پەکەکە و شەری براکوژی

نیازحاجی

پەکەکە پرۆژەیەکی ئەنتی کوردستانیە و تێکەڵەیەکە لە دورستکراوی دەستی چەند دەزگایەکی هەواڵگری هەرێمی هاوشێوەی داعش .
دروشمەکانی رابردویان ساختە و چەواشەکارانە بووە ، ئەوان جورئەتی ناو هێنان و باوەڕیان بە نەتەوە و کوردستان و ئاڵاو پێشمەرگە و پێکەوە ژیان نیە .
لەماوەی رابردوشدا پەکەکە ئەوەی سەڵماندوە کە هێزێکی تیرۆریستیە هاوشێوەی داعش ، منداڵی خوار تەمەن ۱۸ ساڵی لە ریزەکانیدا چەکدار دەکات و تەقینەوی خۆکوژی ئەنجام دەدات و دیل و بەندکراو دەسوتێنێت ، لە سوریا هاوپەیمانی ئەسەدە و لە عێراقیشدا بەشێکە لە حەشدی شەعبی .
هەرەها لە شەنگاڵیش کە شارۆچکەیەکی یەزیدەیەکانە ، دوور له ويستى يەزیدیەکان داگیری کردووە ، هەروەها رێگرە لە گەرانەوەی دانیشتوانەکەی و گەیاندنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە .
هیچ کات پەکەکە پابەندی بەڵێن و رێککەوتنەکان نەبووە ، خۆسەپێنانە رەفتاری کردوە ، بەشێک نەبووە لە چارەسەر وباوەڕی بە گفتوگۆ نەبووە ، بەڵکو بەشێک بووە لە کێشەکان و سەرچاوەی کێشەکانیش بووە .
لە رابردودا ئەوە یەکلایی بوەتەوە کە هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانی پەکەکە بەشێک بووە لە مانۆرەکانی ئێران و ئەسەد و مالیکی دژی کورد .
لەدوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردستان ، لەو کاتەوە تا ئێستا پەکەکە شەر بە پارتی و حکومەتی هەرێم دەفرۆشێ ، سەرەتا ، ساڵێک پرۆسەی ئازادکردنەوەی شەنگاڵی دواخست ، دواتر چەند جارێک بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانی تەقاندەوە ، شەری گواستەوە دەروازەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و بۆ چەند مانگیش کاری بازرگانی پەک خست ئەمەش وەک تەواوکەری ئەو پیلانە ئابڵوقەیەی کە لە برینی بودجەی سەر هەرێم لەلایەن مالیکیەوە دەستی پێ کرد .
پێش هەڵمەتی رزگارکردنی موصڵ چەند جارێک ویستیان کۆسپی لەبەردەم دروست بکەن ، بوون بەبەشێک لە حەشدی شەعبی ، هەروەها بەوەشەوە نەوەستا ، بوون بە بەشێک لە تەواوکەری بەرنامەی هیلالی شیعی لە ناوچەکەدا .

لە رۆژئاوا …..
ئەوان بەشێکن لەو هێزانەی کە رژێمی ئەسەد دەپارێزن ، لەو شاروشارۆچکە کوردیانەی رۆژئاوا کە ئەسەد بە ئەمانەت رادەستی کردوون ، دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و پۆپۆلیستانەی داخراو پیادە دەکەن ، باوەریان بە فرەحزبی و پێکەوە ژیان نیە ، چالاکوانان و ئەندام و سەرکردەی حزبە کوردیەکان تیرۆر دەکەن و دەرفێنن و هەندێک جاریش دەیانسوتێنن ، خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکان بە توندترین شێوە سەرکوت دەکەن ، ئاڵای کوردستان دەسوتێنن ، لە دەروازە و سنورەکاندا چەتە ئاسا سەرانە لە خەڵکی وەردەگرن ، رێگا نادەن پێشمەرگەکانی رۆژئاوا بگەرێنەوە بۆ رۆژئاواو رێگری لە گەرانەوەی تەرمی شەهیدەکانیشیان دەکەن ، سێ بەشی کوردانی رۆژئاوا لە ترسی زەبروزەنگی پەکەکە بەرەو هەرێم و وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردوە و ژیانی ئاوارەییان هەڵبژاردووە .

لە باکور……
بۆ خاتری کوشتنی دوو پۆلیس پرۆسەیەی ئاشتیان زیندەبەچاڵ کرد ، ۸٠ کورسی هەدەپەیان لە ناو پەڕلەمانی تورکیا بە قوربانی سیاسەتە چەوتەکانی خۆیان کرد ، شارەکانی باکوریان کردە سەربازگەی شەر ، ئارامی و کار و کەسابەتی هاوڵاتیانیان نەهێشت ، لە چەقی شارەکاندا تەقینەوەی تیرۆریستیان هاوشێوەی داعش ئەنجامدا ، ویستی ئازادی و کوردایەتیان لە ناخی کوردانی باکور بەرەو پوکانەوە بردوو و خەڵکیان بێ ئومێد کرد ، سەرکردەکانی هەدەپەیان بە هۆی سیاسەتە چەوتەکانیانەوە لە سوچیەکانی زیندانەکان ئاخنی ، بیانویان دایە دەستی ئەردۆغان تا بەرنامە گوماناویەکانی زیاتر لە جاران پیادە بکات .

لە رۆژهەڵات….
پەکەکە بووە بە بەشێک لە سیستەمی بەرگری ئێران لە سنورەکانی باکوری ئێران کە ئەوە چەند جارێک لە سەرزاری گەورە بەرپرسانی سوپای پاسداران دوپات کراوەتەوە ، لە کاتی نزیکبونەوەی پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات لە سنورەکانی ئێران ، پەکەکە هێرشیان دەکاتە سەر و پێشمەرگەیان لێ شەهید دەکات ، بینیمان لە ناوچەی کێڵەشین لە سەرەتای ئەمساڵدا چەند پێشمەرگەیەکی دیموکراتیان شەهید کرد ، لە ناوچەی قەندیلیش ئەوە لە بەر چاوەی هەمومانە کە پەکەکە چ رۆڵێک دەبینێت ، بونی پەکەکە لەو ناوچە شاخاویە گرنگە ، یەکێک لە ئامانجەکانی پاراستنی سنورەکانی ئێرانە .

زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە بارزانی شەری براکوژی حەرام کردوە ….
بەڵی شەڕی براکوژی کارێکی نەگریس و حەرامە بەڵام ئایا ئەو بابەتە پەکەکەش دەگرێتەوە ؟
ئایا ئەوان هێزێکی کوردستانین ؟
باوەڕیان بە نەتەوە هەیە؟
ئایا شەڕی بەرگری کردن لە ئیرادەی نەتەوەیەک ، دەکرێت بخرێتە ناو چوارچیوەی شەری براکوژیەوە ؟
ئایا شەڕی گروپێکی تیرۆریستی بە شەری براکوژی هەژمار دەکرێت ؟
ئایا هێزێک بریتی بێ لە کەرەستەی جێ بەجێ کردنی ئامانجەکانی دوژمنان ، شەڕکردن لە گەڵی ، شەڕی براکوژیە؟

لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا دەڵێین کە ::
پەکەکە هێزێکی کوردستانی نیە ، باوەڕی بە نەتەوە و قەوارەی نەتەوە نیە ، ئەوان چەندین جار لەسەر زاری سەرکردەکانیان ئەوەیان دوپات کردۆتەوە کە دەوڵەتی کوردی لە چوارچێوەی خەباتی ئەواندا نیە دژی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەن ، ئەوان خەباتیان بۆ رزگاری گەلانە لە کاتێکدا دژی فرەیی و ئازادی رادەربرین و چالاکی سیاسین لەو ناوچانەی کە دەسەڵاتیان بەسەریدا هەیە ، لە باشور بەشێکن لە حەشدی شەعبی ، تەقینەوەی تیرۆریستی هاوشێوەی داعش ئەنجام دەدەن ، شانازی بەو کارە تیرۆریستانە دەکەن کە ئەنجامی دەدەن ، لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستیەکانی جیهان لە ریزبەندەکانی یەکەم دایە ….
کەواتە شەرکردن لەگەڵ ئەو گروپە کە ئەوە خەسڵەت و رەفتارەکانی بێت هیچ کاتێک ناچێتە چوارچێوەی شەری براکوژیەوە ئەمە ئەگەر خۆی شەریشت بێ بفرۆشی و ئەو شەرەت بەسەردا بسەپێنێت .
تێبینی :
لە ۲٠۱۷/۳/۲ پەکەکە شارۆچکەی مەنبەجی بۆ سوپای ئەسەد چۆڵ کرد دوای ئەوەی زیاتر لە ۳٠٠ رۆڵەی کوردیان بۆ بەکوشت دا یەکێک لە شەهیدەکان (ئەبو لیلی) بوو !

 

Back to top button