سهرچاوه و مێژووی درووستبوون و چۆنیهتی و هێماكانی ههڵپهڕكێ كوردی بزانه.
هەڵپەڕکێی کوردی و جۆرەکانی بە درێژایی مێژوو بەشێکی گرنگ لە کەلتوور و نەریت و مێژووی کوردیان پاراستووە، لەگەڵ ئەوەشدا، میژوونووس و نووسەرەکان لەو بوارەدا زۆر کەمتەرخەم بوون و ئاوڕیان لە مێژووی هەڵپەڕکێ و جۆرەکانی هەڵپەڕینی کوردی نەداوەتەوە و کتێبخانەی کوردی لەو بوارەدا هەژاره.”
سەرچاوەی هەڵپەڕکێی کوردی بۆ بەرخۆدان و سەرکەوتنە مێژووییەکانی کورد لە شەڕکردن لەگەڵ دوژمنە داگیرکارەکان و نەریت و مەراسمە ئایینییەکانی زەردەشتی و ژیانی کشتوکاڵی کورد لە ئیمپراتۆریای کوردستان لە سەردەمی مادەکان دەگەڕێتەوە، بۆیە هیچ جووڵەیەکی کوردی لەناو هەڵپەڕکێدا بێ مانا نییە و هەر جووڵەیەک مێژوو و فەلسەفەیەکی لە پشتە. کوردیش تەنیا نەتەوەیەکە بۆ هەموو کایەکانی ژیان توانیویەتی زمانی جەستە و هەڵپەڕکێ بەکار بهێنێ، تەنانەت لە کاتی کاولبوونی وڵات و داگیرکاری و کوشت و کوشتاری کورد لە لایەن دوژمنەکانیشیەوە توانیویەتی چەندین جۆر هەڵپەڕکێی هەبێ کە تا ئێستاش لە لوڕستان و کرماشان و ئیلام و لای کوردەکانی خۆراسان پارێزراوە. بۆ مەراسیمە ئایینییەکانیش چەندین جۆر هەڵپەڕینی عیرفانی و دەروێشانەی هەبووە. لە هەموو ئەو مەراسیمانەشدا ئەو ئامێرانەی ژەندوویانە هاوبەش بووە و بەگوێرەی نەریت یان مەراسمەکە جۆری ژەندنەکەیان گۆڕیوە و هیچ نەریتێکی کوردی تەنانەت نوێژخوێندن و پارانەوەکانیشی بە بێ مۆسیقا و ژەنیاری نەبووە، تائێستاش نوێژ و پارانەوەی یارسانەکان بە تەمبوورە.
لێره گرنگه بزانین چۆن هەڵپەڕکێ دروست بوو؟
لەبارەی مێژووی هەڵپەڕکێی کوردی، دیاکۆنۆڤ باشترین بەڵگەی مێژووی بەدەستەوە دەدات و لە کتێبە مێژووییەکەیدا(مێژووی مادەکان) دەنووسێ:
“هۆخشتەر” پادشای مادەکان لە ساڵی 612ی پێش زایین هێرشێکی سەختی کردە سەر نەینەوا، چونکە ئاشوورییەکان بە درێژایی دەسەڵاتی مادەکان، مەترسی بوون بۆ سەر مادەکان. لەو شەڕەدا ئاشورییەکان شکستی گەورەیان بەرکەوت و دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ماد بەربڵاوتر بوو.
کاتێک شەر کۆتایی هات و ئەو سەرکەوتنە گەورەیە تۆمار کرا، ”هۆخشتەر” داوای لە فەرماندەکانی کرد چێرۆکی ئەو شەرەی بۆ بگێڕنەوە. لەو سەردەمەشدا چونکە بردنی شمشیر و کەرەستەی شەرکردن بۆ ژووری ئیمپراتۆر قەدەخە بوو، فەرماندەکان لەجیاتی شمشیر، دەسمالی سووریان بەدەستەوە گرت و شەرەکەیان بە دەسماڵ بۆ پادشا گێرایەوە بەم شێوەیە:
فەرماندەی یەکەم، هەمان چۆپی کێشی ئەمرۆی هەڵپەڕکێی کوردییە دەستی هەموو سەربازەکانی خۆی گرت کە پێشاندەری پشتگیریی هێزی سەربازیی ماد بوو بە فەرماندەکانی خۆیان و نیشانەی وەفاداریی ئەو سەربازانە بە ئیمپراتوری ماد بوو.
یەکەم هەنگاوی هەڵپەڕکێ بە شێوەی ئارام کە ئەمرۆ ناوی ئەو هەڵپەڕکێێە (گەریانە) دەستی پێکرد واتا شەرەکەمان بە ئارامی و وشیارییەوە دەست پێکرد.
پاشان بە هەڵگرتن، هەڵپەڕینەکەیان توندتر کرد، واتا ئێمە بە توندی هێرشمان کردە سەر دوژمن.
لەنێو هەڵپەڕینی کوردی کە مێژووییترین سەما و هەڵپەڕکێی جیهانە، چەندین شێوازی دیکەش هەیە، یەکێکیان سێ پێیە کە لاقێک بۆ پشتەوە و دوو لاق بە توندی بۆ پێشەوە هەڵدەگرن کە بە مانای ئەوەیە ئەگەر ئێمە لە شەردا بە تاکتیک هەنگاوێک بۆ پشتەوە پاشەکشە بکەین، زۆر بەتوندی دوو هەنگاو بەرەو پێشەوە دەچین. شێوازێکی تری هەڵپەڕکێی کوردی ناوی (شەلان)ە کە سەرچۆپی کێش لاقی ڕاستی خۆی دەلەنگێنێت، بەڵام لە پرێکەوە هەڵپەڕینی توندتر دەکات واتا ئەگەر ئێمە لە شەردا بریندار ببین، بە برینداریش ناترسین و هێرشی توندتر دەکەینە سەر دوژمنەکانمان.
هۆخشتەر پاش بینینی ئەو گێرانەوەیە بە زمانی جەستە لە سەرکەوتنی نێوان لەشکرەکەی و ئاشورییەکان، فەرمانی دا ساڵانە و لە هەموو بۆنە و جەژنەکان، بەو شێوەیە باس لەو سەرکەوتنە گەورەیە بکەن، هەتا یاد و بیرەوەری سەرکەوتنەکانی ئیمپراتوری ماد بۆ هەمیشە و نەوە دوای نەوە لە یادی خەڵک و دوژمنانی گەلی کورددا بمێنێتەوە.
هێماکانی هەڵپەڕکێ چین؟
– چۆپی
بوونی چۆپی و دەسماڵ بە دەستی چۆپیکێش کە لە مێژوودا شمشێر بووە، هێمای ئەوەیە کورد باوەڕی بە فەرماندەکانی هەیە و لە هەندێ ناوچە کە کەسی یەکەم و کەسی کۆتایی چۆپی و دەسماڵیان بە دەستەوەیە، واتا هەموو کەسەکان بەرامبەر و یەکسانن.
– دەستگرتن
هێمای یەکگرتنە.
– ژن و پیاو
هێمای یەکسانی و بەرامبەریی ژن و پیاوە.
– پێ کوتان
پێکوتان یان پێ لە زەوی دان هێمای هێرشبردن و ترساندنی ئەو دوژمنانەیە كه تەماح دەکەنە سەر کوردستان.
– قێرە و قیژە
بۆ ترساندنی دوژمن و هێمای هێرشکردنە.
– دانیشتنی پاش هەڵپەڕین
ئاماژەیە پاش هەر هێرشێک دەبێ دوژمن دانیشێ و خۆی بەدەستەوە بدات.
– سەربەرزکردنەوە و دەست بەرزکردنەوە:
بە یەکگرتوویی بەسەر هەموو دوژمنێکدا سەردەکەوین و سوپاسگوزارییە بۆ یەزدان.
– هەندێ جار چۆپی کێش لە بازنەی چۆپی جیا دەبێتەوە:
هێمایە بۆ ئەوەی لەناو کوردەکاندا فەرماندە ئامادەیە هەمیشە خۆی لە پێشەوە بێ و خۆی بکاتە قوربانیی سەربازەکانی.
– کەسی کۆتایی هەڵپەڕکێ بە (گاوانی) ناسراوە و کەم کەس حەز دەکا ببێتە گاوانی
هێمای ئەوەیە لە کوردستان هەموو کەسێک حەز دەکا پێشەنگ بێ لەوەی خۆی بکاتە فیدای گەلەکەی.
– هەندێ جار چۆپیکێش دوو دەسماڵ بە دەستەوە دەگرێ
ئەمە زیاتر لە کرماشان و ئیلام و لوڕستان باوە و هێمای ئەوەیە کە فەرماندەکان پاڵەوان ئاسا بە هەموو توانا و هەردوو دەستیان لە پێشەوە ئامادەی شەڕەکان دەبن.
– لەبلان
لەبلان پاش جۆری فەتاح پاشایی بە شێوەیەکی نەرم و هێمن بەڕێوە دەچێت و هێمای ئەوەیە بەر لە هەر هێرشێک و پاش هەر هێرشێک نابێ مرۆڤ گیرۆدەی ئیحساسی بێ و دەبێ بە وریایی و ژیرییەوە بەرنامە بۆ هێرشەکان دارێژێ.
مجله کوردی سردشت پێدیا/کلتور