ئەوەی (تاریق عەزیز) بە بارزانی و تاڵەبانی گووت
کارزان سەباح هەورامی
کاتی خۆی شاندی کوردی بەسەرۆکایەتی (مەسعوود بارزانی) و (جەلال تاڵەبانی) بۆ گفتووگۆکردن دەچنە بەغدا و لەوێ چاویان بە “تاریق عەزیز” وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی عێراق دەکەوێت، ئەو کەسایەتییەکی مەسیحی بووە، لەسەر پرسی کەرکووک، تاریق عەزیز، نمونەیەکی خۆیانی بۆ شاندەکە باس دەکات و دەڵێت: “کاتی خۆی ئیسلامییەکان هێرشیان کردە سەر ئەندەلووس، (ئیسپانیای ئێستا)، ئێمە بۆ ماوەی 800 ساڵ بۆ ئەو وڵاتە گریاین، هیوادارین ئێوەش بۆ کەرکووک نەگرین”.
قسەکانی تاریق عەزیز، وەک ئەوە بوو کە کورد چاوی بەکەرکووک ناکەوێت، دەبێت چۆن وەک ئەوان بۆ ئەندەلووس گریان ئەواش کورد بۆ کەرکووک بگری، هەڵبەتە ئەو کات(بارزانی و تاڵەبانی) وەڵامی خۆیان هەبووە، بەڵام بۆ بیرهێنانەوەیەکی قسەکانی تاریق عزیز، لەهەمووکات زیاتر ئێستا دەبێت خەڵکی کوردستان لە مەترسی تێکدانی ئارامی کەرکووک بترسن، هەوڵەکانی (نووری مالیکی)، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، بۆ دروستکردنی حەشدی شەعبی بەردەوامی هەیە، بەناوی پاراستنی سەروەری شیعە، دەستیان داوەتە کڕینی مەزاری کاکەییەکان و ناو نووسینی خەڵکی بۆ ناوڕیزەکانی حەشدی شەعبی، هەوڵی جێگیرکردنی لیوایەکی حەشد لەشارەکە دەدرێت، لەولاشەوە مەترسی داعش لەسەر کەرکووک بەردەوامی هەیە، لەوە دەچێت دەیان پیلانی دیکە وەک پیلانی هێرشەکەی رابردووی داعش بۆ سەر شارەکە دانرابێت، ناکرێت هێشتا پێمان وابێت ئەم شارە لە مەترسی دەرچووە.
لەوە دەچێت هێشتا عەقڵیەتی شۆڤێنی و عەرەبی شۆڤێنی لەو بیرکردنەوانەی (تاریق عەزیز) بسوورێنەوە کە پێیان وایە سەردەمی باسکردنی کەرکووک بەسەر چووە، پێش هەموو لایەنێک دەبێت لایەنە کوردییەکان ئەو مەترسییە تێپەڕێنن کە ئێستا خەریکە لەخشتەیان دەبات، لەوە دەچێت یەکێک لە ئاماژەکانی قسەکانی (تاریق عەزیز)، ئێستا سەرهەڵبدات و ئێمە بەخۆمانی نەزانین، چەند ڕۆژی رابردوو حکوومەتی عێراق، بەبێ ئاگاداری هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تاران لێگەیشتنی کردووە بۆ فرۆشتنی نەوتی شارەکە بە ئێران، گەورەترین مەترسی لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە کە ئێستا هەرێمی کوردستان بەرەو سەربەخۆی دەچێت و هەنگاوەکان نزیکن لەسەربەخۆییەوە، بۆیە پیلانێک هەیە، دەیانەوێت کەرکووک لە کوردستانی دابماڵن، رێککەوتنێک بکرێت، کەرکووک لە کوردستان دەربهێنن و رێککەوتنێک بکرێت لە دەرەوەی ئیدارەی کوردستان بۆ ئەوەی بڵێن ئیدارەی کەرکووک لە دەرەوەی کوردستانە و کەرووک بکرێتە پرۆژەی سەربەخۆ لە پارێزگاکانی دیکە جیاواز بێت، گوایە تایبەتمەندی دەدرێتێ، بۆیە گرنگە سەرکردایەتی کوردستان لەم مەترسییە ئاگادار بێت، ئێستا زیاتر لە جاران دەبێت ڕووبکرێتە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە نەکەونە ژێباری هیچ رێککەوتنێکەوە کە دواجار کەرکووک لەدەست دەربچێت، چونکە یەکێتی لە سنووری کەرکووک نزیکەی هەزار شەهیدی پێشمەرگەی هەبووە، لەهەمان کاتدا هەولێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی لایەنە کوردییەکان رازی بکەن بۆ ئەوەی رەزامەندبن بۆ کشانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پێش هاتنی داعش، کە سەرجەم ئەم پیلانانە ئەو قسانەی (تاریق عەزیز)مان بیردەهێنێتەوە کاتێک دەڵێ: “دەبێت بۆ کەرکووک بگریەن” دەبێت هێزو لایەنە سیاسییەکان باش لەوە تێبگەن کە ئەوەندە شاری کەرکووک بەئامانج گیراوە تا ئەو کاتەی بکرێتە برینێک لەسەر جەستەی خەڵکی کوردستان. لەوە دەچێت قسەکانی (تاریق عەزیز)، لەکاتی خۆیدا رەهەندی دیکەشی هەبووبێت، بەس ئێستا دەرکەوتەکانی دەردەکەوێت، یەکێک لەو رەهەندە مەترسیدارانەی لەسەر شارەکە هەیە جۆرێک لە جموجۆلی سیاسی هەیە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی (سوننەی مالیکی و کورد و شیعە)، نییەتی ئەم هاوپەیمانییە لەوە دەچێت لەوە دابێت کە کاتێک باس لە ڕیفراندۆمی ئەو ناوچانە دەکرێت ئەمە وەک ئەلتەناتیڤێک بەکاربهێنرێت بەوەی دەنگ بدرێت لەدژی ڕیفراندۆم، چونکە راستییەک هەیە لەماوەی رابردوو ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی عەرەبی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لە کەرکووک جێگیرکراون و بەشێکی زۆریان لەسەردەمی ڕژێمی سەدام هەناردە کراون بۆ شارەکە. سەرجەم ئامانجەکان لەو پێناوە بووە کە کەرکووک بکرێتە قوربانی و پێکهاتەی کوردی تێدا کەم بکرێتەوە. گرەوی کۆتایی ئەوەیە کە کورد قسەی (تاریق عەزیز) بەجێ دەهێنێت و تاماوە بۆ کەرکووک دەگریت؟ یان خوێنی داوە و دەست بەرداری نابێت.