عەبادی کێی ئومێد بڕاو کرد؟
ئەردەڵان هەڵەبجەیی
لە دوای خیانەتی ۱٦ی ئۆئۆکتۆبەر،ئەوانەی پشت خیانەتەکە بۆ کەمکردنەوەی گەورەیی دەرئەنجامە خراپەکانی کارەکەیان لای تەواوی کوردستانیان،وا دڵخۆشی خۆیان دەدایەوە کە لەو بەروارە بەدواوە حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بە پێدانی بەشە بودجەی هەرێم و موچەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ پاشەکەوت دابین دەکات،تەنانەت خۆیان وەک فریادڕەسی هاوڵاتیانی کوردستان پێناس دەکرد،هەر بە درۆی لەو شێوە نەوەستان و تەسلیمکردنی کەرکوک و خورماتویان بە هاوڵاتیان دەفرۆشتەوە،گوایا ڕێگەیان گرتووە لەوەی ئەو ناوچانە نەبنە وێرانە.
دووای ئەوە لەسەر شاشەکان بە ڕووی قایمەوە لە چرکە ساتەکانی سوتاندن و تاڵانکردنی ماڵی هاونیشتمانیان لە کەرکوک و خورماتوودا کەوتبونە بانگەشەی ئارامی و جگە لە خۆیان چەند پارلەمانتارێکی نزیکی گروپەکەشیان خستبویە سەر هەمان بالۆرەو کەوتبونە سەنگەر گرتن لە هەرێم و شانامەیان بەسەر بەغداددا دەهۆنیەوە.
دوای تێپەڕبوونی کات و دەرکەوتنی ڕاستیەکان خودی گروپە دۆڕاوەکەو پارلەمانتارە گەوجێنراوەکانیان کەوتنەوە ناو بازنەی دوژمنکاران و هەوڵیاندا کۆی دەرئەنجامەکانی خیانەتەکە لە گەردنی کەچ و چاوی شۆڕیان دوور بخەنەوەو وا لە هاوڵاتیان بگەیەنن هۆکاری ئەو گرفتانە ڕیفراندۆم بوەو خۆیان لەو سەروەریەش بێبەری کرد لەکاتێکدا پێشتر خۆیان بە ئاڵاهەڵگری سەربەخۆیی نیشان دەدا،لێ ئەوەش دادی نەدان و جارێکی تر ڕوویان چەرخاندو ئەمجار بونە نوکتەو کەوتنە هەڕەشە لە هێزە عێراقیەکان و حەشدی هاوبیرو هاوكاریان تا متمانەی خۆیان لای هاونیشتمانیان بەدەست بهێننەوە.
ئەوان پێچەوانەی خەڵکی کوردستان بڕوایان بە بەڵێنەکانی عەبادی کردو چاوەڕێی موچەو کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و چارەسەری کێشەکان بوون،ئەوان پێیان وابوو لە پاداشتی خیانەتەکەیان دەکرێنە حوکمڕانی کوردستان و هێزە نەتەوەییەکانی تر دەپوکێنەوەو دەتوانن هاونیشتمانیان بگەوجێنن،لێ نەیانزانی پێشبینیەکانیان وەک هەمیشە لە پولی تۆپیوی دوو شەش دەچێت و کوردستانیان هەرگیز بڕوایان بەو گروپەو عەبادی نەبوە بۆیە هیچ ئومێدێکیشیان لەسەر بەڵێنەکانی بەغداد هەڵنەچنیوە تا لێی بێ ئومێد بن،بەڵکو بێ ئومێد ئەوانن کە دوای خیانەتەکەیان عەبادی کاری پێیان نەماو وێڕای شەرمەزاربوون بەرامبەر کوردستانیان ئومێد بڕاویشی کردن.