کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئاڵنگارێکان

مسعود حیدر

حوکمڕانی کورد لە باشووری کوردستان زادەی ویست و ئیرادەی گەلی کوردستان و سەرکردەکانی بوو لە قۆناغێکی سەخت و پڕ لە ململانێ و بەرگری بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و ئازادکردنی خاکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢. ئاڵنگارێکان لەو کاتەوە ھەبووە؛ لەسەر ئاستی ناوخۆ، کورد ئەزموونی حوکمڕانی نەبوو وە سیستمی کارگێڕی دەوڵەتی عێراقی وەکو میرات بۆ ماوەیەو بە قۆناغ بەندی ململانێ سیاسێکانی ناوخۆ رەنگدانەوەی گەورەی دروستکرد لەسەر دام و دەزگاکانی حکومەت و دەسەڵاتەکانی تر بە تایبەتی لە قۆناغی دروستبوونی دوو ئیدارەیی، لەسەر ئاستی دەرەوەش ھەرێمی کوردستان ھەمیشە لە ژێر ھەڕەشەی رژێمی پێشووی بەغداد بوو وە دوو ئابڵۆقەی ئابووری لەسەر بوو یەکێک لەلایەن بەغداد و ئەوی تر لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ھەموو ئەمانە کاریگەری راستەوخۆی ھەبووە لەسەر حوکمڕانی کوردی، جگە لەمانەش ئەحزابی کوردی تێڕوانینێکی ھاوبەشی درێژخایەنیان نەبووە بۆ ھەرێمی کوردستان جگە لە پاراستنی ئەو کیانە سیاسی و جوگرافیایەی کە ھەبووە. لە پاش ساڵی ٢٠٠٥ حکومەتی یەک ئیدارەیی ھەرێمی کوردستان تاوەکو ٢٠١٩ ھەوڵی چاکسازی و ریفۆرمی داوەو بە دوو قۆناغی گرنگ تێپەڕیوە؛ قۆناغی یەکەم گەشەی ئابووری و بوژانەوەو سەقامگیری، قۆناغی دووەم پاراستنی کیانی فیدراڵی ھەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی ھەموو ئەو ئابلۆقانەی لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەبووە.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان درێژە پێدەرو تەواوکاری ئیشوکاری کابینەکانی پێشوو دەبێت بە ئیرادەیەکی بەھێزو روئیایەکی نوێ بۆ حوکمڕانی کورد لەلایەن سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ھەرێمەوە کە لە ھێڵە گشتێکانی کارنامەی حکومەت جێگیرکراوە. لەگەڵ ئاڵنگارێکان ھەلی زۆر باشیش ھەیە بۆ کابینەی نۆیەم بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی، گرنگترین ئاڵنگاری ئەمانەی لای خوارەوەیە کە ئاماژەمان پێ کردوون؛

#یەکەم: گەورەترین ئاڵنگاری لە پێش کابینەی نۆیەم دروستکردنی ئاستەنگە بۆ جێبەجێکردنی یاسا بە ھۆکاری سیاسی لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، بێ سەروەری یاسا پرۆسەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وەکو پێویست جێبەجێ نابێت. بۆیە دەبێت حزبەکان ( حکومەت و ئۆپۆزسیۆن) ئاستەنگی سیاسی دروست نەکەن و ئازاری ریفۆرم و چاکسازی قبوڵ بکەن و بەرژەوەندی نیشتمانی رەچاو بکەن.
#دووەم: ئاڵنگاری ئابووری یەکێکی ترە لە ئاڵنگارێکان و دوو ئاراستەی ھەیە، لەسەر ئاستی ناوخۆ ، کەم کردنەوەی خەرجی و زیادکردنی سەرچاوەکانی داھاتە نا نەوتێکانە کە پێویستی بە بوژانەوەی کەرتە جیاوازەکانی ئابووری ھەیە، لەلایەکی ترەوە رێککەوتنی ئابووریە لەگەل بەغداد لەسەر ھەموو ئەو دۆسێیانەی بە کراوەیی ماوەتەوەو دەکرێت ببێتە یەکێک لە ھۆکارەکانی بوژانەوەی ئابووری ھەرێم.
#سێیەم: کارکردن لەسەر کەمکردنەوەی کێشەی نیشتەجێبوون ئاڵنگاریەو و لەھەمان کاتیشدا ھەلێکی زۆر باشە بۆ رەخساندنی ھەلی کارو بوژانەوەی کەرتی تایبەت.
#چوارەم: درووستکردن و بونیادنانی تاک زۆربەری سێکتەرەکانی حکومەت دەگرێتەوە و کارێکی لە ڕادەبەدەر قورسە، پەروەردەو فێرکردن بۆ پێگەیاندنی تاک، لە ھەمان کاتدا پەرەپێدانی مرۆیی لە گشت دامودەزگاکانی حکومەت پێویستەو ئاڵنگاریە بۆ داھاتوو.
#پینجەم: ئاڵنگاری کارگێڕی ھیچ کەمتر نییە لە دارایی و پێکەوە گرێدراون و ئەم دوو بابەتە رەھەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەورەیان ھەیەو پلانی دوورمەودای پێویستە و دەبێ بە قۆناغبەندی درێژخایەن جێبەجێ بکرێت.

#شەشەم: فاکتەری سیاسی ناوخۆی عێراق و ململانێ ئقلیمی و نێودەوڵەتێکان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق .

بونیادنان بە پەروەردە و فێرکردن دەستپێدەکات، بە پێ ی راپۆرتەکانی سندوقی دراوی نێودەولەتی ( IMF ) ئاستی پەروەردە و فێرکردن لە عێراق خراپترینە بەراورد بە ووڵاتانی ناوچەکە، دەبێ بایەخ بە بونیادنانی تاک بدرێت لە رێگەی پەروەردەو زانستەوە، لە ھەمان کاتدا پێویستە بایەخی زیاتر بە ئابوری بدرێت و کەمتر بە سیاسەت لەسەر ئاستی ناوخۆ. پێویستمان بە پێداچوونەوەیە بە بەرنامەی خوێندن لە زانکۆکانمان و ئەپدەیت کردنیان، پێویستمان بە زیادکردنی رێژەی سەوزایی ھەیە لە ووڵاتەکەمان تاکی کورد ژینگە دۆست بکەین. لەگەڵ ئەو دیموکراسیەی ھەمانە پێویستمان بە سستمێکە گونجاو بێت لەگەڵ بارودۆخی ناوخۆیی و بارودۆخی ناوچەکە، سستەمەکە ببێتە مایەی گەشەسەن دن لە گشت بوارەکاندا و دەستێکی پۆڵاینی ھەبێت بۆ چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
بێگومان ئیشوکاری حکومەت لە سێکتەرە جیاوازەکانی تەندروستی وخزمەتگوزارێ پێویستێکانی ژیانی رۆژانەی ھاووڵاتیان و رێگاوبان .. ھتد ھەموو پێویستیان بە پەرەپێدان و باشترکردن ھەیەو و لەکارنامەی حکومەتی ھەرێم ئاماژە بە ھێلە گشتێکان کراوە.

چاکسازی و ریفۆرمی کارگێڕی و دارایی پرۆسەیەکی فرە ڕەھەندە و پێویستە بکرێت بە سێ قۆناغ: کورت مەودا و مامناوەندە و دوور مەودا. پێوەری حکومەتی سەرکەوتوو دوو بنەمایە؛ ئابوریەکی گەشەسەندوو لەگەڵ سەقامگیری ئەمن و ئاسایش. سەرەرای ئاڵنگارێکان گەشبینم بە کابینەی نۆیەم لە سۆنگەی متمانە بوونم بە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

مسعود حیدر
٢٠١٩/٧/١٣

Back to top button