر نەبێ بەگوشاری دەرەكی كارا بكرێنەوە. جا كە وابێت، گۆڕان وەك هێزێكی بێ چەك و بێ پارە، چی لە دروشمەكانی دەكات و چ وەڵامێكی بۆ هەوادارانی هەیە؟ كە هەوڵەكانی گۆڕان لە 17ی شوبات و دواتری، بۆ گۆڕین سەری نەگرت، پرسیارم كرد، ئەی لەمەودوا چی دەكەن؟ وەڵام ئەوە بوو: “چەك هەڵدەگرین و دەڕژێینە سەر شەقام”.
نائومێدی لە گۆڕین، هەڵگرتنی دروشمی نەگونجاو لەگەڵ واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی، بەربەستە سیاسییەكان و رێگرییە یاساییەكان، وا دەكات بزووتنەوە سیاسییەكان تەحویل بن بۆ بزووتنەوەی چەكداری. جارێ گۆڕان پێشگیریی كاری سیاسیی لێ نەكراوە و حیزبێكی یاساییشە، بەڵام كارتە سیاسییەكانی تەواو بوونە. بۆیە شانەی نووستووی چەكداری هەیە و رێكیشخراون. ئەمە ئیدیعا نییە، چونكە سەرۆكی هەڵپەسێردراوی پەرلەمان، لە دیمانەیەكدا دەڵێ، دەیتوانی بە زەبری هێزی چەكداری بێتە ناو هەولێرەوە، بەڵام نەیكردووە! ئەوە داننانە بەوەی كە هێزی چەكداریان هەیە. لەو حاڵەتەدا، گۆڕان تەنها سوپرایزێكی ماوە، ئەویش بەكارهێنانی چەكە.
نزیكبوونەوەی گۆڕان و پەكەكە
(3)
یەكێتی بەم دواییە و لە سۆنگەی گۆڕانكاریی ناوچەیی و جیهانییەوە، لە پەكەكە دووركەوتۆتەوە و دووریش نییە هەمان سیناریۆی سەرەتای نەوەتەكان دووبارە بێتەوە كە بە هێزی هاوبەش بەرەنگاری پەكەكە بوونەوە. لەو سیاسەتەدا یەكێتی مەبەستیەتی كە لە داهاتووی كوردستانی رۆژئاوادا خاوەنی قسە بێت و، باری لەنگی خۆی لەگەڵ توركیاشدا راست بكاتەوە. بەڵام ئەوە هاوكات دەبێ لەگەڵ ئەوەی كە بزووتنەوەی گۆڕان دوای نائومێدی لە پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆیی، لە پەكەكە نزیك و نزیكتر ببێتەوە و لە ئەگەری هەر پێكدادانێك كە لە رۆژئاوا یان شەنگال رووبدات، نەك هەر پشتیوانیی مەعنەوی و ئیعلامی، بگرە لە رووی مرۆییشەوە لە پاڵ پەكەكەدا بووەستێ.
ئێران رۆڵێكی گرنگی دەبێت لەو بارەیەوە، چونكە مەبەستیەتی شەنگال و ناوخۆی كوردستانی رۆژئاوا، نەبنە خاڵی یەكلاكەرەوە، بگرە شەڕێكی سەرتاسەری لەناوخۆی كوردستانی باشوور بەرپا بێت. گۆڕان دەتوانێ پەكەكە بەرێتە ناو قووڵاییەكانی كوردستانی باشوور و بەیەكەوە شەڕی نەیارە هاوبەشەكەیان (پارتی) بكەن.