نووسین به ترسوله‌رزه‌وه
حەمەسەعید حەسەن
یان مه‌نووسه، یان که نووسیت، هه‌ویری نووسینه‌کانت به ئاوی ڕاستگۆیی بشێله! یان مه‌نووسه، یان که نووسیت، با ئه‌وین، یان یاخیبوون، هانده‌رت بێت بۆ نووسین. نووسین حیله‌ی ئه‌سپی قه‌ڵه‌مه، ئه‌گه‌ر ئه‌سپی قه‌ڵه‌مه‌که‌ت له حیله که‌وتووه، وا باشتره چی زووتره، ده‌ست له نووسین هه‌ڵبگریت. کێشه‌ی نووسینمان نییه، کێشه‌ی ئه‌وه‌مان هه‌یه، زۆربه‌ی نووسینه‌کان که‌سێک نییه بیانخوێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر که‌س نییه بتخوێنێته‌وه، ئه‌وه هه‌ڵه‌ی خۆته، تۆ که توانای ئه‌وه‌ت نییه به زمانێکی پاراو بنووسیت، که نا‌توانیت به زمانێکی ئاسان باسی کێشه‌یه‌کی ئاڵۆز بکه‌یت، که پێت ناکرێت هاوزه‌مان ڕوون و قووڵ بنووسیت، که بۆت جێبه‌جێ ناکرێت به شێوازێکی خۆڕسک بنووسیت، خۆت مه‌که به گاڵته‌جاڕ! واز له نووسین بهێنه! به شێوازی خۆڕسک نووسین، ڕه‌چاونه‌کردنی قاڵبه دێرینه‌کان و ته‌کنیکه کۆنه‌کانی نووسینه.
ئیبن خه‌لدوون (1332 – 1406) ده‌یگوت: (مانا بۆیه کراسی گوته ده‌پۆشیت چونکه مانا بێ کراسی گوته، هه‌بوونی نییه.) که‌واته ئه‌گه‌ر نازانیت به زمانێکی جوان بنووسیت، بانگەشه بۆ ئه‌وه مه‌که، خاوه‌نی مانای جوانیت. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت جوان بنووسیت، پێویسته له نهێنیی گوته و له چۆنییه‌تیی به‌گه‌ڕخستنی تواناکانی تێبگه‌یت. پێویسته له‌وه ئاگادار بیت، نووسین له ڕۆژنامه‌دا که ڕووی ده‌می له زۆربه‌یه، جیاوازه له نووسین له کتێبیکدا که بۆ ده‌سته‌بژێر ده‌په‌یڤێت.
قه‌ت ڕۆمانی واتان خوێندووه‌ته‌وه، چه‌ند په‌ڕه‌یه‌کی کۆتایی پێوه نه‌مابێت و به خه‌یاڵی خۆتان چیرۆکه‌که‌یتان ته‌واو کردبێت؟ نووسه‌ری چاک چونکه ڕێز له خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌گرێت، هه‌موو شتێک نانووسیت، هه‌ندێکی بۆ خه‌یاڵی خوێنه‌ر جێ ده‌هێڵێت. به دڵه‌ڕاوکێوه بنووسه! هه‌ر نووسینێک شتێکی نوێ نه‌خاته سه‌ر خه‌رمانی نووسینه‌کانی پێشووت، بڵاوی مه‌که‌وه! ئه‌گه‌ر نووسین له کنت ئامانج نییه، مه‌نووسه! خۆت به شتێکی دیکه‌وه خه‌ریک بکه! قه‌ت هانا بۆ ورووژاندن مه‌به! ئه‌وانه‌ی ده‌خوازن له ڕێی ورووژاندنی سکانداڵه‌وه، ناوبانگ په‌یدا بکه‌ن، که‌سانی ناساغن و ئه‌گه‌ر توانایه‌کیشیان هه‌بێت، له کیس خۆیانی ده‌ده‌ن.
گله‌یی له به‌ختی خۆت مه‌که! ئه‌وه نه‌ک ده‌گمه‌ن، ته‌نانه‌ت مه‌حاڵیشه، تۆ شتی باڵا بنووسیت و خوێنه‌ر نزم سه‌رنجی بدات. به‌شێک له (ناوبانگ)ی محه‌ممه‌د شوکری به (زڕاندنی ناو)ی باوکییه‌وه به‌نده، ئه‌و له ڕۆمانی (ته‌نیا به نانی ڕووت)دا که ناودارترین به‌رهه‌میه‌تی، به جۆرێک ناوی باوکی زڕاندووه، شکۆمه‌ندیی خاپوور کردووه. ئه‌وه نیشانه‌ی ئازایه‌تیی فیکری و زیره‌کییشه، نووسه‌ر له‌بری ئه‌وه‌ی په‌سنی خۆی بدات، ڕه‌خنه له خۆی بگرێت، وه‌لێ ئایا ئه‌وه کاره‌سات و ته‌نانه‌ت سکانداڵیش نییه، نووسه‌ر له ڕێی زڕاندنی ناوی باوکییه‌وه، له هه‌وڵی په‌یداکردنی ناوبانگدا بێت؟
گیانی من، بۆ ته‌ڵێ، وه‌نه‌وشه، په‌رۆشه،
که له‌ژێر، سێبه‌ری، تووتڕکا، خامۆشه.(گۆران)
شیعر هاتوهاوار نییه، هونه‌ری شیعر خۆزیه پاڵنتی گوته‌نی، له‌وه‌دایه: (پێش ئه‌وه‌ی ده‌نگی وشه‌کانی ببیستیت، بێده‌نگییه‌که‌ی به گوێچکەت ئاشنا ببێت.) له شیعردا ئه‌وه به نه‌مریی ده‌مێنیته‌وه که بێده‌نگی ده‌یڵێت، نه‌ک بانگ و هاواری وشه. هه‌میشه وشه خامۆشه‌کانی به‌ر سێبه‌ر، له وشه ده‌مبه‌هاواره‌کانی به‌ر هه‌تاو کاریگه‌رترن. له خۆته‌وه شت مه‌نووسه و وه‌ک شیعر به خوێنه‌ری مه‌فرۆشه! ئه‌گه‌ر بێجگه له‌و شتانه‌ی خۆت به شیعریان ده‌زانیت، نا‌توانیت هیچی دیکه بنووسیت، ئه‌وا گومانت له‌وه نه‌بێت، نه شاعیریت و نه هیچ.
له پێده‌شته‌کانی ڕۆح‌دا
به دوای ئاسکه سرکه‌کانی خه‌ونه‌کانمدا
ڕا ده‌که‌م. (عەلی حەدداد)
ئه‌گه‌ر قه‌ت ڕسته‌یه‌کی وا جوانت نه‌نووسیوه، یان دروستتر، ئه‌گه‌ر هه‌رگیز به وشه وێنه‌یه‌کی وا جوانت نه‌کێشاوه، ئیدی به چییه‌وه لافی ئه‌وه لێ ده‌ده‌یت که شاعیریت؟ تۆ که نازانیت نووسه‌ر به یه‌ک واو ده‌نووسرێت یان به دووان، ئیدی بۆچی خۆت پێ نووسه‌ره؟ تکایه پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به نووسین بکه‌یت، خۆت فێری خاڵبه‌ندی بکه! ئاخر جاری وا هه‌یه فه‌رامۆشکردنی وێرگولێک، مانای په‌ره‌گرافێک ده‌شوێنێت. تۆ که نازانیت، په‌ره‌گراف چییه، نازانیت له کوێدا خاڵ، فاریزه و نیشانه‌کانی دیکه‌ی خاڵبه‌ندی داده‌نرێن، ئیدی هه‌ق نییه خۆت به نووسه‌ر بزانیت. حه‌ز ده‌که‌م له‌وه دڵنیا بیت، جیاکردنه‌وه‌ی په‌ره‌گرافه‌کان، دانانی نیشانه‌کانی خاڵبه‌ندی به دروستی و له جێی شیاوی خۆیاندا، ڕه‌چاوکردنی ڕێنووس و پێبه‌ندبوون به ڕێزمانه‌وه، شتگه‌لی شکڵی نین، جه‌وهه‌رین.
شیعر له ڕوانگه‌ی (ڕۆبه‌رت فرۆست)ه‌وه، ئه‌و شته‌یه که سه‌روه‌ختی وه‌رگێڕان بزر ده‌بێت، وه‌لێ شیعر وه‌ک بۆرخێس ده‌بێژێت، بێجگه له (سۆز و چیژ،) هیچی دیکه نییه. چونکه شیعر چه‌ندان لێکدانه‌وه هه‌ڵده‌گرێت، بۆیه که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه، لێکدانه‌وه‌که‌ی خۆی بۆ ئه‌م یان ئه‌و شیعر به دروست بزانێت. ئه‌رکی شیعر ئه‌وه‌یه، هه‌وڵی له‌قاندنی شته جێگیره‌کان و گۆڕینی شته نه‌گۆڕه‌کان بدات و بێ سڵکردنه‌وه له سانسۆره ده‌روونی و ده‌ره‌کییه‌کان، شته نهێنییه‌کان به‌سه‌ر بکاته‌وه. شاعیر ئه‌وه نییه، دیارده ناشیرینه‌کان، جوان نیشان بدات، ئه‌وه‌یه له‌و دیارده ناشیرینانه، شیعرێکی جوان به‌رهه‌م بهێنێت.
(کێش و سه‌روا دوو ڕێسای ده‌ره‌کین و خۆیان به‌سه‌ر شیعردا ده‌سه‌پێنن، وه‌لێ ڕیتم خۆڕسکانه له ناخی زمانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت و شه‌کسپیر گوته‌نی: ئه‌وی موزیک له ناخیدا نه‌بێت، ده‌رک به ڕیتم ناکات.)(١) چونکه وه‌ک واڵت وایتمان (1819 – 1892) ده‌ڵێت: (شیعر گوتنی گۆرانییه بۆ خودی خۆت،) بۆیه ده‌بێت له کۆتی کێش و پێبه‌ندی سه‌روا ئازاد بکرێت. دیوانی (په‌لکه‌گیا)ی وایتمان کۆمه‌ڵه‌شیعرێکه پڕ به پێستی وشه‌که ئازاد. (ئه‌زرا پاوه‌ند 1885 – 1972) که ئه‌ویش کێشی فه‌رامۆش ده‌کرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره کێشه‌دا بوو که خۆڕسکانه په‌یدا ده‌بن.
گرێی ده‌روونیت به‌رانبه‌ر ژن نه‌بێت! چاره‌نووسی خۆت به ژنێکه‌وه گرێ بده و له هیچ مه‌ترسه! شۆپنهاوه‌ر (1788 – 1860) به هه‌ڵه‌دا چووبوو که ده‌یگوت: (ژن له پیاو نزمتره،) ده‌یتوانی به‌و بیانووهوهی که ناخوازێت ئازادیی له کیس بچێت، وه‌ک بێتهۆڤن و بێرنارد شۆ، ژن نه‌هێنێت. عه‌ققادیش که به‌رانبه‌ر ژن عوقده‌ی هه‌بوو، ده‌یگوت: (ژن و ناپاکی، دووانه‌ن،) یان: (ژن هه‌میشه کۆمبارس بووه، له هیچ بوارێک‌دا کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی نه‌بووه.) بیرمه‌ندی ئیتالیایی جیۆردانۆ برۆنۆ که له سه‌ره‌تای یه‌که‌مین سالی سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌یه‌مدا به هۆی بیروڕا زانستییه‌کانییه‌وه، ئاگری تێ به‌ر درا، دواتر له هه‌مان ئه‌و گۆڕه‌پانه‌دا که تێیدا سووتێندرا، په‌یکه‌ری بۆ چێ کرا. شۆپینهاوه‌ر و عه‌ققاد سزا نه‌دران، به‌و گوتانه‌یان، خۆیان سزای خۆیانیان دا.
له ساڵی 1925 دا، شێخ عه‌لی عه‌بدولڕازق که له قاهیره قازی بوو، کتێبێک به ناونیشانی: (ئیسلام و بنه‌ڕه‌ته‌کانی فه‌رمانڕه‌وایی)یه‌وه بڵاو ده‌کاته‌وه، تێیدا باس له‌وه ده‌کات که (نه خه‌لافه‌ت یه‌کێکه له بنه‌ڕه‌ته‌کانی ئیسلام، نه فه‌رمانڕه‌وا سێبه‌ری خودایه له‌سه‌ر زه‌وین، نه به میرات مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات شتێکی شه‌رعییه، ئاخر ئیسلام سیسته‌مێکی حوکمکردنی دیاری نه‌کردووه و ئه‌وه‌ی بۆ لێکدانه‌وه‌ی موسوڵمانان جێ هێشتووه.) هه‌رچه‌نده ئه‌و سه‌رده‌مه توندڕۆ‌کان سه‌رئێشه و کێشه‌یان بۆ دروست کرد، وه‌لێ له کۆتایی ته‌ممووزی 2008 دا، ئه‌زهه‌ر فه‌توای دا: (گوێزانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له باوکه‌وه بۆ کوڕ، کارێکی ناشه‌رعییه و ده‌بێت سه‌رۆک له ڕێی ده‌نگدانی گشتیی ڕاسته‌وخۆ و نهێنییه‌وه دیاری بکرێت.)(٢) که‌واته ئه‌وی جوان بنووسێت و جوان بیر بکاته‌وه، زوو یان دره‌نگ، ڕێز له خۆی و به‌رهه‌می ده‌گیرێت.
*
(١) عبدالواحید لؤلؤة، مدائن الوهم، شعر الحداثة و الشتات، ریاض الریس للنشر 2002 بیروت.
(٢) د. جابر عصفور، مرفأ للذاکرة 15/ 08/ 2008 الحیاة.