ئێستا کاتى برياردانه لهسهر سەربەخۆیی کوردستان
مهسعود بارزانی
رۆژی 25 /9 دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە ریفراندۆمێکی مولزەمدا بڕیار دەدەن ئایا لەگەڵ عێراق بمێننەوە یان سەربەخۆیی رابگەیەنن. دەنگدانەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکە کە هێندەی تەمەنی دەولەتی عێراق کۆنە و حکومەتی بەغداش ساڵانێکە هیواو خواستەکانی گەلی کورد پێشیێل دەکا و وەک هاووڵاتی پلە دوو مامەڵە لەگەڵ کورد دەکا .
بڕیاردان لەسەر دیاریکردنی چارەنووس ، مافێکی رەوای هەرێمی کوردستانی عێراقە و ده ستكارى سنوورى هيچ ولاتێکى دراوسێ ناكات و نه ك ته نيا هەڕەشە نییە بۆ هیچ لایەنێک بەڵکو دەبێتە هۆی سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە و پەیوەندی نێوان کورد وعەرەب لە عێراقدا بەهێزتر دەکات. ئێمە ئامادەین هەموو نیگەرانییەکانی عێراقییەکان لەبەرچاو بگرین کە بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەیانە .
سەربەخۆیی کوردستان کارێکە هەر روودەدات . سەد ساڵ لەمەوبەر و دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، بەڵێنی دروستکردنی دەوڵەت بە کورد درا و پاشان بەبێ ویستی خۆیان نيشتمانه كه مان بە سه ر عيراق ،ئێران ، توركيا و سوريا دابه شكرا . بڕیار بوو ده وڵەتی تازە دروستکراوی عێراق ،له سهر بنهماى شهراكه تى يه كسان بێت له نێوان كورد و عه ره ب . بە ڵام هەر زوو ئەو خهونه گهشه بووه واقيعێکی تاڵ . حکومەتە يهك له دواى يهكهكانى عێراق کوردیان چەوساندووەتەوە و دواجار گەیشتە ئەوەی لە ساڵانی 1980 سەددام حوسێن بە شێوەیەکی بەربڵاو گازی کیمیاویی بەسەر گوند و شارەکانی کوردستاندا باراند. زیاتر لە پێنج هەزار گوندی لەگەڵ زەوی تەخت کرد و خەڵکەکەشی لە ناوچەکانی باشووری عێراق گوللـەبارانکردن و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵی کردن. سەدو هەشتاو دوو هەزار کەس ( لە نێویشیاندا ئەندامانی بنەماڵەکەم)ی لە نێوبرد كه دەتوانین بڵێین ژمارەی قوربانییەکان %5 خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبوون.
لە دوای رووخانی رژێمی سەددام حوسێن ، کورد زۆر سەرسەختانە و بە هەموو توانایەکیانەوە کاریان بۆ بنیاتنانی عێراقێکی نوێ کرد و رەشنووسى دەستوورێکی تازە بۆ عێراق نووسرا کە مافی هەموو عێراقییەکانی لەبەرچاوگرتبوو، هەروەها مافی خۆبەڕێوەبردنى بۆ هەرێمی کوردستانیش تێدابوو . بەڵام دوای چواردە ساڵ ، چەندین ماددە و بڕگەی سەرەکی دەستووری عێراق پشتگوێخران و جێبەجێ نەکران و جێبەجێش ناکرێن . سیستەمی سیاسی شکستی هێنا و پەیوەندی نێوان سووننە وشیعەکانی عێراق بە شێوەیەک تێکچوو کە سەرئەنجام داعش سەری هەڵدا و بووە کارەساتێکی گەورە بۆ هەموو عێراقییەکان بە کوردیشەوە .
هەمیشە دەگوترێت کە عێراقێکی یەکگرتووی یەکپارچە، زیاتر دەتوانێت هاووڵاتییەکانی بپارێزێت .بەڵام ئێمە پێچەوانەی ئەوەمان بینی . کە داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کوردستان وئەو چەکە ئەمەریکییە بەهێزانەی بەکارهێنا کە سوپای عێراق لە موسڵ بەدوای خۆیدا بەجێی هێشتن . ئەوکاتە حکومەتی فیدرالی عێراق ئامادە نەبوو چەک بە پێشمەرگە بدات و بودجەی هەرێمی کوردستانیش بنێرێت کە لە دەستووری عێراق بڕیاری لێ درابوو. ئەگەر ئێمە وڵاتێکی سەربەخۆبوونایە دەمانتوانی هێزەکانمان پڕچەک بکەین و خۆمان باشتر بەڕێوەببەین و بە قوربانییەکی کەمتر و زووتریش شەڕی داعش ببەینەوە .
شەڕ لە دژی داعش، مۆدێل وشێوازێکی هەماهەنگی تازەی لە نێوان کورد وعەرەب هێنایە ئاراوە کە دەکرێ لە داهاتووشدا سوودی لێ وەربگیرێت. لە شەڕی لەناوبردنی داعش لە عێراق ، پێشمەرگە و سوپای عێراق وەک دوو سوپای هاوپەیمان هەماهەنگی دەکەن. هەر سوپایەک سەرکردایەتی خۆی هەیە . ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سوپای عێراق وپێشمەرگە و ، هەماهەنگی وهاوکاری نێوانیان بە ئاستێک بوو ، کە هەرگیز بەو شێوەیە نەدەبوو ئەگەر عێراق خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێت و کۆنترۆڵی بکات.
ئەنجامی ریفراندۆم هەرچییەک بێت ، ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی باشترین هەماهەنگیمان لەگەڵ عێراقییەکان و هێزەکانی رۆژئاوا هەبێت بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی داعش.
کوردستانێکی سەربەخۆ دەتوانێ پەیوەندییەکی باشترو بەهێزتری لەوەی ئێستای لەگەڵ حکومەتی بەغدا هەبێت و دەبێتە دراوسێیەکی باش .
دەکرێ هەماهەنگی دژی تیرۆر و هاوبەشیکردنی لە سەرچاوەکان ( لەوانەش ئاو و نەوت وگاز ) هەبێت بە شێوەیەک کە لە خزمەتی هەردوو وڵاتدا بێت و ببێتە هۆی سەقامگیریی وئاشتی لە نێوان عێراق و کوردستان . ئه گه ر ئه و ئابڵووقهيه نهبێت كه عيراق خستوويهتييه سهر ههنارده و هاوردهكانمان ، دەکرێ هەردوولامان بە هاوبەشی سامانە مرۆیی و سروشتییەکانمان پەرە پێ بدەین لە بازاڕێکی ئازادی هاوبەشدا کە ئێستا لە ئارادا نییە.
لە کاتێکدا ئەنجامی ریفراندۆم دەبێتە پابەندبوون و حکومەتەکانی داهاتووی کوردستان پێویستە ئیلتیزامی پێوە بکەن و پێیەوە پابەندبن . بەڵام کاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی پەیوەستە بە دانوستان لەگەڵ بەغدا وراوێژکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەولەتی . دانوستانمان لەگەڵ بەغدا واقیعبینانە دەبێت . خاڵی هەرە ناکۆک ئەوە دەبێت کە چ ناوچەیەک دێتە سەر کوردستان .
به پێی ده ستوورى عێراق ، ده بووايه تا 31 ديسه مبه رى 2007 , مادده ى 140 جێبەجێ بکرێت. بە پێی ئەو ماددەیە ، ده بووايه خه ڵکی ئه و ناوچانه به شێوه يه كى ديموكراتيانه بڕيار له چا ره نووسى خۆيان بده ن . بەڵام دواى نزيكه ى ده ساڵ ،ئێمه ئه و ده رفه ته به و خەڵکە ده ده ين . ئێمە دەمانەوێت ئەو ناوچانە بێنە سەرهەرێمی کوردستان کە زۆرینەی خەڵکەکەی لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا دەنگ بۆ پەیوەستبوون بە هەرێمی کوردستان دەدەن . ئیمە بەهیچ شێوەیەک نامانەوێت کێشەکانی پەیوەست بە سنوور و ناوچەکانی جێ ناکۆک لەنێوان ئێمە و عێراقدا هەبێت کە چارەسەرنەکردنیان دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانمان لە دوارۆژدا .
لەوەتەی کوردستان لە ساڵی 1991 خۆی بەڕێوە دەبات . بە هەموو شێوەیەک کارمان کردووە کە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ دراوسێکانمان هەبێت . تورکیا گەورەترین وەبەرهێنەرە لە کوردستان و نەوت و گازیش لە رێی تورکیاوە دەنێردرێتە دەرەوە کە خزمەت بە هەردوولامان دەکات. ئیمە لە کاتێکدا لە نیگەرانییەکانی وڵاتانی دراوسێ تێدەگەین لە بارەی ریفراندۆمەوە . دڵنیایی تەواویش دەدەین کە کوردستانێکی دیموکرات وسەقامگیر ، دەبێتە دراوسێیەکی باش بۆ ئەوان.
بەها و دەوڵەمەندیی کوردستان لە هەمەڕەنگی و فرە پێکهاتەکەیدایە. کوردستان وڵاتی کریستیان و ئێزیدی و تورکمان وشەبەکە کە ناسنامەی جیاوازی ئەو پێکهاتانە لە یاساکانی کوردستاندا دانی پێدا نراوە. لە ساڵی 2003 ەوە بەهەزاران مەسیحی عێراقی لە شەڕو چەوساندنەوە لە ناوچەکانی عێراق هەڵاتوون و روویان لە کوردستان کردووە . دوای ئەوەی داعشیش لە ساڵی 2014 دەستی بە سەر ناوچەیەکی بەرفراوانی عێراقدا گرت. کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن وپێنج سەد هەزار ئاوارەی عێراقی لە باوەش گرتووە کە کەمترین یارمەتیان لە لایەن حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەولەتی پێشکەش کراوە.
دوای زیاتر لە یەک سەدە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بە زۆر کورد لە عێراقدا بژی . بەڵام ئەو سیاسەتە نە بۆ ئێمە و نەبۆ عێراقییەکان سوودی نەبووە. بۆیە ئێمە داوا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین ، رێز لە خواست وبڕیاری دیموکراتیانەی خەڵکی کوردستان بگرن . دڵنیاین لەوەی لەدوارۆژدا کوردستان وعێراق لە بارودۆخێکی باشتردا دەژین.