لەكاتی وەستاندنی ئۆتۆمبێل، جیاوازی لەنێوان گێڕی (p و n) چییە ؟؟

مامۆستایەكی پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخان چەند بەراوردكارییەكی لەسەر گێڕ لەحاڵی (p و n) باسكردوە، كە لەئۆتۆمبێلی گێڕ ئۆتۆماتیكدا هەیە.

ئەندازیار (دانا كەریم) مامۆستای پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخان ڕایدەگەیەنێت، وەك دەزانین هەركاتێك گێڕ لەسەر N یان P بێت ئەوە وزەی دروستبوو لەمەكینەوە ناگوێزرێتەوە بۆ گێڕ، بەڵام جیاوازیان ئەوەیە، كە لەگێڕی N جوڵەی ئۆتۆمبێل دەبێت ئەگەر هێزێكی دەرەكی كاربكاتە سەری، بەڵام لەكاتی گێڕی (P) دا ئۆتۆمبێلەكە بەهیچ جۆرێك جوڵەی نابێت ئەوەش بەهۆی قوفڵبونی گێڕ لەلایەن پارچە ئاسنێكی تایبەتەوە، كە جوڵەی ئۆتۆمبێلەكە دەوەستێنێت.

وتیشی: هەندێكجار لەوەستاندا، گێڕ لەسەر P دادەنرێت لەكاتی گۆڕینی بۆ گێڕەكانی تر دەنگێكی لێ بەرز دەبێتەوەو تەكانێك دەدات هۆكاری ئەوەش بریتییە لەوەی ئۆتۆمبێلەكە پێش ئەوەی هاندبرێك ڕابكێشرێت خراوەتە گێڕی P بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشە باشتروایە لەپاش وەستان هاندبرێك ڕابكێشرێت، كە دڵنیابوویتەوە لەوەی ئۆتۆمبێلەكە جوڵەی نەماوە ئینجا گێڕەكە بۆ P بگۆڕە، لەترافیك یان وەستانی كاتیدا باشتروایە ئۆتۆمبێلەكان لەگێڕی (N) دابنێین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بیرت نەچێت هاندبرێك ڕابكێشی، چونكە ئەگەر ئاگات لێ نەبێت لەوانەیە ئۆتۆمبێل بۆ پێش یان دوابڕوات، بەڵام ئەگەر ویستت بەتەواتی بوەستی ئەوكات گێڕی (p) بەكاربێنە.

ئەندازیار (دانا كەریم) ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەت لە p وەستاندو جوڵەیەكی كەمی هەبوو بۆ پێش یان دوا ئەوا ئەگەری شكانی ددانی گێڕی هەیە بۆ دووركەوتنەوە لەشكانی گێڕ باشتروایە تەنها لەكاتی پێویستدا گێڕ بگۆڕیت نەك هەندێك شوفێر لەوەستانی ترافیكدا لە (D) یەوە دەیبات بۆ (P) بەسەر گێڕی (N و R) دا تێپەڕدەبێت، كە ئەوەش زیانی بۆ دانەكانی گێڕ هەیە.

Back to top button