بزوتنەوەی گۆڕان دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا
دانا مەنمی
سەرۆك و ڕابەرو ڕێكخەرو سكرتێری گشتی هەر حیزبێك سەنگ و قورسایی خۆی و لەڕادەبەدەری هەیە ،چونكە سەرچاوەی دوابڕیارو یەكلایكەرەوەی پرسەكان و چەقی دەسەڵاتێكی ڕەهایە ، پاشان لە ئەندێشەی هەوادارانی هەموو حیزبێك دا سەرۆك و سكرتێری گشتی و ڕێكخەر پیرۆزو بە كاریزما دەشوبهێنرێت و خۆیان بە جێبەجێكاری ئەمرو نەهییەكانی دەزانن .
كاك نەوشیروان مستەفا سەركردەیەكی چالاك و زرنگ و قوتبێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی بوو ، مێژوو نووس و مێژوناس و ئەدیب و نوسەرێكی خاوەن هەڵویست و راستگۆی و ڕاشكاو بوو ، مردنیش بەرسڤێكی ڕەوایە و دوا مەنزڵ و دوا وێستگەی مرۆڤەكانە ، بە پیرو گەنج ، بە میرو گەدا ، بە دەسەڵاتدارو بێدەسەڵات ، پێی دەگەین ، كۆچی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان زیان و كارەساتێكی گەورە بوو بۆ پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوە سازی و دەولەتسازی .
ئەوەی بینیم و بیستم لە پرسەی كۆچكردوودا دەستپێكی ئەسپاردەكردنی ڕوفاتی كۆچكردوو پاشانیش لەكاتی بەڕێوەچوونی پرسەكەدا سوكایەتی بە بەشداربوونی خاوخەمی كرا كە نەدەبوو چ لە ڕووی كات و چ لە ڕووی شوێن ئەو سوكایەتیانە ڕویبدایە ، سوكایەتیكردن بە (مامۆستا سەلاحەدین بەهادین و قوباد تاڵەبانی و مەلابەختیار و كۆسرەت رەسوڵ و قادر حەمەجان و سالار عزیز ) لە عورف و ڕەوشت و داب و نەریتی كلتوری كۆمەلایەتی كۆمەڵگای كوردی ناوەشێتەوەو ئەم فەرهەنگە تەواو نامۆیە بە عورف و نەریتی كوردەواری !
خوێندنەوەیەكی تری پرسەی كۆچكردوو هاوكات هوتاف و سوكایەتیكردن بە چەند سەركردەو كەسایەتییەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی ناسراوی گەلەكەمان ، هەڵمالینی پەردە بوو لەسەر ئەو كلتورو عەقڵە شەرەنگیزی و پۆپۆلیزمیەی كەبەرلە كۆچی ڕێكخەری كۆچكردو كاریگەری و دەرهاویشتەكانیمان بینی و كوردستانی بە چ ئاراستەیەكی مەترسیداربرد ، كلتوری شەرەنگیزی و سڕینەوەو سفركردنەوەی یەكتر و بەشێك بووە لە نەستی هەندێك هەرزەكاری سیاسی نێو بزوتنەوەی گۆران و هەمیشە لە ململانێ دا بوون لەگەڵ كلتوری ئاشتی و ئاشتەوایی و قبوڵكردن و پێكەو ژیانی یەكتر ، بەشێك لەو هەلسوڕاو هەڵسوڕێنەرو قەڵەم بەدەست و فەیسبوكەوان و بەناو رۆشنبیرو چاودێرانی سیاسی نێو بزوتنەوەی گۆڕان هەستەكانیان بە دەمامك لە ژێر كەسایەتی و دیوی ناوەوەی خۆیان دەشارنەوەو لە مەراسیمێك دا ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵدەماڵن بۆ خەڵكی كوردستان .
ئەم هەست و عینادی و كلتورە شەڕەنگێزییە لە ماوەكانی رابردوش زیانێكی زۆری گەیاند هەم بە بزوتنەوەی گۆران و هەمیش بە ئەزمونی حوكمڕانیەتی كوردی ، بەڵام ژیان و پرۆسەی سیاسی ڕانەگرت و سەركردایەتی كورد ڕۆڵی گەورەی بینی لە ڕایەڵەی كورد و ئەوروپا و ئەمریكاو جیهان ، خەڵكی كوردستانیش خۆڕاگرو خاوەن ئیرادەو هێزو توانا بوون بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر پلان و دەستێوەردانێك كە خواستی خاپوركردنی نێوماڵی كوردی هەبێت ، ڕوداوەكانی 23ی حوزەیران و 19ی ئاب دەمامك و ڕوی ڕاستەقینەی زۆرێك لە هەرزەكارە سیاسییەكان و پەردەی لەسەر بەرەی پیلانگێڕی هەڵماڵی ، میزاج و عینادی سیاسی ئەو بەرەیە 19ی ئۆكتۆبەری بەدوای خۆیدا هێناو پارتیش بۆ ڕێگەگرتن لە گواستنەوەی فەوزەویەت قوفلێكی حەوت جۆشی لە بازگەی دێگەڵەدا ، دیارە پارتی دیموكراتی كوردستان لە خەمی زۆن و ناوچەگەریدا نەبوو ، هێندەی لە خەمی مۆرك و ناسنامەی پایتەختدا بوو كە تەمسیل و ڕەسمی سیاسەتی قەزیەی كوردی دەكات .
میزاج و عینادی سیاسی لە زۆنی سەوز نیلی دا بەفەرهەنگ و كلتورێكی شەرەنگێزی ئیدامەی دایە خۆی و سەد یەك رۆژ پرۆسەی خوێندنی پەكخست و یەكەئیدارییەكانیش پشكی ئەو نەك دەوامی نیوە موچە بەڵكو دەوامی چارەكە موچەیەكیشیان نەدەكرد و مامەڵەو كاردانەوەشیان لەگەڵ هاونیشتیمانیان لە یەكە ئیدارییەكاندا جەنگێكی دەرونی بوو تا خزمەتكردن و بەڕێكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان ، ئەمە بەشێك بوو لە مێژووی بزوتنەوەی گۆران لە ژێر چەتری ڕێكخەری كۆچكردوودا كە خوڵقاندنی گۆڕانكارییەكان بۆ دیوە ناشیرینەكەی و بۆ بێحورمەتكردن و قیزەونكردنی مرۆڤ و نیشتیمان و بەهاكانی سەرباری سەدان هوتاف و دروشم دژ بە گەل و دژ بە پیشمەرگە و نیشتیمان و ئاڵاو بەها نەتەوەییەكان .
پرسەی ڕێكخەری كۆچكردوو بۆ بەشێك لە یەكێتیەكان ئەوانەی لە ناو یەكێتی دا بە پرۆپارتی ناودەبرێن سوكایەتیان پێكراو بەشەكەی تریش ژینگەی پرسەی كۆچكردویان قۆستەوەو بۆ موزایەدات و موجامەلەی سیاسی ، هەر ئەوانەی كە دژی جێبەجێ كردنی ڕێكەتنامەی (یەكێتی و گۆران ) بوون دەیانگوت “جیبەجێكردنی ڕێكەوتنامەی دەباشان رۆحی كاكە نەوە شاد دەكات و دڵی مامیش خۆش دەكات “.! ناوبەناویش دروشمی بریقەدار تر بۆ راكیشانی هەست و سۆزی هەوادارانی گۆران دەگوتەوە لەوانە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت ” سوێندم خواردووە نابێت بێڕێزی بە واژۆی مام و كاكە نەوە بكرێت ،دەبێت ڕێكەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت “.!
سالێك زیاتر بەسەر ڕێكەوتنامەی دەباشان تێدەپەڕێت تەنها خاڵێكی لێ جێبەجێ نەكراوە ، یەكێتی ڕێكەوتنامەكە جێبەجێ ناكات ، بەڵام بۆ موزایەدات و گەجاندنی خەڵك و هەوادارانی گۆڕان داوای یەكگرتنەوە دەكات ! هەردوێنێكە بوو (فەرید ئەسەسەرد ) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ دەڵێت ” دوای 12 مانگ تائێستا هیچی لێ جێبەجێ نەكراوەو جێبەجێ ناكرێت “.
هاوكات “جەمال محەمەد ” سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆران رۆژی 17ی ئایاری 2017 لە مەكۆی هەولێر دەڵێت ” ئیدی ناچارین لەگەڵ یەكێتیە راستەقینەكان تەعامول بكەین و دەیكەین “.
لێرەوە دەپرسین گۆڕان بۆچی دروست بوو ؟ بۆچی هەوڵی یەكگرتنەوە لەگەڵ یەكیتی ئەدەن ؟ ڕێكەوتنی دەباشان چی بۆ خەڵكی هەژارو بیسەروبەری بازاڕ تێدا بوو ؟ یەكێتی و گۆران كە خۆیان پێ خاوەنی ئیدارەی سەوزنیلی یە تاچەند شەفافن لە داهاتی خاڵە سنورییەكان و داهاتی باج و روسومات لە ئاو لە كارەبا لە هاتووچۆ لە كۆمەڵگای باجەكان ؟ لانیكەم تاچەند كلتوری یەكتر قبوڵكردن و دەستاو دەستكردنی دەسەڵات لە هەگبەیاندایە ؟ یەكێتیە ڕاستەقینەكان كێن ؟
مومكین نییە دوای كۆچی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان توشی لێكترازان و گرفتی سەركردایەتیكردنی بزوتنەوەكەیان یەكێك نەبێت لە خاڵە سەرەكی و جەوهەرییەكانی نێو بزوتنەوەكەیان ، هەرچی بەرەی گەنجانە دژ بە بەرەی پیرانی نێو بزوتنەوەكەن و بەرەی پیرانیش خۆیان پێ خاوەنی گۆرانە ، بەرەی پیران دڵیان 180 پلە لێئەدات بۆ نێو ماڵە گەورەكەی یەكێتی و بەرەی گەنجانیش لە هەوڵی گەڕانەوە بۆ نێو ماڵی یەكێتین و هەردوو بەرەكەش بێ پرۆژەو ستراتیژو نەخشەڕێگان ، بەدرێژای نەخۆشییەكەی ڕێكخەری كۆچكردوو كە لە دەرەوەی ووڵات بووە بزوتنەوەی گۆڕان توشی پوكانەوەو گۆشەگیری بووەو ئەستەمە شوێن و جێگەی ڕێكخەری كۆچكردوو پڕبكرێتەوەو بتوانن سەركردەیەك وەك قوتبێك بۆ بزوتنەوەكەو جەماوەرەكەیان كە بە شیاو بزانرێت و گوێی لێ بگیرێت ، اكید دوای ڕێكخەری كۆچكردوو پەرتەوازەیی و فرە كویخای چەكەرە دەكات و گۆرانخوازان وابەستەی كەسێكی تر نابن و لەوانەیشە بیر لە كونسەكردنی سەرۆكایەتی بزوتنەوەكەیان بكەنەوەو كار بە سیستەمی هاوسەرۆكی بكەن ، هەروەك یەكێتی دوای نەخۆشكەوتنی مام جلال لەكاتێكدا كە لە ژیانیشدا ماوە ، بەڵام فرە كویغای باڵ و كوتلەو تەكەتولات و كەسیان ئەویتریان پێ قبوڵ نییە !