خاتوو نادیە دەزانیت بۆچی خەلكی شنگال ژیانی ژێر خێمە هەڵدەبژێرن و ناگەڕێنەوە شنگال؟
یادسرێشمەیی
شنگال چ وەك هەڵكەوتەی جوگرافیاو چ وەك پێكهاتە دینیەكەی بە درێژای مێژوو لە نێو سێرەی نەیارانی كوردستان و ئێزییەكان بووە, هەمیشە هەوڵدراوە كەڵك لە دەرفتەكان وەربگرن بۆ ئەوەی وەك جوگرافیا لە هەرێمی كوردستانی داببڕن و وەك پێكهاتەی دینی رێگری بكرێت لە مومارەسەكردنی دینەكەیان, هەموو هۆكارەكانی پشت حەفتاو سێ فەرمانی ئێزیدیەكان تەنها ئەو دوو هۆكارە بوونە.
چوار ساڵ بەر لە ئێستا شنگال لە لایەن گەورەترین رێكخراوی تیرۆریستی جیهانی داگیركرا, فەرمانێكی دیكە خرایە سەر كۆی فەرمانەكانی دیكە, داگیركاریەكەی داعش دەرفتی لەبەردەم پەكەكە لە بەری رۆژئاوای كوردستان خۆشكرد كە چەند ناوچەیەك بەدەستەوە بگرن, بۆ ئەوەی كوریدۆرێك لە نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوا بكەنەوە كە تێیدا هامشۆبكەن, پاشان كەڵك لەو رێگایەوە بیندرا كە بازرگانی قاچاغ و ماددەی هۆشبەر تێیدا بكرێت, زۆر جار وەك بەربەستەكانی بەردەم ئازادكردنی شارەكە لەبەردەم پێشمەرگە دەبینران هەربۆیە كاتی ئازادكردنەكەی چەند جارێك وەپاشخرا.
دواتر لە 11/11/2016 لە لایەن پێشمەرگەوە بە فەرماندارێتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و خوێنی زیاتر لە 500 پێشمەرگە شارەكە ئازادكرا, ئیدی جارێكی دیكە پەكەكە كەلكی لە دەرفەتەكە بینی و خۆی خزاندە سەنتەری شارەكە و چەندین بنكەو بارەگای كردەوە, جگە لە دروستكرنی كێشە بۆ پێشمەرگە بارەگاكانی لە نێو قوتابخانەو فەرمانگە حكومیەكانی شارەكە دامەزراند.
ئێستا دوای سێ ساڵ بەسەر ئازادكردنی شارەكە جارێكی دیكە شارەكە لە ژێر بڕیارەكانی خۆسەپێنی حەشد و پەكەكەدا, بە پێی دواهەمین ئامار لە كۆی 500 هەزار كەسی شنگال و دەورووبەری تەنها 52 هەزار كەس گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان باقی ئەوانەی تر, زەحمەتیەكانی ژیانی ژێر خێمەو ئازارەكانی دوورە واری هەڵدەبژێرن.
پرسیارێك ڕەنگە پێویست بێت وەڵامەكەی بدرێتەوە, بۆچی خەلكی شنگال نایانەوێت یان ناوێرن بگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان, هەڵبەت ئەگەر ئەو پرسارە وەڵامەكەی بەشێكی بكەوێتە لای حەشدی شەعبی و پەكەكە ئەوا بەشێكی گەورەی وەڵامەكە دەبێت لە لایەن خاتوو نادیە موراد براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بێت, مادەم بەناوی كچە ئێزیدیەكی شنگال خەڵات كراوە, لەسەریەتی بپرسێت بۆچی خەلكی شنگال ژیانی ژێر خێمە بە شایستە تر دەزانن.