چاڤی غەریبی 3 یاریزانی بەرشەلۆنە دەكات

چاڤی هێرناندێزی ئەفسانەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و یاریزانی ئێستای یانەی سەدی قەتەڕی ئاشكرای كرد كە بەشێوەیەكی تایبەت غەریبی 3 یاریزان و هاوڕێی پێشووی لە یانەی بەرشەلۆنە دەكات.

چاڤی بە رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی راگەیاند: لە راستیدا بەشێوەیەكی گشتی غەریبی كەش و هەوای شاری بەرشەلۆنە و یاریگەی كامپ نوو دەكەم، بەڵام بەشێوەیەكی تایبەتی غەریبی 3 یاریزان و هاوڕێی پێشووم دەكەم.

چاڤی ناوی هەرسێ یاریزانەكەی هێنا كە ئەوانیش لیۆنێل میسی، ئەندرێس ئینێستا و سێرجیۆ بۆسكێتسن.

ئەفسانەكەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە پیرۆزبایی لە لوكا مۆدریچی ئەستێرەی كڕواتی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدریدی كرد بە بۆنەی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆڕ وەك باشترین یاریزانی 2018ی جیهان.

چاڤی جەختیشی كردەوە كە ئەنتوان گریزمانی ئەستێرەی فڕەنسی و یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانیش شایستەی بردنەوەی خەڵاتەكە بوو دوای ئەوەی جامی جیهانی 2018ی رووسیای لەگەڵ هەڵبژاردەی فڕەنسا بەدەستهێنابوو.

Back to top button