پەكەكە لە كام قوتبی گەردوونن
نەجمەدین گۆریان
نزیكەی چوار ساڵە خۆم ئەبویرم لەوەی ئەم پەیامە بنوسم ، بەڵام ئەوەی لێی ترساین گەشتینە ترۆپكی بێ هیوایی و پڕ پڕ بوین لە نیگەرانی .
ئەو ماوەیە هەر رۆژەو لە دەرگای كەس و لایەن ئەدەین ، تكا ئەكەین …. هاوارو زەنامانە …. باسی خەمگینی و دڵ تەنگی خۆمانیان بۆ ئەكەین و پێیان ئەڵێین هەرچۆنتان كردوە با گۆشە گیری سەر كوڕەكەمان تەواو بیت و هاتوو چۆ لە نیوانمان بیت ، بە داخەوە زۆریش بە داخەوە هەر ڕۆژەو بە چەند ڕستەیەكی سواو بەڕێمان ئەكەن كە بە هیچ جۆریك ڕاست نیە و درۆیەكی شاخدارە ، ئەمە لە كاتیكدا بە هۆی ئەو سەركەوتنە سەربازیانەی كە بە دەستتان هیناوە زۆریك لە ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان و ئەكادیمیستەكان كەوتونەتە ژیر كاریگەریتان و باوەڕ بەم چیرۆكە ڕاستانە ناكەن كە لە واقعدا سەدەها خیزانی ئەم هەریما بونی هەیەو ڕاستی ڕاستە .
برادەران : ـ
ئیوە خۆتان بە پیشڕەوی پاراستنی مافی ژنان ئەزانن ، لە خۆتان ئەپرسم ئەو ژنانەی ژنیان بە سەر هاتوە میحنەت بار ترن یان ئەو دایك خوشكانەی كە ئیوە ناهێڵن كوڕەكانیان و براكانیان ببینن ؟
ئیوە باسی كۆمەڵگای ئازاد و تاكی ئازاد ئەكەن لیتان ئەپرسم ماڵباتی هەڤاڵەكانی ئیوە زیاتر ئازادن یا ماڵباتی ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبانەی كە بەڕیزتان بە دواكەوتویان ئەزانن ؟
ئیوە خەڵك وا تێئەگەیەنن هەر هەڤاڵیك ئازادە كەی پەیوەندی ئەكا بە ماڵەوە …… ئازادە كەی دەگەڕیتەوە نیوو خیزانەكەی ، ئەمە دوو جار زوڵمە جاریك لە بەر ئەوەی زوڵم لەو كوڕە ڕەش و ڕوتانە ئەكەن كە گۆشەگیرتان كردون ، جارێكی تریش لە خیزانەكەیان كە یا دەبیت بۆ هەتا هەتایە ڕۆڵەكانمان نەبینین ، یا دەبێ بە كوژراوی بیانبینین .
هەر بۆیە لە ڕیگای ئەم پەیامەوە تكام وایە لێمان تێبگەن و سنوریك بۆ ئەم ڕەفتارانەتان دابنین و لەمە زیاتر داخ مەكەن بە دڵماناو شیرازەی دەیەها خیزان مەشێوێنن .
كێ توانای ئەوەی هەیە تا ئەبەد ڕۆڵەی نەبینێت و بەرگە بگریت ؟ ئەم مۆدیلە لە كام خاك و وڵات و ئایدیادا پەیڕەو ئەكریت بیجگە لە ئیوە ؟
چۆن و بە چ ویژدانیك ئارام ئەگرن لە بەرانبەر ئەو هەموو ئازارە كە چارەسەرەكەی لای ئیوەیە ؟