باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق بۆ سهرۆك بارزانى:ئەو پێكەوە ژیانەی لە كوردستان هەیە لە لایەن قەداسەتی پاپا و ڤاتیكان مایەی ئومێد و جێگەی پێزانینێكی زۆرە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ـی نیسانی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە میتیا لێسكۆڤار باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق سوپاسی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ فراوانكردنی پێكەوەژیان و كراوەیی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و هەروەها یارمەتیدانی كریستیان و پێكهاتەكان لە كاتی تەنگانە و هێرشی تیرۆریستان و، وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی سەردانەكەی پاپا فەرەنسیس بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند كە ئەو پێكەوەژیانەی لە كوردستان هەیە لە لایەن قەداسەتی پاپا و ڤاتیكان مایەی ئومێد و جێگەی پێزانینێكی زۆرە. ئەوەشی خستەڕوو كە فەرهەنگی یەكترقبووڵكردنی كوردستان وا دەكات كە كریستیانەكان و پێكهاتەكانی تر متمانەیان بە ئاییندەی خۆیان هەبێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سەردانی پاپا فەڕەنسیسی بۆ هەرێمی كوردستان بە مێژوویی وەسف كرد و ڕایگەیاند خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانەوە بە سەردانەكەی پاپا خۆشحاڵ بوون.
پەیوەست بە كولتووری پێكەوەژیانی خەڵكی كوردستان سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەو كولتوورە ڕیشەی لە مێژووی دێرینی گەلەكەماندا هەیە و تایییفەگەری و دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی نەیتوانیوە لە كوردستان هیچ جێگەیەك بكاتەوە.
سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە ئێمە هەموومان لە مرۆڤایەتیدا برای یەكترین و هەڵسەنگاندنی هەر كەسێكیش دەبێ لەسەر بنەمای ڕەفتارەكەی بێت نەك بیروڕای.